ئەیلول 27, 2021

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان: چاکسازی و خزمەتگوزاری

كتێبی (كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چاكسازی و خزمەتگوزاری) لە ئامادەكردنی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چاپ و بڵاوكرایەوە.

كتێبەكە تایبەتە بە ڕووماڵی كاروچالاكی و پڕۆژەكانی حكومەتی هەرێم و خەرجی و داهات و چاكسازی لە هەموو بوارەكاندا لە ماوەی دوو ساڵدا، لە یەكەم ڕۆژی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمەوە لە (10ی تەمموز/ یۆلیۆی 2019) تا (1ی ئایار/ مایۆی 2021).
كتێبەكە بە تیراژی پێنج هەزار دانە و لە دووتوێی 383 لاپەڕەدا بە ژمارەی سپاردنی 765ی 2021ی بەڕێوبەرایەتی گشتیی كتێبخانە گشتییەكان چاپكراوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك ئامادەكاری كتێبەكە، لە پێشەكی كتێبەكەدا باسی لە هەوڵەكانی كابینەی نۆیەم بۆ چاكسازی كردووە و تێیدا هاتووە: كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە، بە پشتبەستن بە كارنامە چاكسازییەكەی، هەوڵیداوە بە شێوەیەكی شایستە خزمەتی گشت هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكات و بە جددی رووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە".
هەروەها هاتووە: "ئەگەرچی كابینەی نۆیەم هاتە سەر قەرز و پابەندییەكی دارایی گەورەوە، بەڵام كاركردن بە شەفافی و دواتریش پێداگیری و خواست و ویستی بەهێزی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی چاكسازی، حكومەت توانی هەنگاوی جددی بنێت لە ڕووی رێكخستنەوە و زیادكردنی داهاتی ناوخۆ، هەروەها ناردنی پڕۆژەیاسای حۆراوجۆری وەك پڕۆژەیاسای چاكسازی بۆ پەرلەمانی كوردستان".
ئاماژەش بۆ ئەوە كراوە، كابینەی نۆیەم توانی لە ڕێگەی پرۆسەی چاكسازی و رێكخستنەوەی داهاتەكان، لە ماوەی پێنج مانگدا ، داهاتی ناوخۆی هەرێم لە 140 ملیۆن دۆلارەوە بگەیەنێتە 244 ملیۆن دۆلار.
لە بەشێكی دیكەی پێشەكییەكەدا هاتووە: سەرەڕای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە جیهاندا، كە هەرێمی كوردستانیشی گرتەوە، كەچی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئیرادەی بەهێزی سەرۆك وەزیران، مەسرور بارزانی، بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و كاركردنی بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری وایكرد، پڕۆژەكان نەوەستن و پرۆسەی چاكسازی كارگێڕی و ئابووری و دارایی بەردەوام بێت، بە شێوەیەك كە تەنیا لە ڕێگەی رێكخستنەوەی داهاتەكان و باشتر كردنی میكانیزمی كاركردن، پڕۆژەكان بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد بكەن.
لە بارەی كتێبەكەشەوە، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نووسیویەتی: ئەم كتێبە چەند زانیارییەكی ژمارەیین لەسەر داهات و خەرجییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو پڕۆژە چاكسازیانەی لەسەرەتای دەستبەكاربوونییەوە لە (10ی تەمموز/ یۆلیۆی 2019)ـەوە تا (1ی ئایار/ مایۆی 2021) ئەنجامیداون.
كتێبەكە بە گشتیی لە حەوت بەشی سەرەكی پێكهاتووە:
بەشی یەكەم: تایبەتە بە رەوشی ئابووری هەرێمی كوردستان و باس لە خەرجی و داهاتەکانی حکومەت كراوە. هەروەها خەرجی و داهاتی حكومەت لە یەك مانگدا خراونەتەڕوو.
بەشی دووەم: تایبەت كراوە بۆ خەرجی و داهاتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی (كانوونی یەكەم/ دیسەمبەری 2020) و بەراوردكردنی لەگەڵ (مانگی نیسان/ ئەپریڵی 2021)، هەروەها مانگی دوازدەی 2019 و مانگی چواری 2020یش بەراورد كراون. دواتر باس لە رێكارەكانی حكومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی كراوە.
بەشی سێیەم: تەرخانكراوە بۆ باسكردن لە چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم و بەشێك لە خزمەتگوزارییەكان.
لەم بەشەدا باس لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاكسازی لە وەزارەتەكانی (پێشمەرگە، ناوخۆ، تەندروستی، كارەبا، شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، پلاندانان، پەروەردە، خوێندنی باڵا، پیشەسازی و بازرگانی، كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، شەهیدان و ئەنفالكراوان، داد، ئەوقاف و كاروباری ئاینی، گواستنەوە و گەیاندن، رۆشنبیری) و كوالێتی كۆنترۆڵی جۆری دەرمان و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، چاكسازی لە سیستمی باج، دەستەی وەبەرهێنان، بە ئەلیكترۆنیكردنی كاروباری حكومەت و ژماردنەوەی ماڵ و موڵكی میری.
بەشی چوارەم: تایبەتە بە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و راپۆرت و بەدواداچوونی لیژنەی باڵای چاكسازی و دەقی راپۆرتی یەكەمی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی.
بەشی پێنجەم: تەرخانكراوە بۆ خستنەڕووی گرنگترین پڕۆژەكانی دوو ساڵی رابردووی كابینەی نۆیەم.
بەشی شەشەم: هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەم بڵاوكراونەتەوە.
بەشی حەوتەمیش تایبەتە بە پرسی چاكسازی لە گوتارەكانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان.

© 2017 Hawler