کانونی دووەم 28, 2022

زۆرترین بینراو بۆچوون

Error: No articles to display

دەسەڵاتی ئێران لە داوەكەی خۆیدا

رەسووڵ سوڵتانی

 

دەسەڵاتی ئێران، وەك جۆڵاتەنەیەكی سامناك، جار بە جار تەونی دەسەڵاتەكەی بەرینتر دەكردەوە و وڵاتانی ناوچەكەی دەخستە بن باڵ و سێبەری تەونەكەیەوە. ئیتر كە باس لە سووریا و لوبنان و عێراق و یەمەن دەكرێ، یەكەم شتێك بە زەینی خەڵكدا بێ هێز و دەسەڵاتی ئێرانە لەو سێ وڵاتەدا. ئێران بە كوشتی سەدان هەزار كەسی سووریا، شانی دایە بەر دەسەڵاتە بەلاداكەوتووەكەی ئەسەد و لەسەر حیسابی ژیان و گوزەرانی خەڵكی ئێران و بە نرخی ئاوارەبوونی زیاتر لە دووملیۆن و كوژرانی نزیك بە نیوملیۆن خەڵكی سووریا نەیهێشت بڕووخێ. لەولاشەوە چەكدارە حوسییەكانی یەمەن بە بەشێك لە سامانی خەڵكی ئێران بەخێو دەكرێن. ئیتر حیزبوڵای لوبنان و حەماسی فەلەستینیش كە ساڵانێكە لەسەر پشك و سفرەی خەڵكی ئێران، ئەو نانە چەورە دەخۆن كە لەو سۆنگەیەوە ملیۆنان كەس لە ئێراندا لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین و ژیانی خەڵك لە كارتۆن خەوەوە گەیشتە گۆڕخەو، واتە ئەو كەسانەی بەناچاری لە قەبرە ئامادەكراوەكانی نێو گۆڕستاندا شەوان رۆژ دەكەنەوە. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا خەرج و باجی لەشكرە بێ سەر و بەرەكەی حەشدی شەعبیشی هاتووەتە سەر.
ئێستا هێڵی هەژاری لە ئێران بە پێی ئاماری فەرمیی خۆیان كە زۆریش باوەڕپێكراو نییە و بەشێكی زۆری ڕاستیەكان دەشارێتەوە لە 40% خەریكە تێدەپەڕێ. ئەوە وەزعی وڵاتێكە، كە سەر زەوی و بن زەوییەكەی هەموو پیت و بەرەكەتە، بەڵام ئەو پیت و بەرەكەتە تەنیا بە كۆمەڵێك كەسی نێو بازنەی دەسەڵات بڕدراوە و خەڵكەكەی لێ بێبەش و بێبەری كراوە.
لە لایەكی دیكەوە چل ساڵە بە بیانووی شەرعی و بیانووی دوژمنی گریمانەیی و دەستی دەرەكی و ئیستیكباری جیهانی و سەدان بیانووی لەو چەشنە، هەموو ئازادییەكانی خەڵكی ئێران بە ئازادیی سیاسی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەییەوە سەرلەبەر زەوت كراون. دەسەڵاتێک كە هەر جارنەجارێك ڕەخنە لە ئەمریكا و ئەورووپا دەگرێ كە تێیدا مافی مرۆڤ ڕەچاو ناكەن و پێوەری مافی مرۆڤی ئیسلامیی ئێران ناكەنە بنەمای پێڕاگەیشتن بە مافەكانی مرۆڤ، ئێستا زیندانەكانی پڕن لەو كەسانەی لەسەر دەربڕینی بیروڕای خۆیان، لەسەر دێڕێك نووسین و لەسەر دانانی وێبلاگێكی شەخسی گیراون و ئەشكەنجە دراون و گیانیان لە مەترسی دایە. ڕێژەی بێكارییش لەو وڵاتەدا تەنیا لە نێو دەرچوانی زانكۆكاندا لە 40% ـی تێپەڕاندووە. ئەوە لە حاڵێكدا لە هەندێ پارێزگای ئێراندا بێكاری لە 65%ـیش تێپەڕیوە. سەرەڕای هەموو ئەو دەرد و نەهامەتیانەش رۆژ بە رۆژ نرخی كاڵا و پێداویستییە سەرەكییەكان لەسەر خەڵك گران دەكرێن.
لەو حاڵەتەدا، وەختێك خەڵك دێنە سەرشەقام و داوای نان و كار و ئازادییە زەوتكراوەكانیان دەكەن، بە ئاسن و ئاگر وەڵامیان دەدرێتەوە و كۆماری ئیسلامیی ئێران وەك چۆن خەسڵەتی هەموو سیستەمێكی دیكتاتۆرییە، لەبری ئەوەی ئاوڕێك لەخۆی بداتەوە و بەچاوێكی ڕەخنەییەوە سەیری كردەوەكانی خۆی بكا، دەسبەجێ وڵاتانی دەرەكی تۆمەتبار دەكا و ناڕەزایەتییەكانی خەڵك دەخاتە ئەستۆی وڵاتانی دەرەكی، بەڵام ئەم راپەڕینە، سەرەتای بناغەكانی كۆشكی دەسەڵاتی مەلاكانی لەرزاندووە و تازە خۆی ناگرێتەوە.

© 2017 Hawler