حوزەیران 21, 2021

سەربازانی ئەڵمانیا لە ئەفغانستان بیرەکانیان دەنێرنەوە وڵاتەکەیان

سەربازانی ئەڵمانیا، کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ناتۆ لە ئەفغانستانن، لەو وڵاتە دەکشێنەوە، بەڵام ئەوان هەموو ئەو بیرە و خواردنەوە کحولیانەش دەبەنەوە ئەڵمانیا کە ئێستا لە ئەفغانستانن و تایبەتن بە سەربازانی ئەڵمانیا.
 
ئەڵمانەکان بەوە بەناوبانگن، کە زۆریان حەز لە خواردنەوەی بیرەیە... کاتێک سەربازانی ئەڵمانیا چوونە ئەفغانستان کێشەی سەرەکییان خواردنەوەی کحول، بەتایبەتیش بیرە بوو.
 
لە ئەفغانستان بەهۆی بابەتی ئایینی و کولتوورییەوە، بارزگانیکردن بە خواردنەوە کحولییەکان کەمێک زەحمەتە و هەندێکیش لە ترسی گرووپە پەرگیڕەکان ناتوانن ئەو کارە بکەن، بۆیە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا لەڕێگەی وەبەرهێنەرێکەوە لە ئەڵمانیاوە بیرە و خواردنەوەکانی دیکەی گواستەوەتەوە بۆ بنکە سەربازییەکانی ئەڵمانیا لە ئەفغانستان.
 
ئەمریکا بڕیاری داوە لە 11ی سێپتێمبەری ئەمساڵ کۆتایی بە پرۆسەی کشانەوەی سەربازەکانی لە ئەفغانستان بهێنێت. ناتۆش بڕیاری داوە هاوتەریب لەگەڵ ئەمریکا سەربازەکانی بکشێنێتەوە.
 
سەربازە ئەڵمانەکانیش پێش ئەوەی بکشێنەوە، دەبێت چارەسەرێک بۆ ئەو هەموو بیرەیە بدۆزنەوە کە حکومەتی ئەڵمانیا لە رێگەی ئەو کۆمپانیایەوە بۆی ناردوون.
 
گۆڤاری دێر شپیگڵی ئەڵمانی، ئاشکرای کردووە ئێستا زیاتر لە 60 هەزار قوتوی گەورەی بیرە و سەدان بوتڵ شەراب و شامپانیا لە کامپی سەربازی مارماڵ لە نزیک مەزار شەریف لە باکووری ئەفغانستانن، ئەو 60 هەزار قوتوەش 22 هەزار و 500 لیتر بیرەیان تێدایە و وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیاش دەیەوێت بیانگەڕێنێتەوە ئەڵمانیا. کۆمپانیاکەش بڕیاری داوە، پێش کشانەوەی سەربازەکان، بیرەکان بە سەلامەتی بگەیێنێتەوە ئەڵمانیا،
 
ئەڵمانیا 1100 سەربازی رەوانەی ئەفغانستان کردووە، لەو ژمارەیەش تاوەکو ئێستا 59 سەربازی لە رووبەڕووبوونەوەکاندا لەدەستداوە.
© 2017 Hawler