ئایار 07, 2021

عومەر چنگیانی

 

بەشی یەكەم
چونکە بابەتەکانی خواپەرستی(عبادة) چەسپیو و نەگۆڕ(ثوابت)ن، گوتنەوە و دووپات کردنەوەیان دەچێتە بازنەی بیرهێنانەوەی بەردەوام، کە ئەوەیش خواستێکی ئایینییە، هەربۆیە پشتیوان بەخوا، ئەم گوڵخەرمانەی ئیمڕۆ، تەرخان دەكەم بۆ باسكردن لە هەندێك لایەنی مانگە پیرۆزەکەی ڕەمەزان(١).
پێناسەی ڕۆژوو/ ڕۆژوو یاخود رۆژی یان رۆژگ، واتە خۆگرتنەوە لەو شتانەی دەبنە هۆی شكاندنی ڕۆژوو، لە بەیانیەوە تا ئێوارە؛ ڕۆژوو، لە دووهەم رۆژی مانگی شەعبانی ساڵی دووهەمی كۆچیدا، لەسەر بڕوادارانی شوێنكەوتەی محەمەد ـ دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت ـ پێویست كرا و لەبەرا بە سێ قۆناغدا تێپەڕی:
یەكەم/ سەرەتا ڕۆژوو بە پێی ویستی بڕوادار بوو، بەمانا، هەركەس سەرپشك بوو ڕۆژوو بگرێ یاخود قەرەبووەکەی واتە فیدیەکەی بدات؛ قورئان لە سەدوهەشتاوچوارەمین ئایەتی سورەتی "بەقەرە"دا دەفەرمێت: "ئەوانەی دەتوانن بەڕۆژوو ببن و پێ نابن بۆیان هەیە بۆ هەر رۆژێك بۆ ژەمێك هەژارێك تێر بكەن."
دووەم/ لە قۆناغی دووهەمدا بەپێویست گێڕرا لەسەر هەربڕوادارێك، كە توانای ڕۆژووگرتنی هەبێت، بێجگە لە نەخۆش و كەسێك كە لە سەفەردا بێت، كە بەڕۆژوو ببێت، بەڵام ئەو دووانە ـ نەخۆش و كەسێكی سەفەری ـ دوای ڕەمەزان دەبێ ڕۆژووەكەیان بگرنەوە قورئان لە سەدوهەشتاوپێنجەمین ئایەتی سوورەتی "بەقەرە"دا دەفەرمێت: "ئەو بڕوادارەی مانگی ڕەمەزانی بەسەردا هات، دەبێ بەڕۆژوو ببێت، بەڵام گەرهاتو كەسێك نەخۆش بوو، یان لە سەفەردا بوو، با دوای ڕەمەزان لەكاتێكی دیكەدا بیگرێتەوە."
سێیەم/ لە دوو قۆناغەكەی پێشوودا، هەر ڕۆژگەوانێك دوای بەربانگكردنەوە و خواردنی شیو (نانی ئێوارە) ئیتر كە دەخەوت، بۆی نەبوو بە شەودا هیچ بخوا و هیچ بخواتەوە و ژن و مێرد نەدەبوو نزیكی یەكتر ببنەوە و سەرجێیی بكەن، بەڵام لەم قۆناغەدا ئەوەیش گۆڕرا و لە بانگی ئێوارەوە تا بانگی بەیانی، خواردن و خواردنەوە و سەرجێیی ئازاد کرا و ئیتر ئەمە دوا قۆناغ بوو، قورئان لە سەدوهەشتاوحەوتەمین ئایەتی سورەتی "بەقەرە"دا دەفەرمێت: "لە شەوانی ڕەمەزاندا بۆ ئێوە حەڵاڵكراوە و رێگەی ئەوەتان پێ دراوە، كە پیاو و ژنی پێك حەڵاڵ سەرجێیی بكەن... تا دەگاتە ئەوەی دەفەرمێت "شەوان بخۆن و بخۆنەوە، تا دەگاتە بەیانی." بەم شێوە تێدەگەین، كە گرتنی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان ئەركێكی شەرعی و داوایەكی خواییە لە هەر بڕوادارێك و هەركەس بڕوای پێی نەبێت، پێی ناگوترێت بڕوادار.
مەرجی پێویستەتیی ڕۆژوو
1/ دەبێ ئەو كەسە بسڵمان بێت و بڕوای بە ڕۆژوو هەبێت، كەوابوو ڕۆژوو پێویست نیە لەسەر كەسێك كە بسڵمان نەبێت.
2/ دەبێ ئەو كەسە لەوانە بێت كە تەكلیفی شەرعی لەسەر بێت و توانای گرتنی هەبێت، بە مانا پێویست ناكات لەسەر منداڵ و شێت. هەروەها بەساڵاچوو و نەخۆشیی درێژخایەن، كە ئەمانە دەتوانن، بۆ هەر رۆژێك، فیدیە بدەن، ئەوەندەی تێركردنی هەژارێك بۆ یەك ژەم.
