ئایار 07, 2021

كۆمكاری عەرەبی سەركۆنەی ھێرشەكەی سەر ھەولێری كرد

ئەمینداری گشتی كۆمكاری دەوڵەتانی عەرەبی، ئەحمەد ئەبولغێت سەركۆنەی ئەو ھێرشەی كرد، كە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە كرایە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و گوتی: ئەو ھێرشە "بەردەوامبوونی ئەو كارە وێرانكاریانەیە، كە ئامانج لێی لەناوبردنی ھەیبەتی دەوڵەتی عێراق و لەباربردنی ئاسایش و سەقامگیریییە لە تەواوی عێراق.

ئەبولغێت ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیاندراوێكدا جەختیكردەوە "سەقامگیری ھەرێمی كوردستان بەشێكە لە سەقامگیری عێراق"، داوای رووبەڕووبوونەوەی هه‌موو ئەو ھەوڵانەشی كرد، كە یەكێتی عێراق و سەروەرییەكەی دەكەنە ئامانج.

ئاماژەشیكرد، كۆمكاری عەرەبی پشتیوانی لە ھەوڵەكانی حكومتی عێراق دەكات "لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چەكی لە یاسا دەرچوو و سەپاندنی یاسا بۆ پاراستنی سەروەری عێراق و ئەمن و سەقامگیریی".

وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان دوێنی ئێوارە رایگەیاند، ھێرشێكی مووشەكی ناوەندی ھێزەكانی  هاوپه‌یمانی نێودەوڵەتیی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر له‌رێگه‌ی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانه‌وه‌ كردە ئامانج و ھێرشەكە ھیچ زیانێكی گیانیی لێنەكەوتەوە.

© 2017 Hawler