ئایار 07, 2021

دوو کۆڵبەری ڕۆژهەڵات بریندار بوون

دوو کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی شنۆ و بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی دەسەڵاتی ئێران لە سەر سنوور بریندار کران.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ١٩ی خاکەلێوە، هێزە چەکدارەکانی سەر سنووری رۆژهەڵات تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر لەسەر سنووری شاری شنۆ کرد و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بەناوی "حەکیم عوسمانی"، کوڕی سالێح خەڵکی ئاوایی میراوێ سەر بە شاری شنۆ، بە توندی بریندار بوو بەجۆرێک کە سێ فیشەکی بەرکەوتووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەیەکی باشووری کوردستان ڕەوانە کراوە.
لەلایەکی دیکەشەوە لە بەرزاییەکانی سنووری شاری بانە کۆڵبەرێک بەناوی "ئیسماعیل ڕەحیمی" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بریندار بووە.
رۆژ نییە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ڕاستەوخۆ تەقە لە کۆڵبەران نەکرێت لە لایەن دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە ئەویش بۆ پارووە نانێک کە بە کولەمەرگی لاوان بە ژن و پیاو و پیرەوە دەیان و کیلۆمەتر دەبڕن تا بتوانن بژیوی ژیانیان بەدەست بهێنن.

© 2017 Hawler