ئایار 07, 2021

حەمەسەعید حەسەن

 

دەشێت نووسەر خۆی گێڕەرەوە بێت، یان پشت بە گێڕەرەوەی هەمووشتزان ببەستێت، یـــان چەند کارەکتەرێک چیرۆکەکە بگێڕێنەوە، بەڵام هەمیشـــە گێڕەرەوەیەکی بزریش هەیە کـــە خوێنەرە و وەک خەیاڵی بڕ دەکات، وەها کۆتایی بە ڕووداوەکان دەهێنێت. وەک چۆن گێڕانەوە هەیە، گێڕانەوەی چەواشـــەیش هەیە، گێڕانەوەی چەواشە ئەوەیە، ناوبەناو نووســـەر ئەوە بیری خوێنەر دەخاتەوە، ئەوەی دەیخوێنێتەوە، ڕووی نەداوە، زادەی خەیاڵە. ئەوە ڕاســـت نییە کە دەڵێن: ئەم ســـەردەمە ســـەردەمی ڕۆمانە، نا، ســـەردەم هەر سەردەمی ڕۆمان نییە، ئاخر چیرۆکی کورتیش ژانرێکی گرنگە، ئەگەرنا دوای دەیـــان ســـاڵ لـــە پەیدابوونی ڕۆمان ســـەری هەڵنەدەدا، ئـــەوە نییە چیرۆکی کورت هەیە، ســـەد ســـاڵ تەمەن دەکات، وەک (خاتوو فیفی)ی موپاسان و (مەرگی
فەرمانبەرێک)ی چیخۆڤ.
دەتوانین لەڕێی بینینی کورسێکەوە بە هونەری نووسینی چیرۆک ئاشنا ببین، بەڵام نووســـینی چیرۆکێک ژیانی لێ بچۆڕێت، لەوە یٔەســـتەمترە بە ۆرکشـــۆپ و کۆرس فێری ببین. هەنریش هاینە دەیگوت: (خۆشەویســـتیی شێتانە قسەیەکی پووچە، ئاخر خۆشەویستی یان نییە، یان کە هەبوو، شێتانەیە.) لە گەلێک ڕۆماندا پیاوی بەتەمەن، دەکەوێتـــە داوی ئەڤینی کیژی گەنجـــەوە، وەک لە (لۆلیتا)ی (نابۆکۆڤ) و (یادگەی چێژفرۆشـــە خەمناکەکان)ی (مارکیز) و (ماڵی جوانکیلە خەواڵووەکان)ی (یاسۆناری کاواباتا)دا ڕوو دەدات، بەڵام ئەو ڕۆمانانە ســـێ دونیای جیاوازن، هەرچەندە لە دەوری یەک بابەت دەخولێنەوە. ئەوە بۆیە بۆ ئەوەی ڕۆمانێک دابهێنین، هەڵگرتنی شوێنپێی ڕۆماننووسێکی دیکە بە هانامانەوە نایەت، ئاخر هەر ڕۆمانە و نەخشەڕێگا و چنینی و
دونیای تایبەت بە خۆی هەیە.
وەک چـــۆن ئەدەبێک هەیە خەون بە داهاتوویەکی گەشـــەوە دەبینێت، ئەدەبێکیش هەیە، داهاتوو ئەوەندە تاریک وێنە دەکێشـــێت، هیچ تروسکەیەکی تێدا بەدی ناکرێت. ڕەنگـــە زەقترین نموونەی یٔەدەبی دیســـتۆپیا، ڕۆمانی (1984)ی جۆرج یٔۆرێڵ بێت. یٔەدەبی ســـەر بە دیســـتۆپیا، هەرگیز مژدەیەکی خۆشی پێ نییە، هەمیشە (نوقڵانە) بۆ زاڵبوونی زوڵم و ڕوودانی جەنگ و بڵاوبوونەوەی پەتا لێ دەدات. یۆتۆپیا و دیســـتۆپیا دوو دونیای تەواو جیاوازن، ئەمیان پێشـــبینی دواڕۆژێکی گەش دەکات و ئەویـــان داهاتوویەکـــی ڕەش. لە یۆتۆپیای تۆماس مـــۆردا، دادپەروەری و ئازادی و یەکسانی سەروەر دەبن و لە دیستۆپیای جۆرج یٔۆرێڵدا، گەندەڵکاری و بیرۆکراتیزم
و ستەم زاڵ دەبن.
(لێکدانـــەوەی واقیع گرنگ نییـــە، گۆڕینی واقیع گرنگە.) ئـــەوە یەکێکە لە گوتە ناودارەکانی مارکس، کەچی لە پارمێندێس وایە، دونیا ئەوەیە کە هەیە، ملکەچی یاسای گۆڕان نییە و بەرەو لەناوچوونێکی حەتمی بەڕێوەیە، بەڵام هیراکلیتیس دەیگوت: (هیچ شتێک جێگیر نییە، گۆڕان نەبێت.) وەک چۆن یەکێک لە ئەرکەکانی فەلسەفە ئەوەیە، گۆڕان بەدی بهێنێت، ئەدەبیش بە گشـــتی و گێڕانەوە بە تایبەتی، دەتوانێت ڕۆڵێکی کاربـــڕ لە بەدیهێنانی گۆڕاندا ببینێت. دیســـتۆپیا مۆتەکەیە، ئەوە ئەرکی ئەدەبە، ئەو مۆتەکەیە بگۆڕێت بـــە خەونێکی خۆش کە مرۆڤایەتی تێیدا هاوبەش بێت، وەک چۆن ئەگەر پەتایەک بڵاو ببێتەوە، بەرەو ڕووی هەموو مرۆڤایەتی دەبێتەوە

© 2017 Hawler