ئەیلول 27, 2021

خدر علی مەنتک : پارتی داکۆکیکاری یەکەمە لە مافەکانی خەڵکی کوردستان لە عێراق

کاندیدی ژمارە ٢٠ بازنەی ٢ی هەولێر رایگەیاند، پێویستە بڕگە و ماددەکانی دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێن، پارتیش داکۆکیکاری یەکەمە بۆ ئەوەی مافەکانی کورد بە دەست بێنێت. دەشڵێ، جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی من دەبێت، چونکە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان کە دەکەونە سنووری ئەو ماددەیە لە دۆخێکی ناخۆشدا دەژین و رۆژانە رووبەڕووی دەیان کێشە و گروپی توندڕەو دەبنەوە، بۆیە پێداگر دەبم لەسەر جێبەجێ کردنی ئەو بڕگە و ماددانەی کە کێشەیان بۆ دروست کراوە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

خدر علی مەنتک، کاندیدی ژمارە ٢٠ بازنەی ٢ی هەولێر بە "هەولێر"ـی گوت:" بەپێی دەستوور دەبێت هەر چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن بکرێت، مەبدەئی تەوافق و شەڕاکەت هەیە دەبێت ئەو مەبدئە جێبەجێ بکرێت، هەر کاتێک ئەو مەبدئە جێبەجێ کرا بێگومان بارودۆخی عێراق و کێشەکان چارەسەر دەبن، بەڵام ئەو مەبدئە فەراموش کراوە، پێویستە بڕگە و ماددەکانی دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێن، بۆ ئەوەش پێویستە دەست لە ناو دەست بین، پارتیش داکۆکیکاری یەکەمە بۆ ئەوەی مافەکانی کورد بە دەست بێنێت، بۆیە هیواخوازین هەموو فراکسیۆنەکان ببن بە یەک، بۆ ئەوەی بتوانین دەستکەوتی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان بەدەست بێنین.
خدر علی مەنتک، دەشڵێ:" جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی من دەبێت، چونکە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان کە دەکەونە سنووری ئەو ماددەیە لە دۆخێکی ناخۆشدا دەژین رۆژانە رووبەڕووی دەیان کێشە و گروپی توندڕەو دەبنەوە، بۆیە هەموو هەوڵێکی من و فڕاکسیۆنەکەم بۆ ئەوە دەبێت کە ئەو ماددەیە چی دیکە دوا نەکەوێت و جێبەجێ بکرێت و ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان.
خدر علی مەنتک، روونیشیکردەوە:" وەکو کاندیدی ژمارە ٢٠ بازنەی ٢ی هەولێر داوا لە تێکڕای دەنگدەران دەکەم کە بە رێژەیەکی بەرچاو روو لە سندۆقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی بدەن، چونکە هەر کاتێک پارتی باش و بەهێز بێت، کوردستان بەهێز دەبێت، بۆیە ئەگەر هاووڵاتیان بیانەوێت کێشەکان چارەسەر ببن و ژیان و گوزەرانیان خۆشتر بێت و کێشەی بودجە و مووچە نەمێنێت با دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی بدەن، بۆیە ئەو بەڵێندە دەدەم بە هاوکاری برادەرانم پێداگر بم لەسەر جێبەجێ کردنی ئەو بڕگە و ماددانەی کە کێشەیان بۆ دروست کراوە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە".

© 2017 Hawler