تشرینی یەکەم 15, 2021

پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی چەکە هەرە بەهێزەکەی هەرێمی کوردستانە

سلێمان تاشان - هه‌‌ولێر

 

رۆژهەڵاتی ناڤین، یەکێک لەو ناوچانەی سەر گۆی زەوییە کە زۆرترین ئایین و پێکهاتەی مەزهەبی و نەتەوەیی لێیە و، فرەیی ئەو ئایین و نەتەوانە لە جیاتی ئەوەی ببێتە فاکتەرێک بۆ زیاتر پێشکەوتن و گەشە، بەردەوام مایەی شەڕ و جەنگی تایفی و مەزهەبی و ململانێی سیاسی و ناوخۆیی، بەشیک بەرچاو لە وڵاتانی نیشتەجێی ناوچەکە بووە.

زاڵبوونی ئایدۆلۆژی و مەزهەب یان ئاینێکی دیاریکراو بەسەر سەرجەم مەزهەب و ئایین و پێکهاتەکانی تر، یەکێک لە سیما هەرە دیارەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە و هەر ئەوەش وای کردووە جەنگ و ململانێ لەو ناوچەیە نەبڕێت.
بۆ نموونە لە عێراقی پێشوودا، رژێمی بەعس کە نوێنەرایەتی پێکهاتەی سوننەی عەرەبی دەکرد هیچ حسابێکی بۆ پێکهاتەکانی تری نیشتەجێی عێراق نەدەکرد و بۆیەش ئەو رژێمە لەسەرەتا تا کۆتایی تەمەنی لە جەنگ و خوێنڕشتندابوو و، هەموو هەوڵێکی ئەوە بوو خۆی باڵادەست بێت و ئەوانەی تر گوێڕایەڵ و بندەستی بن و نەتوانن بە ئازادی تەنانەت رێوڕەسمە ئایینی و مەزهەبییەکانی خۆشیان بەجێ بگەیەنن، چ بگات بەوەی وەک مرۆڤ سوود لە مافەکانیان وەربگرن. زۆر جار هەر لەسەر ئەو مافە سەرەتاییانە خەڵک لە سێدارە دراوە و گوندەکان خاپوور و شارەکان وێران کراون. پەتی ئەم جۆرە دەسەڵاتانەش کورتە و زۆر درێژە ناکێشێت.
سەیر لەوەدایە لە دوای گۆڕینی رژێمە دیکتاتۆرەکانیش، رژێمە نوێیەکان لە مێژوو ئەزموون وەرناگرن و هەمان رۆڵیان دووبارە دەکەنەوە و دەسەڵاتداری و زاڵبوونی مەزهەبێک یان نەتەوەیەک بۆ جۆرێکی دڵخوازی خۆیان دەگۆڕن و، پێشتر کە خۆیان ستەملێکراو بوون ئەمجارە دەبنە ستەمكار.
لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناڤین، دەگمەن وڵاتێک هەڵدەکەوێت بە لەبەرچاوگرتنی مافی هەموو پێکهاتەکان و ئایین و مەزهەبەکان لە چوارچێوەی سیستمێکی دیموکراتیک و رێزگرتن لە ئەوانی تر و پێدانی سەرجەم مافەکانیان، درک بە دۆخەکە بکات.
یەکێک لەو ناوچانەی کە لە ئاسمانی تاریکی ناوچەکەدا وەک ئەستێرەیەک درەوشاوەتەوە و سەرنجی هەموو دنیای بۆ لای خۆی راکێشاوە هەرێمی کوردستان بووە. هەرچەندە هێشتا ئەو هەرێمە لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵی بەڕێوە دەچێت و دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵام لەم رووەوە شانی لە شانی دەوڵەتە سەربەخۆ و پێشکەوتوو و دیموکراتەکانی رۆژئاوا داوە، بۆیەش سەرۆک و نوێنەرانیان کاتێک دەگەنە هەولێر، ئاماژە بۆ ئەو تایبەتمەندییەی کوردستان دەکەن و بەرزی دەنرخێنن.
هەرێمی کوردستان بەلەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو رەخنە و کەموکورتییانەی لێی دەگیرێت و بەشی هەرە بەرچاویان رەخنەی بەجێن و دەسەڵاتەکەشی دانی پێدا ناوە، بەڵام هەڵگری تایبەتمەندییەکی زۆر گرینگە کە لە سەدەی ٢١ و جیهانی مۆدێڕنیتەدا زیاتر لە هەموو شتێک بایەخی پێ دەدرێت و بە جوانترین سیمای شارستانی هەموو وڵاتێک هەژمار دەکرێت، ئەویش ژیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیییە.
