حوزەیران 21, 2021

زۆرترین بینراو بۆچوون

"هەرجارەو ئایەتێك" دوای ئەوەی"ئیبلیس" بڕیاری ركابەریشیدا، خوا لەناوی نەبرد!

عومەر چنگیانی

 

ئەمڕۆ لەم سەد و پێنج هەمینی گوڵخەرمانەم، كە یەكەم دانەی ساڵی 2018 ی زایینیە و چوارەمی زنجیرەی"هەرجارەوئایەتێك"ـە، دەرس و وانەیەكی سەخت دەخەمە بەردەمی بیر و هزری خۆمی بەناو بانگەواز خواز و تۆی وەك من هاوڵاتی و ئەوی دەسەڵاتداری وا پێ خۆش بوو كە دیموكراسی و مرۆڤ ویست و یەكسانی پارێز و نەتەوەیی و نیشتمانپەروەر و ئایین خوازی ڕاستەقینە خۆیەتی و وا خۆی نیشان دەدا، كە ئەوەیش شێوازی دەسەڵاتبەڕێوەبەرانی ئەم ڕۆژهەڵاتەی ئێمەن بە هەموو چین و توێژ و نەتەوە و ئایین و مەزهەبە فرە و لێك جوداكانیانەوە.
وانەیەكە بۆ پاراستنی مافی بەرانبەری نەیار و ڕكابەر، هیوادارم لە خواوە فێری ببین .
بەڕێزان: هەر لە سورەتی "ئەلبەقەرە"وە پێداوەرە كە دووەم سورەتی سەد و چواردە سورەتەكەی قورئانی پڕ لە بەخششە، تا بە هەر جێگایەكی تری نێو قورئان دەگەیت، كاتێ بە ڕاستەو خۆ یان نا ڕاستەوخۆ باس لە ئافراندنی مرۆڤ دەكات و وێنای پڕ لە وانەی ساتەوەختی فەرماندەركردنی خواییمان بۆ ڕوون دەكاتەوە كە چۆن دەبوو سەرجەم فریشتەكان كڕنووش ببەن بۆ ئادەم و لەوكاتەدا "ئیلیس"ی لە چینی فریشتە - وەك هەندێك لە زانایان وای بۆ دەچن - یان ئەوی لە چینی جنۆكە - وەك هەندێكی تر لە زانایان دەیڵێن -، بە پاساوی ئەوەی كە ئەوی لە ئاور دروست بوو باشترە لە ئادەمی لە خاك دروستكراو، كە ئەم تێگەیشتنەی لەسەر بنەمای خۆ بە چاكتر زانین، سەرپێچی پێ كرد و بڕیاریشی دا هێندەی لەتوانایدا بێت دژایەتی ئەم بوونەوەرە نوێە "ئادەم"و نەوەكانیشی بكات، كە ئەمەیش لە دەرەنجامی ئێرەیی و بە بیرو هزری خۆ و لە خۆ ڕازی بوونی بێ سنوور هاتە پێشەوە، جا وەك ئایەتەكان بۆمانی ڕوون دەكەنەوە، بە هیچ شێوەیەك ئەو ئیبلیسە ئەوەی نەشاردەوە كە بڵی . چونكە پەروەرین ڕێزی زیاتری بۆ ئادەم داناوە و، ئەم بەو ڕێزە شایانترە، هەرچی لەتوانایدا بێت بۆ نەیارێتی دەیكا و ئەنجامی دەدات ".
فەرموون با پێكەوە بچینە خزمەت ئایەتەكانی یانزە تا هەژدەی سورەتی"ئەلئەعراف" كە خوای گەورە ڕووی گوتاری دەكاتە ئێمەی مرۆڤ و دەفەرمێت: "بەڕاستی ئێوەمان ئافراندان و وێنامان كێشان و پاشان بە فریشتەكانمان گوت هەمووتان كڕنووش ببەن بۆ ئادەم . هەر هەموویان كڕنووشیان برد ئیبلیس نەبێت كە یەكێك نەبوو لە كڕنووش بەرەكان * خوا لێپرسی ڕێگر چی بوو لەبەردەمتدا كە من فەرمانم پێدایت بە كڕنووش بردن و تۆ كڕنووشت نەبرد؟ لەوەڵامدا گوتی: من لەو باشترم! منت لە ئاور دروستكردووە و ئەویشت لە قوڕ دروست كردووە * خوا فەرمووی لە وشوێن و پێگەی هەت بووە تا ئێستا و تیایدا بوویت دەركەوە و بێرە خوارەوە و هەرگیز تۆ مافی ئەوەت نییە كە فیز زلی بكەیت تیایدا – لە شوێن و پێگەكە - دەركەوە تیایدا ئیتر تۆ یەكێكی لە شكستخواردوو و بێڕێزكراو و لووت سۆڵێنراوەكان * ئەویش وتی دەی دەرفەتم پێ بدە ئێستا هەموو تۆڵەیەكم لێ مەستێنە تا ئەو ڕۆژەی خەڵكەكە دوای مردنیان زیندوو دەكرێنەوە جارێكی تر * خوا پێی گوت: تۆ یەكێكی لە دوا خراوەكان * ئیبلیس وتی: چونكە منت ئاوا ڕسواكرد سوێندبێ لەسەر ڕێگا ڕاستەكەی تۆ بۆیان دابنیشم * پاشان لەبەردەم و پشت و لای ڕاست و لای چەپیان وایان لێ بكەم زۆرینەیان پێنەزان و ناشوكربن بە تۆ و بە ناز و بەخششەكانت نەزانن، یاخود زۆرینەیان بە ناز و بەخششەكانی تۆ نازانن * وتی بڕۆ وەدەركەوە بە ڕسوایی و تێشكاوی و دۆزەخ پڕدەكەم لە شوێنكەوتووەكانت هەرهەمووتان ".
ئەم دانوساندنە لە نێوان پەروەرین و ئیبلیسدا لە چەندین شوێنی تری نێو قورئان وەك ئایەتەكانی شەست و یەك تا شەست و پێنجی سورەتی"ئیسرا"هاتووە و لەوێدا باس لە تەواوی خۆ نەناسییەكەی ئیبلیس دەكا و چۆن لە هەموو سنورێكی ناحەزی و نەیاری تێدەپەڕێنێ و دەگاتە دڕینی پەردەی حەیا و شەرم، كەچی لەبەرامبەردا وێڕای تووڕەییەكەی خوا لەناوی نابات و، بگرە بڕیاری لەناوبردنیشی دەرناكا و نای توێنێتەو و بن بڕی ناكا و زیندانیشی ناكاو مافی دەداتێ زۆر بە ئازادانە لەململانێكەیدا چەندی بیەوێت بەردەوام بێت و دەرەنجام لای خوا بە تۆڵەی خۆی دەگات.
ئەوەی لەم وانەدا مەبەستم بوو بیر هێنانەوەی ئەم هەڵوێستە بوو، كە بۆمن و بۆ ئێوەی بەڕێزیش پرسیار ئەوەیە: داخۆ ئەوانەی كە بەخۆیان دەڵێن بڕوادار و لە لوتكەی دەسەڵاتدان، كە لەسەر ئایدیای جیاواز نەیارەكانیان نانبڕاو دەكەن و لە گرتووخانە توندیان دەكەن و مافی مرۆڤ بوونیشیان پێ ڕەوا نابینن، چ وەڵامێكیان هەیە بۆ ئەم بابەتە و ئەم ئایەتانە؟.

© 2017 Hawler