ئایار 07, 2021

پارتی بە تەنیا بەشداریی هەڵبژاردن دەکات

دلۆڤان ڕەحیم - هە‌ولێر

 

نزیکەی 5 مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی لە عێراق وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانی و قەوارە سیاسیەکان کۆتایی هات، ئیدی پارتەکان دەبێت بکەونە نێو چاکسازی نێوخۆیی و بانگەشەی دوور لە راگەیاندن و کۆکردنەوەی دەنگ .

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 10ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، لە ئێستاشەوە پارتەکان کەوتوونەتە خۆیان بۆ کۆکردنەوەی دەنگی خەڵك، پارتی دیموکراتی کوەردستان وەکو گەورەترین پارتی عێراق لەرووی ژمارەی کورسی پەرلەمانی لە 11 پارێزگا بەشداری هەڵبژاردن دەکات و لە کۆی هەموو ناوچەکان زیاتر لە ٥٥ کاندیدی هەیە بۆ هەڵبژاردنەکە .
لە هەولێر کە ٤ بازنەی هەڵبژاردنە، پارتی ١٣ بەربژێری لە سنووری پارێزگاکە هەیە،بازنەی شەقڵاوە، رواندز، مێرگەسوور، چۆمان ، کە خاوەنی ٤ کورسی پەرلەمانە پارتی چوار بەربژێری بۆ داناوە، هەروەها لە بازنەی دەشتی هەولێر و کۆیە و خەباتیش پارتی بە هەمان شێوە 4 بەربژێری هەن . لە رۆژئاوای هەولێریش کە سێ کورسی هەیە بە هەمان شێوە بەربژێر لەلایەن پارتییەوە دانراون.
پارتی لە دهۆک ١٣ بەربژێری لە سێ بازنەی هەڵبژاردن هەن و چاوی لەوەیە لە ١٣ کورسییەکەی دهۆک لانی کەم ١٢ کورسی مسۆگەر بکات ،هاوکات پارتی لە سلێمانی ٥ بەربژێری هەیە و دەیەوێت لانی کەم دوو کورسی پارێزگاکە مسۆگەر بکات ، هاوکات لە موسڵ و ٧ پارێزگای دیکەی عێراق پارتی بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکات لە کۆی ئەو ناوچانە نزیکەی ٢٤ کاندیدی هەیە و دەیەوێت وەکو گەورەترین پارتی خاوەن کورسی پەرلەمانی بمێنێتەوە . هاوکات یەکێتی و گۆڕان هاوپەیمانێتیان پێکهێنا بۆ هەڵبژاردن، بەرپرسانی هەردوو حزبەکە پێکهێنانی هاوپەیمانی لەبەرژەوەندی خۆیان دادەنێن بە پێچەوانەوە دەنگیان لە زۆر ناوچەدا بە تەنیا دەفەوتا، هەمان شت بۆ پارتەکانی دیکە راستە سیستەمی هەڵبژاردن و بچووککردنەوەی بازنەکان وای کردووە زۆربەی پارتەکان ئەوانەی کەمتر لە ١٠ کورسی پەرلەمانیان هەیە بترسن لە فەوتانی دەنگەکان ،بەڵام تەنیا یەک هاوپەیمانێتیش پێکهێنرا، پارتی دیموکراتی کوردستان بە تەنیا بۆ کۆکردنەوەی دەنگ لە هەموو ناوچەکان دەچێتە ناو هەڵبژاردن .

دەنگدان و ژمارەی پارتی بەشداربوو
هەرچەندە چەند مانگێک ماوە بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردن بەلام ژمارەی پارتە بەشداربووەکان و ئەو دەنگدەرانەیشی تۆمارەکانیان نوێ کردووەتەوە دیارە . کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند:" تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٣ هەزار و ٥٠٠ بەربژێر خۆیان تۆمارکردووە، بەپێی ئامارەکانی کۆمیسۆن مۆڵەت دراوەتە ٢٦٧ حیزب لە عێراق و هەرێـمی کوردستان بەڵام ١٢٦ حزب ئامادەن بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن، ٤٩ حزبی دیکەش هێشتا لە قۆناغی دامەزراندندان ، بەراورد بە چارەنووسسازی هەڵبژاردن لە عێراق ژمارەی هاوپەیمانێتییەکان کەمترە 42 هاوپەیمانی تۆمارکراون،بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا ٢٢یان گوتویانە ئامادەن لە هەڵبژاردن بەشداری بکەن
سەرەڕای ئەو ماوەیەی ماوە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لە ئێستاوە مشتومڕی لایەنەکان دەستیپێکردووە، رێبار بێرکۆتی دوای کەمتر لە ٤٨ کاژێر لە بەربژێرکردنی کشایەوە،لە شوێنیدا ژنێک کرایە کاندید، کۆمەڵی دادگەری رەتی کردەوە لە پێناو رێککەوتن ئەو کاندیدەی یەکێتی کشابێتەوە و دەڵێ هیچ رێککەوتنێکمان نییە .
چاوەڕێ دەکرێت ئەو هەڵبژاردنەی عێراق هەستیارترین بێت بەتایبەت دوای ئەوەی هەڵبژاردنی رابردوو نەیتوانی حکومەتی جێگیر و بەردەوام دروست بکات، کازمی شوێنی حکومەتی هەڵوەشاوەی گرتەوە و بەنیازە ٤ ساڵی دیکەش لە پۆستەکەی بمێنێتەوە، گۆڕانکاری و هاوکێشە سیاسییەکانیش رۆژی دووشەممە محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی هێنایە هەولێر تاوەکو لەگەڵ سەرۆک بارزانی ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیران کۆببێتەوە .

 

© 2017 Hawler