تشرینی یەکەم 15, 2021

له‌ دوو ساڵدا زیاتر له‌ ترلیۆنێك دینار له‌ ڕێگه‌وبان و پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێكردن خه‌رج كراوه‌

سه‌رباری ته‌نگژه‌كان، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌رده‌وام پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی كردووه‌، به‌جۆرێك ته‌نیا له‌ ماوه‌ی دوو ساڵدا، بایی زیاتر له‌ ترلیۆنێك دیناری عێراقی، پڕۆژه‌كانی ڕێگه‌وبان له‌ به‌ دووسایدكردن و شه‌قامی نوێ و كورتكردنه‌وه‌ی ڕێگه‌كان به‌ تونێل، له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێكردنی، پێشكه‌شی شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.

هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ ساڵانی ڕابردوودا ته‌نگژه‌كان به‌خۆیانه‌وه‌ لوولیان دابوو، كه‌ هێشتاش بارگرانیی ته‌نگژه‌ی دارایی، به‌هۆی داته‌پینی نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهانی و بڕینی به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی به‌ نایاسایی له‌لایه‌ن به‌غدادوه‌ و شه‌ڕی داعشی له‌سه‌ر سووك نه‌بووه‌، كه‌چی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، جگه‌ له‌ ئه‌منییه‌ت و پارێزراوییه‌كه‌ی، له‌ڕووی ئاوه‌دانی و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری و ڕێگه‌وبانه‌وه‌، به‌هیچ كلۆجێك به‌راورد ناكرێت به‌ پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق، كه‌ ئه‌و ئاوه‌دانی و پێشكه‌وتنه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ عێراقییه‌كان خه‌ونێكی ده‌ستپێڕانه‌گه‌یشتووه‌ و به‌هیج جۆرێك ناتوانن سه‌رسامییان به‌و هه‌رێمه‌ بشارنه‌وه‌، كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بنیاتنه‌ریه‌تی.
ئێستاش حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سرور بارزانی و به‌ ئیداره‌دانی دروست، به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان، حكوومه‌ت ته‌نیا له‌ماوه‌ی دوو ساڵدا و له‌ ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنه‌وه‌، له‌ ١٠ ی ته‌مووزی ٢٠١٩ـەوە تا كۆتایی مانگی ئایاری ٢٠٢١، به‌گوژمه‌ی ترلیۆنێك و ١١٣ملیار و ٩٦ ملیۆن دیناری عێراقی، پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری، له‌ ڕۆنانی ڕێگه‌وبان و به‌دووسایدكردنی شه‌قامه‌كان و پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێكردنه‌وه‌، پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیانی كردووه‌.
به‌پێی داتاكانی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان،له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا، بایی ٧٠٠ ملیار و ٣٣٧ ملیۆن دیناری عێراقی، ڕێگه‌وبان (به‌ دووسایدكردن و دروستكردنی شه‌قامی نوێ)، له‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێی كوردستان ڕۆنراوه‌.
جیا له‌وه‌ به‌پێی داتاكه‌ی ئه‌و فرمانگه‌یه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ١٣٠ پڕۆژه‌ی ڕێگه‌وبان، به‌ مه‌ودایی ملیۆنێك و ٦٤ هه‌زار و ١٧ كیلۆمه‌تر،به‌ بودجه‌ی ٣١٨ ملیار و ٣٣٧ ملیۆن دینار، هه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌دا ته‌واو كراوه‌.
هه‌ر ئه‌وه‌نا، له‌ داتاكه‌ی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری هاتووه‌، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا، حه‌وت پڕۆژه‌ی نیشته‌جێكردن و بیناسازی به‌ گوژمه‌ی ٩٤ ملیار و ٤٢٢ ملیۆن دینار، له‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ كراوه‌.
له‌ پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاریی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردندا، پڕۆژه‌ی ڕۆنانی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، كه‌ پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیجیی بێوێنه‌یه‌ و له‌و باره‌وه‌ ده‌ست كراوه‌ به‌ پڕۆسه‌ی دامه‌زراندنی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ شه‌ش قۆناغی (لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تایی، لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌های ئابووری، بانگه‌واز بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران، نه‌خشه‌كێشان، جێبه‌جێكردن، به‌گه‌ڕخستن)، كه‌ ئێستا له‌ قۆناغی دووه‌مدایه‌.
هاوكات چاكسازی كه‌ كاری له‌ پێشینه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، له‌ وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردندا، چاكسازی كراوه‌ و ته‌نیا له‌ پێداچوونه‌وه‌ی فایلی ٣٤٣ فه‌رمانبه‌ری ئه‌و وه‌زاره‌ته‌دا، بڕی ٤١ ملیۆن دیناری مانگانه‌ گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ت.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سندوقی پاڵپشتی ڕێگه‌وبان كارا كراوه‌، كه‌ ڕۆڵێكی كاریگه‌ریی هه‌یه‌ له‌ چاككردنه‌وه‌ی ڕێگه‌وبانه‌كان، له‌گه‌ڵ سیسته‌می دانانی بۆردی ڕیكلام له‌سه‌ر لاته‌نیشتی ڕێگه‌وبانه‌ ده‌ره‌كییه‌كان ڕێك خراونه‌ته‌وه‌.
سه‌رباری ته‌نگژه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ تێیدا به‌ زەحمەت ده‌توانرا مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی دابین بكات، به‌ ئیداره‌دانی دروست، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ دابینكردنی بودجه‌ی پێویست، بۆ پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ پێویستییه‌كان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و دابینكردنی ئاو و كاره‌بای پێویست به‌ تێچوویه‌كی قه‌به‌وه‌ و بنیاتنان و ڕۆنانی شه‌قام و ڕێگاوبان و گرنگیدان به‌ كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و گه‌شتیاری و پیشه‌سازی و هتد...، تا كوردستان بخاته‌ سه‌رپێی خۆیی و له‌ حه‌وجێ بوونی به‌ وڵاتان ده‌رباز بكات.

© 2017 Hawler