ئایار 07, 2021

دوو شەڕی کوشندە لە یەک کاتدا، شەڕی کۆڕۆنا و بەربڵاوبوونی ماددە هۆشبەرەکان

ڕاپۆرتێکی (سی‌ئێن‌ئێن) ی ئەمەریکی تیشکی خستۆتەسەر دوو بابەتی گرنگ و هەستیار لە عێراقدا، کە هەردووکیان بکوژی سەرسەختن و، وڵاتیان خستۆتە بەردەم ئاگادارییەوە کە دۆخی خراپی کۆڕۆنا و، بڵاوبونەوەی ماددە هۆشبەرەکانن.

یەکێک لە بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان کە ئێستا لە زیندانێکی عێراقدایە بەناوی (خالید) کە پێشتر کارمەندی ئاسایش بووە و دوای هاتنی داعش ئیشەکەی لەدەستداوە و توشی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بووە، ئەو بۆ ڕاپۆرتەکە دەڵێ ( بارودۆخی وڵاتەکە دژوارە، دەچی و بەدوای ئیشدا دەگەڕێی بەڵام ئیش نیە، جارێک، دووجار تا بەتەڵەی (کریستاڵ مێس، مێسادۆن) وە بووم و نەمتوانی لێی بێمەدەرێ).
لە زیندانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕووبەڕووبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە بەغداد خەڵکی جۆراوجۆری تێدایە لە بەکار‌هێنەران و قاچاخچیەکان کە هەریەکەیان چێرۆکێکی درێژی هەیە، زۆربەیان بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئابووری خراپی دوورودرێژی ناوچەکەیان بۆ ئەو دۆخە دەگێڕنەوە کە تێیکەوتوون.
زیندانەکانی ڕووبەڕووبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان زۆر قەرەباڵغ و پڕن، بەشی پیاوان و ژنان جیایە بەڵام هەردوو بەش دوو ئەوەندەی ژمارەی خۆیان تێدایە.
بەرپرسی بەشی ڕووبەڕووبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان (محمد علوان) گوتی، توانامان نیە، هەندێک جار پێویستە چالاکیەکانمان هێواشبکەینەوە لەبەر نەبوونی جێگا بۆ زیندانیەکان بەتایبەتی لە ئێستادا کە لەپاندێمێکی کۆڕۆناداین.
هەروەها گوتی، بەپێی خەمڵاندنەکان نزیکەی (١٠%) ی خەڵکی ناوچەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنەکانی تێدادەکات توشبووی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و، (کریستال مێس) زۆر بەربڵاوبووە.
وە بەشێک لەوانەی قسەیان بۆ ڕاپۆرتەکە کردوە دەڵێن پاندێمێکی کۆڕۆنا بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانی زیاددکردوە.
دیارە ساڵانێک لەدوای شەڕی وێرانکەر لە عێراق و، کەڵەکەبوونی گەندەڵی، بارودۆخی خراپی ئابووری بۆ زۆربەی عێراقیەکان دژوار و ناهەموارکردوە.
گەنجانی عێراقی ئیشیان دەستناکەوێ، ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە زۆربەیان دەرچوو و خاوەن بڕوانامەن، وە هاتنی کۆڕۆناش لە ساڵی (٢٠٢٠)دا فووی زیاتری بەو دۆخە خراپیەی بێ ئیشی لەو وڵاتەدا کردوە.
بەپێی ڕاپۆرتی بانکی جیهانی، چاوەڕێ دەکرێ ملیۆنان عێراقی بکەونە هەژاری سەختەوە بەهۆی کۆڤید – ١٩ و، هەروەها دۆخی خراپی بازاڕی نەوت کە سەرچاوەی داهاتی ئەو وڵاتەیە.
بەهۆی ئەو بارودۆخە خراپەوە بەشێک لە گەنجان وڵاتەکە بەجێ دێڵن، هاوکات بەشێکی دیکەش دەکەونە داوای بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و تاهەتایە دواڕۆژیان وێراندەبێت.
(عماد حسین) ئەفسەری بەشی ڕووبەڕووبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان گوتی، بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان ڕێگای جیاجیا بەکاردێنن بۆ بەرفراوانکردنی تۆڕی بەکارهێنانی ماددەکانیان، سەرەتا بە خۆڕایی ماددە هۆشبەرەکان دەدەنە ئەوانەی کەمتوانان و خەڵکی بێ ئیش و بێ داهاتن تاوەکوو موعتاد دەبن و دەبنە توشبووی یەکجارەکی.
دواتر ئەو کەسانە بۆ ئەوەی دەرمانەکانیان دەستبکەوێ پەنا بۆ چەندین کاری خراپ دەبەن لە جۆری دزیکردن، وە هەندێک جار هەر ئەو کەسانە دەبنە گوێزەرەوەی ماددە هۆشبەرەکان هەر بۆ ئەوەی بڕێک ماددەیان دەستبکەوێ.
لەسەردەمی ڕژێمی (سەددام حسێن) دا بەکاربەران و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان سزای کوشتنیان هەبوو، بەڵام لەدوای ئازادی عێراق ئەو سزایانە سووککراون و هاوکات لە سنوورەکانیش ڕێکارەکانیان توندنین بۆ ڕووبەڕووبونەوەی بازرگانەکانی ماددە هۆشبەرەکان.
