حوزەیران 21, 2021

زۆرترین بینراو بۆچوون

ناوەندی ڕەوەندی کورد لە دەرەوەدا

ھەورامان عەلی تۆفیق 

 

لەنێو گێژاوی سیاسی و کێشە نێوخۆییەکان، پەرتەوازەکەوتنی هێز و تواناکانی دیاسپۆرای کورد، پێشهاتە نەخوازراوەکان و گۆڕانکاریە سیاسیەکان و بەرژەوەندیە ئابوریەکانی جیهان، ئەوەمان پێ دەڵێن ئێمەی کوردستانیانی تاراوگە دەبێ کار لەسەر دروستکردنی یەکماڵی و یەکهێزی و یەکدەنگی بکەین، دوور لە ئایدیۆلۆژیا و ئایین و ناوچەگەری، بەڵکو بە ناسنامەی نەتەوەیی و کوردبوون، لە کاتێکا خاک و ئاڵا و کوردبوون پێکەوەمان دەبەستێتەوە، بەم شێوەیە دەگەینە سەرەتایەکی دروست بۆ هەنگاونان بەرەو ئامانجە نەتەوەییەکان.
ناوەندی ڕەوەندی کورد لە دەرەوە وەک پڕۆژەیەکی گشتگیری جیاواز لە هەنگاوەکانی پێش خۆی، دەیەوێ سنوورەکان و ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان تێپەڕێنێ، بە ئاراستەی یەکبوون و یەکهێزیی کوردی کاریگەر لە دیاسپۆرا، بە ئاراستەی دروستکردنی هیوایەک بۆ نەوەکانی داهاتوو.
وەک هێزێکی دەنگدەری کاریگەرو خاوەن پێگە و سەرچاوەی دارایێکی بەهێزو لەسەرپێدانانی دامەزراوەیەکی کاراو دروستی جەماوەریانە لە دیاسپۆرای کورد، بە ئاراستەی لۆبی بۆ دیاسپۆرای کوردستانی گەورە لە دەرەوە.
لەو ماوە کورتەی دەست بەکاربوونی ناوەندی ڕەوەندی کورد لەدەرەوە، زۆر هەنگاوی جدی نراون و کاری دیارو بەرچاو ئەنجامدراوە سەڕەڕای بوونی ئەو پاندیمەی دونیای شێواندووەو بەشێکی زۆر لەژیانی ئاسایی خەڵکی وەستاندوە، بەڵام ئەوە نەبووە ڕێگر لە بەردەم کارەکانی ناوەند، بەڵکو بووە هێزێک بۆ چالاک بوون
و ئەنجامدانی کاری جدی. یەکەم هەنگاو هاوتەریب لەگەڵ دامەزراندنی ناوەندەکان زیاتر لە ١١ وڵاتی ئەوروپی و ڕووسیا، کار لەسەر ئەو بەشە گرنگەی کاری دیاسپۆرا کراوە ئەویش زمانە، چونکە زمان بەشێکی گرنگە لە هێشتنەوەی نەتەوەکان بەزیندویی، بۆیە کار لەسەر کردنەوەی چەندین خولی فێربوونی زمان کرا بە کرمانجی و بەپیتی لاتنی و سۆرانی بە پیتی کوردی -عەرەبی، تامناڵانی کورد لە دیاسپۆرا فێری زمانی شیرینی کوردی ببن، ئەم هەنگاوەش سنورەکانی تێپەڕاند و لەسەرانسەری جیهان مناڵانی کوردی لەیەک پۆلدا بۆ فێربوونی زمان کۆ کردەوە. سەرەڕای کارو چالاکیە فکری و ڕۆشبیری و جەماوەریەکانی دی و پەیوەندیکردنی بەردەوام لە کۆکردنەوەی تەواوی تواناکان .
کەواتە پێکەوەبوون لە دەرەوەی ئاین و جیاوازیەکانی و وابەستە بوونمان بە پارتایەتی و ئایدیۆلۆژیاوە، نابنەڕێگر لەئەرک و کارەکاندا، هەرچەندە تایبەتمەندیەکانی کوردانی پارچەکانی دی کوردستان ئەویش بۆخۆیی هێزێکی تری ئەم کارو پڕۆژانەن. لە دەرەنجامدا ئەوە ڕوندەبێتەوە دیاسپۆرای کوردستانی لە دەرەوە،
هێزو تواناو کاریگەری هیچی کەمتر نییە لە دیاسپۆرای وڵاتانی تر، تا ئەو ئاستەی تاکی کورد لە دەرەوە خاون ئەزموون و پێگەی خۆیەتی و لە ئاست ئەرکەکانی خۆیدا سەرکەوتووە و لە پیشەکەیدا دیارو بەرچاوە لەهەر ئاستێکدابێت، تەنها ئەوەی نەبووە کۆکردنەوەی ئەو هێزو سەرمایە مرۆییە کوردستانیە لە چوارچێوەیەکی ڕێکخراوی و سیستەماتیکدا، تا لە بەرنامەیەکی ستراتیژیدا کاربکرێت بۆ خزمەت بۆ بەرژەوەندی و ئاواتەکانی گەلی کوردستان .
ئەم هەنگاوەش پێویستی بە پشتوانی کوردانی دیاسپۆرایە، تا کارەکان بەو شێوازە بەرەوپێش بچن کە ساڵانێکە هیوای بۆدەخوازین و هەریەک لەئاستی خۆیی بەنەبوونی لەم شێوە پڕۆژانە گلەیی هەبووە، ئێستەش ئەم پڕۆژەیە لەدایک بووە و پێویستە هەموومان لە دەوری کۆ ببینەوە.

© 2017 Hawler