ئایار 07, 2021

لە توركیا ١٨ ملیۆن كەس كوتانی دژە كۆرۆنایان وەرگرتووە

حكوومەتی توركیا پەلەیەتی تا لە رێگەی كوتانی هاووڵاتیانییەوە دۆخی كۆمەڵاتی و ژیان ئاسایی بكاتەوە، تاوەكوو ئێستاش ١٨ ملیۆن كەس لە تەواوی توركیادا كوتانی دژە كۆرۆنایان وەرگرتووە. وەزارەتی تەندروستیش داوا لە خەڵك دەكات بڕۆن خۆیان بكوتن.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی وەزارەتی تەندروستی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، لە تەواوی توركیادا ١٨ ملیۆن كەس كوتانی دژە كۆڕۆنای وەرگرتووە، لە باكووری كوردستانیش پڕۆسەكە بە باشی بەڕێوە دەچێت، بەڵام لە ئیستانبۆڵ وەكوو پێویست نییە.
ئاژانسی (سپوتنیك) بڵاوی كردووەتەوە، لە ئیستانبۆڵ، ٢٥٠ هەزار كەس نۆرەیان هاتووە تا خۆیان بكوتن، بەڵام نەهاتوون بۆ كوتان. وەزیری تەندروستیش هۆشداری دەداتە ئەو كەسانە، كە بارودۆخەكە مەترسییە، بۆیە بەبێ دوو دڵی پێویستە خۆیان بكوتن.
كەمالەدین ئایدن شارەزا لە ڤایرۆسە كوشندەكان، قسەی بۆ تەلەڤزیۆنی (TRT) كردووە و، دەڵێت هیچ مومكین نییە، كەسێك خۆی كوتابێت و پاشان تووشی كۆرۆنا ببێتەوە، ئەوەی باس دەكرێت درۆیە و بڕوای پێ مەكەن.
ئەو دەڵێت: ”ئەوەی خۆی بكوتێت، دوای یەك هەفتە لەڕووی دەروونییەوە هەست دەكات هەنگاوێكی زۆر چووتە پێش و ترسی تووشبوونی بە كۆرۆنای نامێنێت. ئەوەی دەڵێت دوای كوتانیش تووشی كۆرۆنا دەبمەوە هیچ بنەمایەكی نییە. لە توركیا بە داخەوە ٧٥٪ی هاووڵاتیان بڕوایان بە كوتان هەیە، بۆیە گرنگە وەزارەتی تەندروستی و لایەنی پەیوەندیدار، ئەو رێژەیە بگەیەننە ١٠٠٪، چونكە ژیان ئاسایی دەكاتەوە و مەترسی مردن كەم دەكاتەوە“.
لە باكووری كوردستان، هاووڵاتیان وەكوو پێویست خۆیان دەكوتن، بە تایبەت ئەوانەی تەمەنیان لەسەرووی ٦٠ ساڵانەوەیە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، دابەشكردنی دۆزی كوتانی كۆرۆنا لە توركیا بە شێوەیەكی عادیلانە بەسەر هەموو شارەكانی توركیا دابەش دەكرێت. لە باكووری كوردستان، ژمارەی پێكوتە زۆرە و رۆژانەی هەزاران كەس روو لە بنكە تەندروستییەكان دەكەن بۆ كوتانی خۆیان.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، توركیا لەڕووی تووشبوون بە كۆرۆنا لە لوتكەیە و رۆژانە زیاتر لە ٥٠ هەزار كەس تووشی كۆرۆنا دەبێت و زیاتر لە ٢٠٠ كەسیش بە كۆرۆنا گیان لە دەست دەدات، بۆیە وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان دەكات بە پەلە خۆیان بكوتن.

 

© 2017 Hawler