تەمموز 24, 2021

بۆ عێراق گاز بناغەی پێشکەوتنە و چاویشی لە گازی کوردستانە

گاز لە جیهاندا خەریکە شوێنپێی قایمتر دەکات، ئەو کاڵایە لە داهاتوودا دەبێتە سەنگی مەحەک بۆ یەکلاکردنەوەی چەندین پرس؛ عێراقیش ئێستا دەڵێ گاز پێشینەی کارەکانمانە بەرەوپێشی ببەین، هەرێمی کوردستانیش لەو کەرتەدا هەم دەوڵەمەندە هەمیش بە باشی هەنگاوەکانی دەڕواتە پێشەوە.

ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند: "کەرتی نەوتی عێراق دوای کۆرۆنا خەریکە دەبووژێتەوە، ئەوە وەزیرەی عێراق زیاتر لەسەر کەرت گاز دەوەستێت و دەڵێ: "بەنیازین سێ پڕۆژەی گەورە رابگەیەنین لە کەرتی گازدا تاوەکو وای لێ بێت عێراق لە ماوەی ١٤ ساڵی داهاتوو ٣ملیار پێ سێجا گازی سرووشتی بەرهەم بێنێت.
زۆرجار رەخنە لە عێراق دەگیرێت کە گاز لە ئێران هاوردە دەکات و گازی خۆیشی بە فیڕۆ دەڕوات، لە سەرووی ئەوانەی رەخنەی لێ دەگرن ئەمریکایە، ئەو وڵاتە دەیەوێت عێراق لە گازدا پشت بە خۆی ببەستێت و چاویشی لە گازی هەرێمی کوردستان بێت کە قۆناغی باش لە بەرهەمهێنان چووەتە پێشەوە، عێراق ساڵانە ٢ملیار پێ سێجا گاز هاوردە دەکات بۆ پڕکردنەوەی پێویستییە نێوخۆییەکانی.
لە چەند مانگی رابردوودا کۆمپانیا کارکەرەکانی بواری گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستانیان بەرز کردەوە لە ماوەی مانگی رابردووشدا ئەو هەوڵانە چڕ بوونەوە.
مانگی رابردوو ماڵپەڕی پەترۆلیۆم ئێکۆنۆمیست رایگەیاندبوو: "ئێستاولا هەرێمی کوردستان دەتوانێ گاز بۆ دراوسێکانی هەناردە بکات، قازانج و وەبەرهێنان لە کێڵگە گازییەکان لە بەشی باکووری رۆژئاوای هەرێمی کوردستان چڕ بووەتەوە، بێجان موسەوەر رەحمانی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی کە یەکێک لە کۆمپانیا چالاکییەکان بەڵێنێک دەدات و دەڵێ: "وەکو ئەوە وابێ لە تونێلێک دەرچووبین بەڵێنی گەشانەوەی زیاتری کەرتی نەوت و گاز دەدەین لە هەرێمی کوردستان."
بە پێی راپۆرتەکە "ئەو کارکردن و بەرەوپێشچوونەی لە کەرت گازدا هەیە هاوتەریبە لەگەڵ سیاسەتی دوورمەودای هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی گاز بۆ دراوسێکانی؛ هەلەکە گەورەیە، هەرێمی کوردستان ئێستا سەرچاوەی گازی 100 بۆ 200 تریلیۆن پێ سێجا گازی هەیە؛ ئەوەش یەکسانە بە ٪90ـی هەموو گازی عێراق .
راپۆرتی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەبارەی کەرتی گازی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن کۆمپانیای راوێژکاری قەمەر لە دوبەی بڵاو کرایەوە، هەڵسەنگاندن دەکات و وای پێشبینی دەکات بەرهەمی گازی هەرێمی کوردستان لە 2035دا بگاتە 40 تریلیۆن مەتر سێجا لە ساڵێکدا، ئەوەش بڕێكی زۆر زیاترە لەو بەرهەمەی ئێستا و نیشانەی پێشکەوتنی کەرتی گازی هەرێـی کوردستانە، بەوجۆرە هەرێمی کوردستان ژووری بەرهەمی ساڵانە 10 ملیار مەتر سێ جا گاز بە جێدێلێت،بۆیە ئەو گازە بەشێکی بۆ عێراق و بەشێکی دیکەشی بۆ تورکیا دەبێت، گفتوگۆش لەگەڵ هەردوو لا کراوە لەوبارەوە، ئەمە بە گوتەی پاتریک ئەڵمان وەرد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانە گاز.
پەرەپێدان و گرنگی زیاتر لە هەر لایەنێک لەو پرسەدا لە ئەمریکاوە دێت، هەر ئەمریکاش پارەی تەرخان کرد لە کۆتایی ساڵی رابردوودا بۆ توێژینەوە لە گازی هەرێمی کوردستان،لە رێگەی کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی داراییەوە پرسی پێدانی پارە و وەبەرهێنان تێیدا لە ئەستۆ گیراوە لە کۆرمۆر.
بەرپرسانی ئەمریکا بە دەنگێكی بەرز باس لە پەرەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن، بەڵام وەکو ئەڵمان وەرد دەڵێ: "سەرنجی ئەمریکا و بایەخی بۆ ئەوەیە کەرتی گازی هەرێمی کوردستان پەرەی پێ بدرێت بۆ ئەوەی عێراق چیدیکە پشت بە هاوردەکردنی گاز نەبەستێ لە ئێرانەوە، بۆ ئەوەی لە رووی سیاسییشەوە عێراق لە ئێران دوور بخرێتەوە بەڵام ئێرانیش دەستەوەستان نییە و لە رێگەی کەناڵی دیکەوە خەریکی پەرەپێدانی هەژموونیەتی لە عێراقدا.
شارەزایان پشتبەستنی عێراق بە گازی کوردستان بە هەلێکی گەورە لەبەردەم عێراق دادەنێن، پێیان وایە یەدەگی گازی کوردستان دەتوانێ ببێتە جێگرەوەیەکی باشی هاوردەی وزە لە ئێرانەوە بۆ عێراق.
هاری ستێپانیان، شارەزای وزە لە پەیمانگەی وزەی عێراقی دەڵێت: "هەلێکی باش لە بەردەم عێراق و هەرێمی کوردستانە تاوەکو کێڵگە گازییەکانیان بەرەو پێش ببەن، عێراق سەربەخۆ بێت لە بواری وزە و خۆی نەخاتە نێو مەترسیەکانی شکاندنی گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر ئێران."
بەپێی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی گاز لە دوو ساڵی داهاتوودا زۆر زیاتر دەبێت دانەگاز بڕیاری داوە تاوەکو ساڵی 2022 بەرهەمهێنانی گاز 250 ملیۆن پێ سێجا بەرز بکاتەوە و بیگەیەنێتە 650ملیۆن پێ سێجا رۆژانە، پلانی ئەو بەرزکردنەوەیەش ماوەیەکە دەستی پێکردووە، هەرچەندە کۆرۆنا کاریگەری هەبووە، بەڵام بەپێی دوایین راپۆرتی دانە گاز کارەکەیان بەشێوەیەکی رێک و پێک دەڕوات، بۆیە لە ساڵی 2023 پلان وایە بڕی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی بگەیەنرێتە ١ملیار پێ سێجا گاز ئەوەش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئابووریی کوردستان دەبێت، سوودێکی باشیشی بۆ عێراق دەبێ.

 

© 2017 Hawler