حوزەیران 21, 2021

زۆرترین بینراو بۆچوون

لەیلا قاسم، نمونەی باڵای تێکۆشانمان


د.ڤیان سلێمان

لە ڕێڕەوی خەباتی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، شۆڕشگێڕ و تێکۆشەرانێکی زۆر ناویان لە لاپەڕەکانی مێژوودا تۆمار کراوە و ژیان و ئەزمونیان نمونە بووە بۆ سەدان و هەزارانی تر کە ڕێگەی تێکۆشانیان هەڵبژاردووە و خۆیان فیدای ڕزگاری نیشتمان کردووە، بەڵام وەک دەزانین سەرەڕای ئەوەی؛ بەدرێژایی مێژووی ئەو بزاڤە نەتەوەییە ئازادیخوازە ئافرەتان کۆڵەکە و ستونی سەرەکی بەردەوامی و سەرکەوتن بوون، بەڵام لەبەر باڵادەستی هزری پیاوسالاری و ڕوانین لە ئەرکی شۆڕشگێڕی و بەرخودان لە ڕوانگەی جێندەرییەوە وەک ئەرکێکی پیاوانە و لەو چوارچێوەیەشدا کەمی دەرفەت لەبەردەم دەرکەوتن و هەڵکەوتنی سمبولی ئافرەت وەک شۆڕشگێڕ و تێکۆشەر و ژیانفیدای خاک، دەگمەنن ئەو ئافرەتانەی کە لەو گۆڕەپانەدا هەڵکەوتوون و دەگمەنن ئەو بزاڤانەش کە وەها دەرفەتێکیان بۆ دەرکەوتن و بەسمبولبوونی ئافرەت ڕەخساندووە. لێرەدا و لە کاتێکدا پێویستە یاد و ئەزموونی لەیلا بەرز و بەشکۆ رابگرین، لەهەمانکات دەبێت شانازی بکەین بەوەی کە لەسەر ڕێبازێکین ڕێبازی پیرۆزی پارتی و بارزانییە، هەر لە سەرەتاوە پێشەنگ بووە لە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ تێکۆشانی ئافرەت و بەسمبولبوونی لە بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەییماندا.
لێرەدا باس لە ئەزموونی ئایکۆنی درەوشاوەی شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان شەهید لەیلا قاسم و تێکۆشانی ئەو لە قۆناخێکدا دەکەین، کە گەلی کوردستان لەباری سیاسییەوە لەژێر چەپۆکی داگیرکاری دیکتاتۆرترین دەسەڵاتی سەردەم و لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە هاوشێوەی ناوچەکە لێوانلێو بووە لە ڕوانینی پیاوسالاری و هزری نەریتی کە دەرکەوتن و هەڵکەوتنی ئافرەت تەنانەت لە بواری مەدەنی و پیشەییشدا جێی سەرنج و تێبینی بووە، ئەوە لە فەزای سیاسی و تێکۆشانی سەختی نەتەوەیی بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆر و خوێنڕێژ و نەژاد جیاوازە ئەوپەڕی ڕێگەپێنەدراو بەڵکو تا ڕادەیەک تابۆ بووە.
لەیلا قاسم، ئەو تێکۆشەرەبوو، کە چەمکە مۆنۆپۆڵکراوەکان و هاوکێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی لە بەرژەوەندی ڕەگەزی مێ پێچەوانە کردەوە، ئەو بە نەبەردی و ئازایەتی و ملکەچنەکردن بۆ زۆرداری دەسەڵاتی داگیرکەر و پێداگری لە بیروباوەڕی کوردایەتی و ڕێبازی پیرۆز، سەلماندی ئەوەی بە پیاو دەکرێت، ئافرەتیش دەتوانێت جێبەجیی بکات، بەڵکو دەتوانێ سەرمەشقی ئەو تێکۆشانەبێت، زیاتر و دیارتر و جیاوازتریش ئەو ڕۆڵە بەرجەستە بکات. ئەو سەلماندی کە چەمکەکانی ئازایی و نەبەردی و بەهێزی و شۆڕشگێڕی چەمکی جێندەری نین و تایبەتمەندی هەردوو توخمی مرۆڤن بەبێ جیاوازی.
دەسەڵاتی دیکتاتۆر لەیلا قاسمی لەسێدارە دا، بەڵام وەک لەیلا خۆی بە جەلادەکانی گوت: "بەکوشتنی من هەزاران کورد هۆشیار دەبنەوە و زۆر خۆشحاڵم کە ژیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستان دەکەم". هەرواشبوو لەیلا لەکاتی خۆیدا بوو بەهۆی جۆشدانەوەی خەبات و هێمای خەباتی نەتەوەیی و هەزاران لە کچانی کوردستانی بەناوکرا و بوو بە بەشێک لە ئەدەبیاتی بەرگری و هەڵبەستی شاعیر و ئاوازی هونەرمەندان و تا ئیستاش چەندین قوتابخانە و شوێنی گشتی بەناوی ناسراوە و هەموو ساڵێکیش یادی بەرتر ڕادەگیرێت.
لەیلا قاسم بۆ ئێمە سمبولە و ئەزمونی ژیان و تێکۆشان و مەرگی شکۆدار و شەهادەتی پیرۆزی تێشووی خەبات و مەشخەڵی ڕووناککردنەوەی ڕێی تێکۆشانمانە. هەموو سات و ساڵێ بەڕێز و شکۆوە یادی دەکەینەوە و تا گەیشتن بە ئازادی و سەرفرازی یەکجاری.

© 2017 Hawler