ئایار 07, 2021

تووشبوون بە کۆرۆنا لە عێــراق لە هەڵکشانی خێرادایە

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

 

شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراقدا بەخێرایی بڵاودەبێتەوە و، ئەو شەپۆلەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە کۆرۆنای گۆڕاوە توانای بڵاوبونەوەی زیاتر و خێراترە و، گەنجانیش زیاتر بە ئامانج دەگرێ.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی(جەزیرەی ئینگلیزی) کارمەندانی تەندروستی نەخۆشخانەکانی عێراق و لەنێویشیاندا کلینیکی ڕێکخراوی پزیشکی دکتۆرانی بێسنوور دەڵێن فشاری زۆر لەسەر یەکەی چاودێری چڕی نەخۆشخانەکان هەیە بەهۆی بەرزبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی بەخەستی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە.
بەپێی داتایەکانی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مانگی شوباتدا ڕۆژانە تەنها (٨٠٠) کەیسی نوێ هەبووە لەکاتێکدا لە کۆتایی مانگی ئازاردا ڕێژەی تووشبوون گەیشتۆتە نزیکەی (٦٥١٣) حاڵەت لە هەر ڕۆژێکدا و لە بەرزبوونی بەردەوامدایە.
(ماکسیم پیرارد) بەڕێوەبەری چالاکی پەرستارەکان کە لە یەکێک لە یەکەی چاودێری چڕی بەغداد ئیش دەکات گوتی، کارمەندەکانی تەندروستی بێ ئەنداز ماندوون بەهۆی ئەو ڕێژە زۆرەی نەخۆشەکان و، خراپی بارودۆخی نەخۆشەکان.

گەنجان زیاتر تووش دەبن:
جیاواز لە ماوەی شەپۆلی یەکەمی ساڵی پار، ئەو جارەیان ڕێژەی گەنجانیش کە تووشبوون بەو ڤایرۆسە لە بەرزیدایە، هاوکات پێویستی بە خەواندن و هەناسەی دەستکردیش زیاتر هەیە بۆ نەخۆشەکان.
(پیرارد) گوتی، لەماوەی ڕابردوودا زۆربەی حاڵەتەکان سوک بوون، وە نیشانەی سوکیان هەبووە، بەڵام نەخۆشەکانی ئێستا زۆربەیان ڕێڕەوی هەناسەیان ناڕەحەت بووە و پێویستیان بە ئۆکسجین هەیە.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی عێراق توانای یەکەی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەکانی عێراق بەرزکراوەتەوە لە (٧٠٠) بێدەوە بۆ (١٠ هەزار) بێد، بەڵام کارمەندانی تەندروستی و پزیشکانی نەخۆشخانەکان دەڵێن هێشتا وڵاتەکە نەگەیشتۆتە دابینکردنی ئەو ئاستە بەرزەی جێکردنەوەی نەخۆشەکان لە یەکەی چاودێری چڕ.
ڕێکخراوی منداڵپارێزی بەریتانیایی هۆشداریداوە کە ژمارەیەکی بەرچاو تووشبوون لە منداڵانی ساوا و کەم تەمەندا هەیە، ئەو ڕێژەیە لە ماوەی دوو حەفتەدا لە (١١٦٩٩) حاڵەتەوە بەرزبۆتەوە بۆ (١٣٥٤٦) حاڵەتی تووشبوون لە منداڵانی خوار تەمەن (١٠) ساڵی.
لە بارەی ئەوەی بۆچی تووشبووانی ئەو جارەی عێراق لە نێو گەنجانیشدا زۆر بەربڵاوە، (دکتۆر عبدلامیر محسین) گوتی، بەهۆی ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاوی بەریتانیایی زۆر بڵاوبۆتەوە لەناو عێراقدا لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە بووبێت کە ئاستی تووشبوون لەنێو توێژی گەنجانیشدا بەرزە.
عێراق کە دانیشتوانەکەی نزیکەی (٦٠%) ی لە خوار تەمەنی (٢٥) ساڵیەوەیە بۆیە بەرزبونەوەی ئاستی تووشبوون لەنێو گەنجاندا مایەی نیگەرانی دەبێت.
هەر لەو بارەوە، (دکتۆر سیف خالید عبدالرحمن) گوتی، شەپۆلەکەی ڕابردووی کۆرۆنا زیاتر بەتەمەنەکانی بەئامانج دەگرت، بەڵام ئەو شەپۆلەیە زیاتر گەنجەکان دەگرێت. هەروەها گوتیشی گەنجترین نەخۆشی کە لەو ماوەیەدا بەهۆی کۆرۆناوە گیانی لە دەستداوە گەنجێکی تەمەن (٢٣) ساڵ بووە لەدوای (١٠) ڕۆژ لە خەواندنی گیانی سپاردوە.
گەنجان کاتێک تووش دەبن بارودۆخەکە پشتگوێ دەخەن ئەوەش دوایی کارەساتی لێدەکەوێتەوە،(پێدرۆ میگول) لە دکتۆرانی بێ سنوور لەو بارەیەوە گوتی، گەنجەکان بارودۆخەکە سەرەتا پشتگوێ دەخەن، دوایی کە دەگەێنرێنە نەخۆشخانەکان کاتەکەی درەنگ بووە، وە سەرەنجامەکەی زۆر جار خراپ و کارەساتبار دەبێت.