مەرجی جێبەجێكردن
دەبێ ئەو كەسەی بەڕۆژوو دەبێت، لەبەر بڕوا بەڕۆژوو بێت، هەروەها ئافرەت لەو كاتەدا دەبێ پاك بێت لە سووڕی مانگانە.
پێویستییەكانی ڕۆژوو
1/ پێویستە لەسەر ئەوكەسەی كە بەڕۆژوو دەبێت، لە دڵدا بڕیاری ئەوە بدات، كە سبەینێ بەڕۆژوو دەبێت.
2/ دەبێ ئەوكەسە لەرۆژدا، خۆی بەدوور بگرێت لەو شتانەی، كە دەبنە هۆكاری ڕۆژووشكان، كە ئەمانەیش چوار جۆرن: (أ) هەرشتێك لەڕێگەی دەمەوە بچێتە نێو بۆشایی مرۆڤ و ببێتە هۆكاری پێ ژیانی لاشەی مرۆڤ .(ب) بەزۆرخۆڕشاندنەوە، ڕۆژوو بەتاڵ دەكاتەوە. (ج) بە زۆر و بە دەست دامرکاندنەوەی ئاڵۆش (خۆڕەحەتكردن)، ئافرەت بێ و پیاو بێ، دەبێتە هۆی شكانی ڕۆژوو، بەڵام ئەگەر هەر بە تەماشاكردنی نامەحرەم، یان بەخەیاڵکردن، ئارەزوو شكا، ئەوە ڕۆژوووەكە ناشكێنێ و بەتاڵی ناكاتەوە، بەتەنها هەر خۆشۆردنی دەوێت و بەس. (د) سەرجێیكردنی ژن و مێرد، لە كاتی ڕۆژوودا حەرامە و دەبێتە هۆی بەتاڵكردنەوەی ڕۆژووەكە و دەبێ هەریەك لەو دوانە، دوای ڕەمەزان، یان شەست رۆژ بەڕۆژوو ببێت زیاد لە ڕەمەزان، یان شەست هەژار بۆ ژەمێك تێر بكات، یان هەریەكەیان بەندەیەك لە كۆیلایەتی ڕزگار بكات.
جۆرەكانی ڕۆژووشكان لە ڕەمەزاندا
یەكەم/ ئەو خانمانەی لەكاتی رۆژی ڕەمەزاندا دەكەونە سووڕی مانگانەوە، یان خوێنی دوای منداڵ بوون، لەوكاتەدا نابێت بەڕۆژووو ببن و دواتر دەیگێڕنەوە لە دوای ڕەمەزان.
دووەم/ نەخۆش لەكاتی نەخۆشیەكەیدا بۆی هەیە بەڕۆژوو نەبێت و دواتر بیگرێتەوە، بەڵام ئەگەر نەخۆشیەكە لەو جۆرانە بوو، كە چاكبوونەوەی زەحمەتە و درێژخایەنە، ڕۆژوو ناگرێت و دواتریش نایگرێتەوە، بە تەنها هەر "فیدیە" ئەدات و بۆ هەر رۆژێك هەژارێك تێر دەكات لە مامناوەندی ترین خواردنی ماڵ و منداڵی خۆی. هەروەها ئەو كەسەی دەكەوێتە نێو سەفەرەوە، بۆی هەیە لە كاتی سەفەرەكەیدا بەڕۆژوو نەبێت و دواتر بیگرێتەوە، بەڵام، دەبێ ئەو ماوەی سەفەرە ئەوەندە بێت، كە نوێژی تێدا كورت دەكرێتەوە و بەر لە نوێژی بەیانی دەرچێت لە ماڵ، بەڵام ئەو ئافرەتەی كە سكی هەیە، یان منداڵەبەرە، بەڵای عەبدوڵڵای كوڕی عومەرەوە – خوایان لێ ڕازی بێت ـ بۆیان هەیە، كە بە تەنها "كەفارەت" بدەن و بەڕۆژوو نەبنەوە، ئەمەش جێگەی ڕاوبۆچوونی لێك جودای زانایانە، بەڵام ئەم بۆچوونە زۆرتر لەگەڵ بەزەیی ئیسڵامدا دەگونجێت.
سێیەم/ وەك پێشتر باسمان كرد، دروستە بۆ پیر و نەخۆشێك، كە هیوای چاكبوونەوەیان نیە، بەڕۆژوو نەبن و دواتر بەتەنها هەر قەرەبوو بدەنەوە.
چوارەم/ ئەو كەسەی بەدەستی ئەنقەست ئاڵۆشی خۆی دامرکێنێتەوە، یان خۆی بڕشێنێتەوە، كە ئەم دەستی ئەنقەست شكاندنە، هەم ڕۆژوو بەتاڵ دەكاتەوە و هەم گوناهی گەورەیشە، جگە لەوەی، كە دواتر دەبێت بیگرنەوە، دەبێ تەوبەیش لەو گوناهە بكەن.
پێنجەم/ جووتبوونی ژنومێرد لە ڕۆژی ڕەمەزان.
شەشەم/ منداڵ و شێت لە كاتی شێتییەكەیدا هیچکامێکیان ڕۆژوویان لەسەر نیە.

© 2017 Hawler