ئایار 07, 2021

كه‌ره‌نتینه‌ی توركیا دووسایدی چوارقوڕنه‌-هیزۆپ دواده‌خات

 

چواس خالید - هەولێر

پڕۆژه‌ی دووسایدی نێوان دوكان-چوارقوڕنه‌ به‌سه‌ر سێ قۆناغدا دابه‌شكراوه‌ و قۆناغی یه‌كه‌می كه‌ له‌ چوارقوڕنه‌وه‌ تا هیزۆپه‌، به‌ تێچووی زیادتر له‌ ٥٢ ملیار دیناری عێراقییه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت و ئێستا ٩٠% ی كاره‌كانی ته‌واو بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ توركیا، پێویستی ئامێرێكی قیڕی كۆتایی شه‌قامه‌كه‌ له‌و وڵاته‌ گیری خواردووه‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی ڕێگاوبانی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین ده‌ڵێ "ئه‌گه‌ر ئه‌و ئامێره‌ ئاماده‌بوایه‌، دوو مانگ به‌ر له‌ ئه‌یلول ده‌خرایه‌ خزمه‌تی هاووڵاتیانه‌وه‌".

دووسایدی چوارقوڕنه‌- هیزۆپ، قۆناغی یه‌كه‌می دووسایدی شاره‌دێی چوارقوڕنه‌یه‌ تا شارۆچكه‌ی دووكان، ئه‌و ڕێگه‌یه‌ كه‌ شاڕێگای به‌ستنه‌وه‌ی ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕینه‌ به‌ پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێری پایته‌خته‌وه‌، به‌ تێچووی زیادتر له‌ ٥٢ ملیار دینار، كۆمپانیای ئوساشی توركی جێبه‌جێی ده‌كات و ئێستا كاره‌كانی له‌ قۆناغی كۆتایدایه‌.
دانیشتوانی ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین كه‌ خه‌ون به‌ ته‌واو بوونی ئه‌و دووسایده‌وه‌ ده‌بینن، یه‌كسایده‌كه‌ی پێشتر، زۆرانێكی كه‌م ئه‌ندام و گیانی كه‌سانێكیشی ستاند، ئاخر ڕێگایه‌كی ته‌سكی پڕ چاڵوچۆڵی گه‌وره‌ بوو، كه‌ مێژووه‌كه‌ی زیادتر له‌ نیو سه‌ده‌یه‌ و ڕۆژانه‌ هه‌زاران ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت و بارهه‌ڵگر به‌و شه‌قامه‌دا جرت و فرتیانه‌.
ئه‌و ڕێگایه‌ كه‌ له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ تا ئێستاش، تاسه‌ و چاڵوچۆڵی لێ نه‌بڕاوه‌، له‌ پێشتردا به‌رده‌وام پینه‌ده‌كرا و چاڵه‌كانی به‌ لم و به‌رد و هه‌ندێك جاریش به‌ قیڕ پڕ ده‌كرانه‌وه‌، ڕگله‌كانی ده‌ڕندرا و هه‌وڵی ته‌مه‌ن درێژی شه‌قامه‌كه‌ ده‌درا، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌ره‌قه‌تی ئه‌و لێشاوه‌ زۆره‌ی ئۆتۆمبێل و زۆری ڕێژه‌ی باران بارین له‌و ناوچه‌یه‌ نه‌هات، كه‌ هه‌ر جاره‌ و لێره‌وله‌وێ چاڵی نوێ هه‌ڵده‌تۆقین، وه‌ك ئه‌وه‌ی داوێك بن بۆ ڕێبواران نرابنه‌وه‌، شۆفێران ئه‌گه‌ر له‌ ڕووداوی هاتووچۆش ده‌رباز ببان، چاڵه‌كان زۆرجار په‌كی خستوون.
دواجار له‌به‌ر سه‌لامه‌تی گیان و سامانی هاووڵاتیان، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دووساید كردنی ئه‌و ڕێگایه‌ی دا، به‌ڵام ته‌نگژه‌ی دارایی، كاره‌كانی په‌كخست، دواتر له‌گه‌ڵ ده‌ست به‌كار بوونی كابینه‌ی نۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رباری ته‌نگژه‌كان، له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می پاره‌وه‌ كاركردن له‌و ڕێگه‌یه‌ ده‌ستی پێكرده‌وه‌ و ئێستا ٩٠% ی قۆناغی یه‌كه‌می ڕێگه‌كه‌ ته‌واو بووه‌.
