ئایار 07, 2021

ڕێژەی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی کارتی دەنگدان لەسەر ئاستی کوردستان: پارێزگای هەولێر ٧٠٪، پارێزگای سلێمانی ٦٨٪، پارێزگای دهۆک ٩٣٪

بڕیارە ١٠ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجامبدرێت، ئەگەرچی ھێشتا دیار نییە دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق رێگە بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دەدات یان نا، بەڵام پارتی ھەموو ئامادەکارییەکی کردووە. بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دەشڵێ؛ بۆ کورد، ھاوپەیمانی لە ناوچە کوردستانییەکان گرنگ بوو، پارتی زۆر ھەوڵیشی دا، بەڵام ئەوە لایەنەکانی دیکە بوون نەھاتنە پێشەوە.

بۆ ھەڵبژاردنی عێراق، بازنەکان لە ١٨ بازنەوە کراوە بە ٨٣ بازنەی هەڵبژاردن. ئەمەش جۆرێک لە بارگرانیی بۆ ئەو حزبانە دروست کردووە کە لەسەر ئاستی بازنە ناتوانن ببنە ژمارە یەک. ئەوەی زیاتر چانسی ھەیە حزبە گەورەکانن، چونکە وەک سیستەمە کۆنەکەی ھەڵبژاردن نییە، حزبەکان لە ھەر پارێزگایەک دەنگە پەرشوبڵاوەکانیان کۆ بکرێتەوە، ئەم جارە لە ئاستی بازنە دەبێت حزب کێبرکێ بکات بۆ بردنەوەی کورسی، پارتی یەکێک لە حزبە گەورەکانی عێراق، لە ئاستی دەنگ لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٨ی عێراق توانی ببێتە حزبی یەکەم کە ملیۆنێک دەنگ بەسەرەوەی ھێنا.
لە راگەیە‌نراوێکدا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەداوە کە پاشگەزبوونەوە لە وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە نییە و پڕۆسەکە لە ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا دەکرێت.

ڕێژەی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی کارتی دەنگدان (بایۆمەتری)
لە ماوەی ڕابردوودا تا ١٥ی ئەم مانگە، پرۆسەی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی ناوی دەنگدەران بەردەوام بوو، بەپێی ئەو داتانەی لە ئۆفیسی پارێزگاکانی ھەرێم بە دەست "ھەولێر" کەوتووە رێژەی تۆمارکردن و نوێکردنەوە لە ھەولێر گەیشتووتە سەرووی ٧٠%، لەسنووری پارێزگای سلێمانییش سەرووی ٦٧%ی دەنگدەر بەشدارییان لە بایۆمەتریی دەنگدان کردووە، لە پارێزگای دھۆکیش زیاتر لە ٩٣%ی کارتەکان دابەش کراون بەسەر دەنگدەراندا، پڕۆسەی دابەشکردنی کارتی دەنگدان تا ھەفتەیەک بەر لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان بەردەوام دەبێت و ھەفتەیەک پێش ھەڵبژاردن ھەر دەنگدەرێک کارتەکەی وەرنەگرێتەوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ بەغدا و مافی دەنگدانی نابێت".
خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی بۆ "ھەولێر" ڕایگەیاند:" لە ٢٩ بازنەدا بەشداریی لە ھەڵبژاردن دەکەین، وەکو پارتی ھەموو ئەو ئامادەکارییانەمان تەواو کردوون کە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێویستن.
حزبە کوردستانییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان بە تەنیا بەشداریی ھەڵبژاردن دەکەن
تائێستا حزبە کوردستانییەکان ھیچ ھاوپەیمانێتییەکیان بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق پێکنەھێناوە، کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق سێ جار وادەی پێکھێنانی ھاوپەیمانێتیی نێوان لایەنەکانی درێژکردەوە و دوایین وادە ١/٥/٢٠٢١ ـە.
لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق، بەھۆی گۆڕانی میکانیزمی ھەڵبژاردنەکان و دابەشکردنی عێراق لە ١٨ بازنەوە بۆ ٨٣ بازنە، مەترسی لەسەر دەنگەکانی کورد لە ناوچە دابڕێندراوەکان ھەیە، بەجۆرێک کە دوو یان سێ کورسی لەدەستبدات، چونکە شێوازی ھەڵبژاردنەکە لە بەرژەوەندیی حزبە گەورەکانە.

تا ئیستا هیچ هاوپەیمانییەک پێکنەهێنراوە
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دەڵێ:" تا ئێستا ھیچ ھاوپەیمانێتییەک پێکنەھێندراوە. دیارە ھەر لایەنە و دەیەوێت بە تەنیا بەشداری بکات، لە ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشە نییە، چونکە کورسییەکان لایەنەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان نایبەن، بۆ نموونە لە دھۆک ١١ کورسی ھەیە، کێ دەیبات با بیبات، ھەر بۆ کوردە، بەڵام لە نەینەوا، کەرکووک، دیالە و سەلاحەدین، کورد تەنیا نییە و رکابەری ھەیە، ھەر بۆیە پارتی زۆر ھەوڵی بۆ یەک لیستی دا، بەڵام ئەوە لایەنەکانی دیکە بوون نەھاتنە پێشەوە".

ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک
دوای خیانەتی ١٦ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سەپاندنی پارێزگارێکی ناشەرعی، بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک لەلایەن حەشدی شەعبیەوە دەستیان بەسەردا گیرا و، پارتی بەشداریی ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ـی پەرلەمانی عێراقی لەو شارە نەکرد، ھاووڵاتیانی ئەو شارەش داوای گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەکەیان دەکەن و دەڵێن؛ ھەر ئەو حزبە دەتوانێت مافە زەوتکراوەکانیان بۆ وەربگرێتەوە، خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، گوتی:" ھەر چەندە بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی نەبۆتەوە، بەڵام پارتی لە کەرکووک و سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستاندا، بەشداریی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دەکات، ئۆمێدەوارین پێش ھەڵبژاردن بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی ببێتەوە".

 

© 2017 Hawler