تشرینی یەکەم 15, 2021

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزیرى بازرگانیى تورکیا کۆبووەوە

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە دەرفەتەکانى سەرمایەگوزارى و وەربەرهێنانى تورکى لە هەرێمى کوردستان زۆر لەبار و فراوانن و ڕێگەى بازاڕى گەورەى عیراق بۆ بازرگانیى تورکیا بە هەرێمى کوردستاندا تێدەپەڕێت، بۆیە ستراتیژ و بیرکردنەوەیەکى تازەى تورکیا بۆ چۆنیەتیى فراوانکردنى بوارەکانى بازرگانى و چالاکیى ئابوورى و وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان و عیراق پێویستە کە لە بازرگانیى زیاتر، قورسایى بخاتە سەر وەبەرهێنان.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەیانیى ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/9/26 لە هەولێر بەڕێوە چوو، بەڕێزان نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و محەمەد مووش وەزیرى بازرگانیى تورکیا، جەختیان لە خواستى برەودان بە پەیوەندییە بازرگانى و ئابوورییەکانى هەرێمى کوردستان و عیراق لەگەڵ تورکیا کردەوە و هاوڕا بوون کە پێویستە هەموو گرفتەکانى بەردەم فراوانکردنى بوارەکانى بازرگانى و ئابوورى لەنێوان هەردوولادا، چارەسەر بکرێن.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانییەکانى هەرێمى کوردستانى لەگەڵ تورکیا بە گرنگ و ستراتیژى و یاساى وەبەرهێنانى لە هەرێمى کوردستان بە یاسایەکى دۆستانە لە قەڵەم دا کە هانى سەرمایەگوزاریى بیانى دەدات، هەروەها ئامادەییى هەرێمى کوردستانى بۆ پێشکەشکردنى هەموو ئاسانکارییەکى پێویست بۆ سەرمایەگوزارى و بازرگانیى تورکیا لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عیراق نیشان دا.

لاى خۆیەوە بەڕێز وەزیرى بازرگانیى تورکیا خواستى وڵاتەکەى بۆ برەودان بە پەیوەندیى بازرگانی و فراوانکردنى چالاکییە ئابوورییەکانى لە هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە و ئاماژەى بە چەند نموونەیەکى سەرکەوتووى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى تورکی لە وڵاتانى ناوچەکە کرد کە بە هەمان شێوە لە هەرێمى کوردستان دووبارە بکرێنەوە، لەوێشەوە بەرەو هەموو ناوچەکانى دیکەى عیراق فراوان بکرێن.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە وەزیر و لایەنە پەیوەندارەکانى هەرێمى کوردستان و باڵیۆزى تورکیا و شاندێکى تورکى ئامادەى بوون، کاریگەرییەکانى پەتاى کۆرۆنا لەسەر بازرگانى و چالاکیى ئابوورى، ڕێژەى بازرگانی و هاوردەکردنى تورکیا لەگەڵ عیراق و هەرێمى کوردستان، سیستمى بانکدارى و ناردن و گواستنەوەى پارە، دادگاى بازرگانى، گەشتیارى و چەند پرسێکى دیکە، تاوتوێ کران.

© 2017 Hawler