سه‌رباری وه‌ستانی كاره‌كانی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بۆماوه‌یه‌ك به‌هۆی ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی ڤایرۆسی كۆڕۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان، دواجار ده‌ست به‌ ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كه‌ كرایه‌وه‌ و ئه‌ندازیار به‌ختیار ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری چاكردنه‌وه‌ و پاراستنی ڕێگاوبانی ڕاپه‌ڕین ڕایده‌گه‌یه‌نێ، كاركردن له‌ دووسایدی چوارقوڕنه‌- هیزۆپ به‌رده‌وامه‌ و هه‌ردوو چینی قیری ڕێگه‌كه‌ ته‌واو بووه‌ و ته‌نیا چینی سه‌یه‌م و هێڵكاری و دانانی هێماكانی هاتوچۆ ماوه‌.
ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی چاككردنه‌وه‌ و پاراستنی ڕێگاوبانی ڕاپه‌ڕین هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، ئێستا كار له‌ كۆنكرێتكردنی ناوه‌ندی شه‌قامه‌كه‌ و قیرتاوكردنی ڕێگای ئه‌و گوندانه‌ ده‌كرێت، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ و به‌شێكه‌ له‌ پڕۆژه‌كه‌،
ئه‌و ده‌ڵێ "بڕگه‌ی قیری كۆتایی پێویستی به‌ ئامێرێكه‌ كۆمپانیای جێبه‌جێكار له‌ توركیاوه‌ بیهێنێت، به‌ڵام به‌هۆی كه‌ره‌نتینه‌ و دۆخی توركیاوه‌، ماوه‌ی دوو مانگه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌و ئامێره‌ین و تا ئێستا نه‌توانراوه‌ بهێندرێت (ئه‌و ئامێره‌ مه‌وادی پۆلیمه‌ر تێكه‌ڵ به‌ قیر ده‌كات)، ئه‌گه‌ر ئامێره‌كه‌ ئاماده‌ بایه‌، دوو مانگ زووتر و له‌ ته‌مووزدا، ده‌خرایه‌ خزمه‌تی هاووڵاتیانه‌وه‌، به‌ڵام به‌و هۆیه‌وه‌ ڕه‌نگبێت له‌ مانگی ئه‌یلولدا كۆتایی بێت".
ئه‌ندازیار به‌ختیار ئه‌حمه‌د ده‌ڵێ "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پاره‌ی نه‌ختینه‌ی ته‌رخانكردووه‌ بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كه‌ و كۆمپانیای جێبه‌جێكاریش هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ گه‌یشتنی ئه‌و ئامێره‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، له‌مانگی ئه‌یلول پڕۆژه‌كه‌ به‌هێكجاری ته‌واو بێت و به‌ كوالتی به‌رزه‌وه‌ بخرێته‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه‌".
ته‌واو بوونی دووسایدی دوكان- چوارقوڕنه‌، ئاهێك به‌ دانیشتوانی ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین ده‌داته‌وه‌ و ڕێگاوبانی ئه‌و سنووره‌ ده‌باته‌ قۆناغێكی پێشكه‌وتووی هاتوچۆوه‌، كه‌ تا ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو ژماره‌ی ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ و ئاماره‌كانی قوربانیانی هاتوچۆ كه‌متر ده‌كاته‌وه‌ و زیانه‌ مادییه‌كانیش كه‌متر ده‌بنه‌وه‌.

پاشخان:
پڕۆژه‌ی دووسایدی دوكان- چوارقوڕنه‌، به‌ سێ قۆناغ جێبه‌جێ ده‌كرێت، قۆناغی یه‌كه‌می كه‌ له‌ چوارقوڕنه‌وه‌ تا هیزۆپه‌، مه‌وداكه‌ی ١٨ كیلۆمه‌تر و نیوه‌، تێچووه‌كه‌ی زیادتر له‌ ٥٢ ملیار دیناری عێراقییه‌، كۆمپانیای ئوساشی توركی جێبه‌جێی ده‌كات.

 

© 2017 Hawler