حوزەیران 21, 2021

زۆرترین بینراو بۆچوون

بەرپرسیاریەتی ناز و منـەت و پــاوانـكـردن نییە

بەكر كەریم حەسەن*

فەیلەسوفی بە ناوبانگی چینی لاوتسۆ دەڵێ" ئەگەر دەتەوێت سەركردایەتی خەڵك بكەیت لە دوایانەوە بڕۆ"
گەر شی كردنەوەیەكی پەروەردەییانە بۆ ئەو ووتەیە بكەین و، ئاوێتەی بەرپرسیاریەتی لە پەروەردە و فێركردن دا بكەین كە بێگومان پەروەردە و فێركردن بەردی بناغە و هەنگاوی یەكەمی پێشكەوتن و گەشەسەندنی كۆمەڵگایە.
دەپرسین ئایا ئێمە هەموومان ئەوانەی بەرپرسیاریەتیمان هەیە لە كەناڵەكانی پەروەردە و فێركردن توانیومانە ماف و دەستكەوت كە لە ئەنجامی بەرپرسیاریەتیمان هەمانە بخەینە دواوەی خەڵكانی تر ؟ یانیش بۆخۆمان پاوانمان كردبێ و، ناز و منەتیش بە سەر خەڵك بكەین ؟ بێگومان وەڵام بۆ خوێنەری بەرێزە !
هەموومان دەزانین بەرپرسیاریەتی پەروەردە و فێركردن لە هەموو پرسەكانی تری ناو كۆمەڵگا جیاوازە و، بەڵكو هەستیاریەتی و كاریگەری ئەو پرسە بۆ چەندین ساڵ شوێنەواری باشی و خراپی جێ دەهێلێ لە جەستەی كۆمەڵگە، سادەترین نموونە كە دەبێ پاپەند بین ئێمە پێش خەڵكانی تر، چونكە رێنمایی و ڕێ و شوێن و بنەماكان لای ئێمە دەردەچن مەبەستم لە ووشەی ئێمە : هەموومان لە (وەزیری پەروەردە و ڕاوێژكار و بەرێوەبەری گشتی و بەرێوەبەری پەروەردە و یاریدەدەرانی بەرێوەبەرانی گشتی و شارەزا و سەرپەرشتیاران و بەرێوەبەری بەشەكانە) . رێنماییەكان دەردەكەین تا لە خوارەوە جێ بەجێ بكرێن و پاپەند بن پێەوە و بە سەر خەڵكانی تر پراكتیزە بكرێ بۆ نموونە وەرگرتنی قوتابی لە قوتابخانەكانی بە ئینگلیزی دەخوێنن و یان سیستەمی خوێندن زمانی ئینگلیزیە و یان نموونەییەكان و یانیش ئەو قوتابخانانەی كە بە پێی رێنماییەكان وەرگرتنی قوتابی رێكخراوە وەكو بەرزترین نمرە و تاقیكردنەوە و چاوپێكەوتن و شوێنگەی جوگرافی وەردەگیرێن كە لە هەولێر چەند قوتابخانەیەك هەن لە بنەڕەتی و ئامادەیی ودواناوەندی هەموو خەڵكانێك حەز دەكەن منداڵەكانیان لەو قوتابخانانە بخوێنن، بە هەمان شێوە لە شارەكانی سلێمانی و دهۆك و گەرمیانیش چەند قوتابخانەیەكی هاوشێوە هەیە.
ئایا هەموو ئەو قوتابیانەی لەو قوتابخانانە دەخوێنن بە پێی رێنمایی و بنەماكانی وەرگرتن وەرگیراون كە لە وەزارەتی پەروەردە وە گشتاندنی بۆ كراوە بۆ جێ بەجێ كردن؟ یانیش نەخێر؟
ئایا ئێمە كاربەدەستانی وەزارەتی پەروەردە منداڵەكانی خۆمان سەپاندووە بە سەر ئەو قوتابخانانە كە وەربگیرێن یانیش كامەمان منداڵەكانمان لەو قوتابخانانە دەخوێنن بەدەر لە رێنماییەكانی وەرگرتن یان هەمان پێوەرن یانیش پۆستەكانی خۆمان قۆستۆتەوە و پاوان و قۆرخمان كردووە بۆ وەرگرتنی منداڵی خۆمان لەو قواتبخانانە بەدەر لە هەموو پێوەر و رێنماییەك كە منداڵی تری گەڕەك یان شوێنگەی جوگرافی زۆر شایستەترە و مافی ئەوانە وەربگیرێن؟ كەچی ئێمە پێشێلی ئەو مافەی ئەو منداڵەمان كردووە لە پێناو منداڵی خۆمان كە بێگومان ئەمەش پێچەوانەی هەموو پڕەنسیپ و دیسپیلینی كارگێڕی و بەرپرسیاریەتی و دادپەروەرییە، چونكە تا ئێمە لەو پۆستانەی بەرپرسیاریەتی پەروەردە بین هەموو قوتابیەك منداڵی ئێمەیە هەموو قوتابیان چاوەڕێ و داواكارن لە ئێمە تا بە یەكسانی و دادپەروەری مافەكانیان وەربگرن و جیاوازی و هەڵاوێركردن نەكرێ.
بۆ ئەوەی متمانە و دڵنیایی قوتابییان و كەس و كاریان بە پەروەردە پتەو بێت پێویستە منداڵەكانی كاربەدەستانی پەروەردە بە گشتی لە قواتبخانە ئاساییەكان بخوێنن نەوەك لە قوتابخانەی تایبەت و جیاواز و بە دەر لە هەموو پێوەر و رێنماییەك ئەمەش دەبێتە دابڕانی پەروەردە و كۆمەڵگە لە یەكتری قوتابخانەكان و پەروەردە بێ دەبن لە پشتگیری و پاڵپشتی و متمانەی كۆمەڵگە كە هەرگیز نابێ ڕووبدات ئەگەر نا دڵسۆزی و دادپەروەری لە كۆمەڵگە بوونی نامێنێ، یەكێك لە بنەماكانی دادپەروەری ئەوەیە ماف بدرێتەوە هەموو خاوەن مافێك.
بۆزیاتر دڵنیایی قوتابیان و كەس وكارییان بە زەرووری دەبینم ووردبینی یەكی وورد و بێ لایەن، لەلایەن كەسانی پەروەردەیی و پسپۆر و دڵسۆز بەداوداچوونی بۆ چۆنیەتی وەرگرتنی قوتابیان بكرێ لەو جۆرە قوتابخانانە كە لە سەرەوە باسم كرد و بە بەردەوامی و ساڵانە بۆ پتەو كردنی زیاتر پەیوەندی پەروەردە و كۆمەڵگە و چەسپاندنی دادپەروەریی پەروەردەیی لە كۆمەڵگە.

*بەرێوەبەری گشتی چالاكی وەرزش و هونەر
ماستەر لە كارگێری پەروەردەیی

© 2017 Hawler