ئەیلول 27, 2021

پارێزگاری هەولێر؛ بەر لەوەی تیمەکان، زێدەڕۆکان ببڕن هاووڵاتیان دەرفەتیان لەپێشە بەڕێوبەرایەتیی کارەبا ئاگادار بکەنەوە تا توشی ڕێکاری یاسایی نەبن

لە بەردەوامی هەڵمەتەکانی بڕینی کارەبای زێدەڕۆ، دوێنێ لە گەڕێکی دیکەدا بەشیوەیەکی چڕتر هەڵمەتەکە بەردەوامی پێدرا. هەڵمەتەکە بە بەشداریی تیمەکانی بەڕێوبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبا و تیمەکانی قایمقامیەتی هەولێر و لەگەڵ دەزگاکانی پۆلیس و دەزگا پەیوەندیدارەکان بەڕێوە دەچێت.

لە میانی بەڕیوەچوونی هەڵمەتەکەش، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، قسەی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد و لەبارەی هەڵمەتەکەوە گوتی؛ بەبێ جیاوازی هەموو گەڕەکانی شاری هەولێر و قەزاو ناحیەکان دەگرێتەوە، تیمەکان بەردەوام لە ئەرکدا دەبن بۆ بڕینی ئەو زێدەڕۆییانەی کراوەتە سەر کارەبا".
خۆشناو، داوای لە هاووڵاتیان کرد هاوکاربن لە بڕینی زێدەڕۆکان و گوتی؛ داوایان لێدەکەین هاوکاربن، تاوەکو ئەو ساتەی ئێمە قسە دەکەین ئەگەر زێدەڕۆیان کردووەتە سەر کارەبا تیمەکان ئاگاداربکەنەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر تیمەکان ئەو زێدەڕۆییانە ببڕن، جیا لە بڕینی کارەبایەکەی رێکارییاساییان لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر، بەڵام ئەگەر خۆیان داوا بکەن ئەوا هاوکاری دەکرێن لە بڕینی زێدەڕۆییەکە".
ئەوەشی راگەیاند؛ بە بڕینی ئەو زێدەڕۆییانەی سەر کارەبا، هەم کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی زیاد دەبێت، هەم کاریگەریشی دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە کە بەشێکیان لەڕێگەی کارەبای زێدەڕۆوە بووە".
خۆشناو، ئەوەشی خستەڕوو، هاووڵاتیان پیشتر هاوکاری تیمەکان بوونە و زانیاریان پێداون لەبارەی زێدەڕۆکان و هیوادارین لە داهاتووشدا هاوکاری تیمەکان بن.
هەڵمەتەکانی بڕینی کارەبای زێدەڕۆ ماوەیەکی زۆرە دەستی پێکردووە و لەو چوارچێوەیەدا تا ئێستا بەشێکی زۆری سەرپێچییەکان بڕدراوە و وەزیری کارەباش، پێشتر ئەوەی راگەیاندووە چاوپۆشی لە هیچ جێگایەک ناکرێت و هەڵمەتەکە هەموو کوردستان دەگرێتەوە.

© 2017 Hawler