بارودۆخی ڤاکسین لە عێراقدا
لەسەرەتای مانگی ئازاردا عێراق نزیکەی (٥٠ هەزار) ڤاکسینی لە سینۆفارمی چینیەوە بۆ هات، دواتر نزیکەی (٣٣٦ هەزار) جورعەی لە ئۆکسفۆر – ئاسترازێنکاوە پێگەیشت.
هەروەها وەزارەتی تەندروستی عێراق لەو ڕۆژانەدا گوتی نزیکەی (٢٠٠ هەزار) جورعەی دیکەی سینۆفارم لەماوەی (١٤ ڕۆژ)ی دیکەدا دەگاتە عێراق و، نزیکەی (٣ ملیۆن) ڤاکسینی فایزەریش چاوەڕێدەکرێ لە مانگەکانی داهاتوودا بگەنە عێراق.
هاتنی ڤاکسین بۆ عێراق لە ئاستێکی باشدایە بەڵام لەگەڵ پەیدابوونی ڤاکسینش لەوانەیە ڕێگری لەبڵاوبونەوە و تووشبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بە خێرایی نەکرێت، چونکە ئاستی هۆشیاری بۆ خۆپارێزی بە ئەندازەی پێویست نیە، هەتا ڕادەی کەمتەرخەمی لەنێو کارمەندانی تەندروستیشدا هەیە و گرنگی بە ڕێگرتن لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە نادرێ.
ئەگەرچی عێراقیەکان دەتوانن خۆیان ناونوس بکەن بۆ ئەوەی لە پرۆگرامی پێدانی ڤاکیسندا ناویان بێتەوە و ڤاکسینەکەیان وەرگرن، بەڵام ئەوەی کە کێشەیە شەقامی عێراقی تاڕادەییەک دوودڵ و کەم متمانەیە بە ڤاکیسنەکانی دژی کۆرۆنا و بەگەرمیەوە پێشوازیان لێناکەن.
ڕەتکردنەوەی ڤاکسینەکان و، لاوازی متمانەی عێراقیەکان بە کەرتی تەندروستی بەربەستی گەورە لە شەڕی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا دروست دەکات، هەروەها سزا نێودەوڵەتیەکانی ڕابردوو و، خراپی ئاستی بەڕێوەبەردن و شەڕ و ئاڵۆزییەکان کەرتی تەندروستی ئەو وڵاتەیان لە لاوازی و خراپیدا هێشتۆتەوە و توانای ڕووبەڕووبونەوەی بارودۆخەکانی وەکو پێویست نیە.
تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تادێ لە عێراق زیاتر بەرزدەبێتەوە، وە بەهۆی نزیکبونەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانیش بەرپرسانی بواری تەندروستی چاوەڕێدەکەن ڕێژەی تووشبوون زیاتر بەرزببێتەوە.
دانانەوەی ڕێکارەکان و نەهێشتنی گردبونەوە کۆمەڵایەتیەکان یەکێکە لەو بەربەستانەی کە ڕێگری دەکات لە بڵاوبونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە بۆیەبەرپرسانی تەندروستی داوای چەسپاندنەوەی ڕێکارەکان دەکەن، هاوکات خەڵکیش پێویستە پابەند و هۆشیاربێت پێش ئەوەی دۆخەکە بەرەو خراپتری و کارەستباراوی زیاتر بچێت.

© 2017 Hawler