لە هەرێمی کوردستان راستە زۆربەی دانیشتووانی کوردن و دەسەڵاتەکەش دەستکەوتی دەیان ساڵ خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوەیی بووە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی دواجار خۆی زاڵ بکات نەتەوە و پێکهاتەکانی تر رەت بکاتەوە و ناسیۆنالیزم بكاتە ڕاسیزم، بەڵکوو هەمان ئەو دەستکەوتانەی بۆ خۆی بە رەوای زانیوە بۆ ئەوانی تریش بە رەوای هەژمار کردووە.
لە هەرێمی کوردستان چەندان نەتەوەی وەک تورکمان و ئاشووری و عەرەب و کلد و ئەرمەن چەندین نەتەوەی تر دەژین، هاوکات جگە لە ئیسلام کۆمەڵیک ئایینی تری وەک ئێزدی و کریستیان و کاکەیی و زەردەشتی و چەندان مەزهەب و ئاینزای تر دەژین کە هیچ کامیکیان قەدەغەکراو نین و هەموویان ئازادانە رێورەسمە ئاینی و نەتەوەییەکانی خۆیان بەجێ دەگەیەنن. هەموو ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتییان هەیە و نەتەوەکانیش لە پەرلەمانی کوردستان کورسییان هەیە و لە حکوومەتیشدا بەشدارن. نووسین و خوێندن و خوێندنەوە بە زمانی زگماکی نەک لێیان قەدەغە نەکراوە بەڵکوو حکوومەت خۆی مامۆستا و قوتابخانەشی بۆ دابین کردوون. حزبەکانیان چالاکن و ئازادانە بانگەشە بۆ خۆیان دەکەن. لە وەرگرتنی پۆستی باڵای حکوومیش هیچ بەربەستێک بۆیان دیاری نەکراوە و بەشدارن.
لە عێراقی پڕکێشە و ناکۆکی، کاتێک هەر نەتەوە و ئاینێک هەڕەشە و مەترسییان بۆ دروست بووبێت و گیانیان کەوتبێتە مەترسییەوە تاکە شوێنێک کە بۆی هەڵاتوون و تێیدا هەستیان بە ئارامی کردووە، هەرێمی کوردستان بووە.
چ لە ساڵانی پێش سەرهەڵدانی داعش و چ لە دوای سەرهەڵدانی داعش بە سەدان هەزار لە پێڕەوانی ئاینە جیاوازەکان و مەزهەب و پێکهاتە نەتەوەییەکان لە کوردستان گیرساونەتەوە. هەرێمی کوردستان تەنیا پێشوازیی لە لێقەوماوانی عێراقی نەکردوو،ە بەڵکوو لە وڵاتانی تریشەوە خەڵکی چەوساوە بە هەر هۆکارێکی نەتەوەیی یان مەزهەبی، هانایان بۆی بردووە.
جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگاداری ئەو تایبەتمەندییانەی هەرێمی کوردستانە و بۆیەش لە پاپای ڤاتیکانەوە بگرە وەک رێبەری مەسیحییەکانی جیهان تا سەرۆکی وڵاتانی زلهێز و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش هاتوونەتە هەولێر و بە شانازییەوە باسیان لەو تایبەتمەندییەی کوردستان کردووە.
زۆر هێزی رەش و تارمایی تواناکانی خۆیان بۆ لەناوبردنی ئەزمونی هەرێمی کوردستان تاقی کردووەتەوە بەڵام هەموویان شکستیان خواردووە و بێ ئاگا بوون لەوەی چەکی بەهێزی بەرگری لە هەرێمی کوردستان هەر ئەو چەکە نییە کە لە شانی پێشمەرگەدایە، بەڵکوو پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی ئەو هەرێمەی بە بەهێزی هێشتووەتەوە.

© 2017 Hawler