ئایار 07, 2021

مەشخەڵ كەوڵۆسی

ئەمجارە قسەكانم بۆ ئەكادیمییەكان و ئەو توێژە دەنوسم كەلە ئەتەكێت و پرۆتۆكۆل و بنەماكانی "مامەڵەی ھاوشان" لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا تێدەگەن.
بێگومان ئەو توێژەش زۆرن و دەتوانین پێكەوە تاوتوێی گرێی نێو ئەم وتارە كورتە بكەین، ئەگەر پێویست بوو، ئەگەرچی پێم وایە پرس و پنتەكان ئەوەندە ڕوونن، تەنها بیرخستنەوەیان دەوێت نەك تاوتوێكردن، چونكە ئەو خاڵانەی ئاماژەمان پێدان لەڕووی واقیعی و ئەكادیمییەوە قاڵبی خۆیان وەرگرتووەو، پێویست ناكات زۆر خۆمانیان پێوە سەرقاڵ بكەین وەك ئەوەی ھەوڵی سەلماندنیان بدەین.
لەم گۆشە نیگایەوە دەڵێم: ئێمە لەبەردەم سێكوچكەی (زەریف، بارزانی،ھەولێر)داین.
ئەم سێكوچكەیە لەڕووی سیاقات و چوارچێوە تیۆرییەكانی ھونەر و زانستەكانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانەوە، كەمێك بە قورسی شیدەكرێتەوە.
چونكە ئێمە پڕنسیپێكمان ھەیە لە پەیوەندی دیپلۆماتیدا، كەپێی دەگوترێت " مامەڵەی ھاوشان" واتە: وەزیری دەرەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوە، سەرۆككۆمار لەگەڵ سەرۆككۆمار، ...ھتد، بەو شێوەیە دۆسیەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان ئیدارە دەدرێن، مەگەر لەحاڵەتی دەگمەن وەك ئەوەی ئیستا لەكوردستان دەی بینین، ئەگینا كەمترین جار شارەزا گەورەكانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەو پرنسیپانە لادەدەن كە وەك تیۆریش لەزانكۆكان دەخوێندرێن. پرسیارەكە بۆ ھەرێمی كوردستان وردتر دەكەینەوە، چونكە ھاوكێشەی (زەریف، بارزانی، ھەولێر) تایبەتمەندی تەواوی ھەیە و بەھەموو شێوەیەك توانیویەتی ئەو پڕنسیپە بگۆڕێت و تیۆرەكان ملكەچ بكەن بۆ ھێزی ئەوەی لەواقیعدا ھەیە و كاریگەرە.
مەبەستەكە ڕوونتر دەكەمەوەو بەدەڵێم: ھەرێمی كوردستان دەوڵەتی سەربەخۆنیە، كەچی زەریف ئامادەیە چاو لەو ڕاستییەو لەو پڕنسیپە بپۆشێت و سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ لایەنە فەرمییەكانی ھەرێمدا دابنیشێت، لەكاتێكدا كە ھەرێمی كوردستان (بكەری نێودەوڵەتی) نیە.
ھەرێمی كوردستان وەزیری دەرەوەی نیە! ئۆكەی ئەوەی دەگوترێت ھەولێر بەشێكی دەستورییە لەئیراق، مامەڵەكردنی ئەوانیش لەسەر بنەمای ئەو ڕاستییە دەستورییەیە، بەڵام ئەم ئاڵۆزییە بەوەندەش چارەسەر ناكرێت، چونكە "محەمەد جەواد زەریف" ھیچ سەردانێكی ھەولێر ناكات ئەگەر دیداری نەبێت لەگەڵ "بارزانی".
پرسیارەكە ئەوەیە: چ ھەژمون و بەھاو قورسایی و سەنگێكە وادەكات زەریف ھەموو ڕیساكان فەرامۆش بكات لەپێناوی ئەوەی چاوی بە "بارزانی" بكەوێت؟ ئەو دیدارەش لەناو ئەجێندای فەرمی سەردانەكەیدا بۆ ئێراق و ھەرێم ھەر لەتارانەوە و پێش فڕینی فڕۆكەكەی دانراوەو ڕێككەوتنی لەسەركراوە؟.
ئایا ئەو پێداگری لەسەر دیداری بارزانی بەھەموو پێوەرێك داناننان نیە بە پێگەو ڕۆڵ و قورسایی بارزانیدا؟ بێگومان بەڵێ.
ئیدی لێرەوە پرسیارەكان وردتر دەبنەوە: ئەگەر دەوڵەتێكی زلهێز بەو جۆرە لەپێگەی بارزانی بێتە پێشەوەو دەستوپەنجەی لەگەڵ نەرم بكات و، سەرۆكی دیپلۆماسیەتی وڵاتەكەی بنێرێتە بەردەمی، بۆچی ئەبێت لەناوخۆی كوردستاندا ماركێتینی بۆ نەكرێت؟ یان بۆچی ئەبێت ھەندێ لایەن و حیزب و كەسایەتی، نەیانەوێ ئەو ڕاستییە وەك ھەیە ببینن.
لەكاتێكدا نەك تەنها ئێران، بەڵكو تەواوی شاندە فەرمییەكان كەدێنە ھەولێر، بێ دیداری بارزانی
ئەستەمە بگەڕێنەوە!.
لەم سۆنگەیەوە، پێویستە كورد ئەو نەخۆشینە درێژخایەنە لاوەبنێت و بۆیەكجاریش بێت لەمێژوودا، چاو لە ھەندێ ناكۆكی لاوەكی بنوقێنێت و پێگەی بارزانی قبوڵ بكات. چونكە ھەمیشە قبوڵنەكردنی یەكتری، دەرفەتەكانی لەدەستی كورد دەركردووە.

لەم گۆشەنیگایەوە، پێم وایە ئەم ڕستەیە كۆتایی بە بەشێكی زۆر لە كێشە سیاسیەكانی كوردستان دێنێت" پێگەی بارزانی لەدەرەوەی ململانێكان قبوڵ بكرێت" ململانێ سیاسییەكانی نێوان حیزبەكان، پێگەی بارزانی نەگرێتەوە.
ئەو دەم ئێمەش لانی كەم وەك دراوسێكان بەشێوە واقیعیەكەی مامەڵەمان لەگەڵ ڕاستییەك كردووە كەپێی دەگوترێت "پێگەی بارزانی" ئەگەر دراوسێكان ئامادەبن پڕنسیپە دیپلۆماتییەكان لەپێناوی مامەڵەكردن لەگەڵ پێگەی بارزانی لاوە بنێن، دەی با كورد خۆیشی ئامادەبێت نەخۆشینە دەرونییەكان و كۆنەقین لاوەبنیت و مامەڵە لەگەل پیگەی بارزانی لەدەرەوەی ھەموو ململانێكانەوە بكات

© 2017 Hawler