حوزەیران 21, 2021

لە رووداوێکدا لە کەنەدا 4 ئەندامی خێزانێکی موسڵمان گیانیان لەدەستدا

لە شاری لەندەن لە ئۆنتاریۆی کەنەدا، ئۆتۆمبێلێک خۆی کێشا بە خێزانێکی موسڵمان و لە پێنج کەسی خێزانەکە چواری کوشتن. پۆڵ وایت، پۆلیسی لێکۆڵەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "رووداوەکە پیلان بۆداڕێژراو بووە و شۆفێرەکە خۆی بەو کەسانەدا کێشاوە لەبەرئەوەی موسڵمان بوونە."
 
رووداوەکە رۆژی یەکشەممە 07-06-2021 روویداوە، بەڵام پۆلیس ئەمڕۆ زانیارییەکانی ئاشکراکردوون.
 
ئێد هۆلدەر، سەرۆکی شارەوانیی لەندەن نیگەرانیی خۆی لەبەرامبەر رووداوەکە دەربڕی رایگەیاند "ئەمە کردەیەکی کۆمەڵکوژیی بووە لە دژی موسڵمانان، لە دژی لەندەنییەکان ئەنجامدراوە و کردەیەکی رق و کینەی حاشاهەڵنەگرە."
 
پۆلیس بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەو شوفێرەی خۆی بە خێزانە موسڵمانەکەدا کێشاوە، کەسێکی رەشپێستبووە و لایداوەتە شوێنی پیادەڕەوو بەسەریان کەوتووە کە موسڵمانەکان ویستوویانە هاوشێوەی خەڵکی دیکە لە شەقامێکی قەرەباڵخ بپەڕنەوە.
 
خێزانەکان لە 5 ئەندام پێکهاتبوون، هەریەک لە سەلمان ئەفزەڵی تەمەن 46 ساڵ، مەدیحەی تەمەن 44 ساڵم یومنای کچە 15 ساڵانەکەیان، لەگەڵ داپیرەی ئەفزەڵ لەو رووداوەدا گیانیانلەدەستدا. فەیدی تەمەن 9 ساڵانیش بە برینداری رزگاری بووە و ئێستا لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکاندایە.
 
لە راگەیێندراوێکی پۆلیسی لەندەن دا هاتووە "هەرکەسێک کە سەلمان و تەواوی خێزانی سەلمان بناسێت دەزانێت کە ئەمانە نموونەی خێزانێکی موسڵمان، کەنەدی و پاکستانی بوون."
 
شۆفێرەکە ویستی رابکات، لە چەندین ترافیک لایتی سووری دا تاوەکو دوایی لەلایەن پۆلیسەوە لە مۆڵێک دەستگیرا، پۆلیس ئەوەشی ئاشکراکرد کە تۆمەتبارەکە جلی گوللـەنەبڕیشی کردبووە بەری.
 
پۆلیس قسەی لەسەر هێرشکارەکەش کردووە و بەگوتەی ئەوان "کەسێکی رەشپێستی تەمەن 20 ساڵانانە بەناوی ناتانیێل ڤیلتمان، چوار تۆمەتی بەسەردا ساخکراوەتەوە، لەنێویاندا تۆمەتی کوشتن." پۆلیس لەگەڵ داواکاری گشتی و پۆلیسی شاهانەی کەنەدی لە گفتوگۆدایە ئاخۆ تۆمەتی تیرۆری دەچێتەپاڵ یاخود نا.
 
رووداوی هاوشێوە دەگمەنن، بەڵام رووشیان داوە. لە 2018 لە تۆرینتۆ پیاوێک بە ئۆتۆمبێل خۆی کێشا بە پیادەڕەوان، 10 کەسی کوشت و 16ـی دیکەیشی بریندار کرد.
 
ساڵێک پێشتر لە کیبک لە کەنەدا پیاوێک بە چەکەوە هەڵیکوتایە سەر مزگەوتێک و شەش موسڵمانی کوشت و 8ی دیکەی بریندارکردن.
دواترین دەستکاریکردن لەسەر سێ شەممە, 08 حوزەیران 2021 17:08
© 2017 Hawler