ئەم پەڕەیە چاپ بکە

توركیا بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ لە نەوتی موسڵ بەشی خۆی هەبووە

كارزان گلی - هه‌ولێر

 

دروستكردنی دەوڵەتی توركیا لەسەر دەستی موستەفا كەمال ئەتاتورك، رێككەوتنی (لۆزان)_ی بە دوای خۆیدا هێنا، كە توركیا لەو رێككەوتنەدا سنوورەكانی لە لایەن وڵاتانی ئیمپریالیزم بۆ كێشرا و، توانی چەند دوورگەیەكی یۆنان بۆ خۆی مسۆگەر بكات و چەند دوورگەیەكی تریش لە دەست بدات. هەروەها خاكی عێڕاقیشی بە تەواوی لە دەستدا، بەڵام بە چەند مەرجێك.

زۆرجار رەجەب تەییب ئەردۆغان باسی ولایەتی موسڵ دەكات، كە پێشتر لە ژێر دەستی داگیركاری عوسمانییەكان بووە.
لە رێككەوتنی (لۆزان) بە ئامادەبوونی فەڕەنسا و بەریتانیا، توركیا بەو مەرجە لە موسڵ كشایەوە، كە ٣٠٪ داهاتی نەوتی ئەو شارە بۆ توركیا بێت.
تەها ئاكیول مێژوونووس و نووسەری دیاری توركیا، چەندین جار گوتویەتی توركیا تا ساڵی ١٩٦٠ ساڵانە ٣٠٪ داهاتی نەوتی موسڵی لە لایەن عێڕاقەوە بۆ هاتووە.
بەڵام دوای ئەوەی عەبدولكەریم قاسم هاتووەتە سەر دەسەڵات و دوای ئەویش سەرۆكەكانی تر، حكوومەتی عێڕاق گوتوویانە ئێمە بۆچی ئەو سەرانەیە بدەینە توركیا؟ ئەوان ئەو ٣٠٪ەی نەوتی موسڵیان بۆ توركیا بڕی.
بە هۆی ئەوەی توركیا كێشەی ناوەخۆیی زۆر بووە، كودەتا بەسەر عەدنان مەندەریس كرا و پاشان بارودۆخی سیاسی تێك چوو، توركیا نەیتوانی پاڵەپەستۆ بخاتە سەر عێڕاق بۆ بابەتی پارەی نەوتی موسڵ.
ئاكیول ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە بە هۆی ئەوەی توركیا بێدەنگ بووە لە وەرگرتنی ٣٠٪ی داهاتی نەوتی موسڵ، بۆیە بابەتەكە كۆتایی پێ هات و ئیدی پرسی وەرگرتنی ٣٠٪ی نەوتی موسڵ لە لایەن توركیاوە داخرا.
ئەو باسی لەوە كرد، كە هەڵەیەكی گەورە بووە توركیا چاوپۆشی لەو بابەتە كردووە، چونكە ئەمە رێككەوتنە و دەبێت ببرێتە سەر.
هەر بۆ زانیاری، توركیا تا كودەتایەكەی ١٩٨٠ بە سەرۆكایەتی كەنان ئێڤرەن، لە بودجەی ساڵانەی وڵاتی توركیا، ٣٠٪ داهاتی نەوتی موسڵ لە بودجە جێگر كراوە، بەڵام وەریان نەگرتووە.
باشە توركیا بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ ٣٠٪ نەوتی موسڵ بۆ خۆی ببات، بەبێ ئەوەی موسڵ هیچ پەیوەندییەكی بە توركیاوە هەبێت، ئەی بۆچی بۆ كوردێك كە كەركووك خاكی خۆیەتی و زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن گوناح بێت باس لە داهاتی نەوتەكەی بكات؟
ئێستا كە كورد داوای مووچەی نیوەی فەرمانبەران دەكات لە عێڕاق، بەشێك وا دەزانن ئەو پارەیە بەخێر و سەدەقە دەدرێتە كورد، نازانن ئەوە پارەی نەوتی خۆمانە و دەیان ساڵە دەیدزن و مانگانەش وەكو خێر بەشێكی كەممان دەدەنێ.
هەر ئەو تەها ئاكیوڵەی مێژوونووسی توركیایە، لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی (CNN) بەشی توركی دانی پێدانا، كە سەدەمانێك موسڵ زۆرینەی دانیشتوانەكەی كورد بووە و بە پلەی دووەمیش توركمان و سێیەمیش عەرەب.
كەواتە كورد مافی خۆیەتی لە داهاتی نەوتی موسڵ و كەركووك بەشی خۆی هەبێت، ئەمەش نە خێرە و نە سەدەقەیە.