ئایار 07, 2021

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی رووسیا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/4/15 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ماکسیم ماکسیمۆڤ بالیۆزی رووسیا لە عێراق کرد کە بە مەبەستی خواحافیزی و کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی هەرێمی کوردستان کردبوو.

لە دیدارەکەدا کە ئۆلێگ لێڤین کونسوڵی گشتی رووسیا لە هەولێر ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دوایین پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کرا.

باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، ستایشی ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستانی کرد بە تایبەتی لە بواری ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری کە دەکرێ ببێتە نموونە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق . ئامادەیی وڵاتەکەشی، بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆزی روسیای کرد بۆ ڕۆڵی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی دوولایەنە، هیوای سەرکەوتنيشی بۆ خواست لە ئەرکی نوێیدا.

سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر پەیوەنديی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و برەودان بە هەماهەنگیی نێوان هەردوولا کردەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر.

 هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.

© 2017 Hawler