بەرپرسانی ئەو بەشە دەڵێن، قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان لەسەردەمی داعشدا زۆر بەرزبۆوە، (ئەمفێتامین) لەنێو چەکدارەکانیاندا زۆر باوبوە و لە سووریاوە هێناویانەتە عێراق.
سەبارەت بە ئێستا، بەرپرسێکی بەشی ڕووبەڕووبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بە ڕاپۆرتەکەی گوتوە، لە ئێستادا سنوورەکانی عێراق لەگەڵ ئێران بەتایبەتی لەناوچەکانی سنووری باشووری عێراق قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکانی زۆر تێدا بەربڵاوە و، ماددەکانی وەکوو (کریستال مێس) نزیکەی (٦٠%) بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان پێکدێنن کە لە ناوچە سنوورییەکانەوە دێنە ناو عێراقەوە.
وە (علوان) ئەفسەری بەشی ڕووبەڕووبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە بەغدا گوتی، وڵاتانی درواسێ ئەوە بەکاردێنن بۆ تێکدانی کۆمەڵگای عێراقی، ئێمە چەندین کەناڵی جۆراوجۆرمان لەگەڵ ئێراندا دروستکردوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو پرسە بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوینەتە ڕێکەوتنێک بۆ بنەبڕکردنی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان بە هەماهەنگی و پێکەوەیی.
ڕاپۆرتەکە پەیوەندی بە وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە کردوە بۆ زانیاری لەسەر ئۆپەراسیۆنی دژ بە قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر سنوور بەڵام هیچ وەڵامیان نەداونەوە.
هەندێک لەوانەی قسەیان بۆ ڕاپۆرتەکە کردوە لە بەرپرسانی ئەو بەشە دەڵێن، بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان زۆریان سوننە توندڕەوەکان و، میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران و، گروپە مافیاکانن.
شیاوی باسکردنە، عێراق لەبەردەم دۆخێکی مەترسی ماددە هۆشبەرەکاندایە، سنوورەکانی عێراق بەتایبەتی سنووری لەگەڵ ئێران یەکێکە لەو دەروازانەی کە قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکانی لێوەدەکرێ و دەڕژێتە عێراقەوە، وە هاتنی پاندێمێکی کۆڕۆناش دۆخەکەی لەبەردەم زۆربوونی ماددە هۆشبەرەکاندا کراوەتر کردوە.
عێراق بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان تواناکانی لاوازن و گرنگی زۆری پێنەداوە، شارەزایان دەڵێن هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ سنورداری دەسەڵاتەکانی حکوومەت بەسەر میلشیا گروپەکاندا، بەڵام کێشە و ململانێیەکان و، گەندەڵی و، بارودۆخی کۆڕۆناش هاوکات زەمینەیان بۆ بڵاوبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان سازترکردوە.
بەرپرسانی بەشی ڕووبەڕووبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێن سزایەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق سوک و لاوازن، بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان لە توندترین سزادا نزیکەی (١٥ ساڵ) زیندانی دەکرێن، وە بەکارهێنەرانیشی تا ساڵێک سزادەدرێن، ڕەنگە ئەوەش هۆکارێکی دیکەی بەردەوامی و زۆربوونی ماددە هۆشبەرەکان بێت لە عێراق.
سەنتەرەکانی چاکسازی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق لە ئاستی پێویستدا نین و توانایان سنوردارە، پڕ و قەرەباڵغن و، زۆرجار دکتۆر و پەرستارەکان زووتر لەوەی کە پێویستە خەڵکانی توشبوو لە سەنتەرەکان دەنێرنەوە سەر ژیانی ئاسایی ڕۆژانەیان کە هێشتا چارەسەرنەبوون.
شارەزیان دەڵێن وڵاتەکە لەشەڕدایە، شەڕێک کە مەترسی دۆڕانی لێدەکرێت، (حسێن علوان) کە ئەفسەری بەشی ڕووبەڕووبونەوەی ماددە هۆشبەرەکانە دەڵێت، دوژمنەکانی وڵاتەکەمان هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی نەهێڵن پێشبکەوین، ئەوان ئەوە لەشێوەی جەنگدا لەگەڵ ئێمە دەکەن و دەیانەوێ ڕیشەی کۆمەڵگاکەمان بڕوخێنن و، گەنجەکانمان لەناوببەن.

© 2017 Hawler