کانونی دووەم 20, 2018

پاپا فره‌نسیس: هیواخوازم ئه‌و پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتی و ته‌باییه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ بۆ هه‌میشه‌ به‌رده‌وام بێت

رۆژی هه‌ینی 12/1 له‌ ڤاتیكان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ فه‌رمی له‌لایه‌ن قه‌داسه‌تی پاپا فره‌نسیسه‌وه‌ پێشوازی لێكرا.

له‌ كۆبوونه‌یه‌كی دووقۆڵیدا قه‌داسه‌تی پاپا سوپاسی ئه‌م سه‌ردانه‌ی كرد و خۆشحاڵیی خۆی به‌ دووباره‌ دیدار و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی ده‌ربڕی. هه‌روه‌ها سوپاسی حكوومه‌ت و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ میواندارییان له‌ ئاواره‌كان به‌گشتی و به‌تایبه‌تی كریستیانه‌كان كه‌ له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕی تیرۆرستانی داعش و ڕووداوه‌كانی دواتر ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بوون.
قه‌داسه‌تی پاپا هیوای خواست ئه‌و پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتی و ته‌باییه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ بۆ هه‌میشه‌ به‌رده‌وام بێت و هه‌موو كێشه‌ و گرفته‌كان له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و ئاشتی و لێكگه‌یشتنه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن. هه‌روه‌ها هیوای سه‌قامگیری و ئاشتی بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ و كوردستان به‌تایبه‌تی و هه‌موو پێكهاته‌كانی خواست و گوتی نزاتان بۆ ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتوو بن و له‌ ته‌بایی و پێكه‌وه‌ژیان به‌رده‌وام بن.
لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵیی خۆی به‌ دووباره‌ سه‌ردان و دیداری قه‌داسه‌تی پاپا فره‌نسیس ده‌ربڕی، پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی دۆخی ئێستای ناوچه‌ و پێشهاته‌ سیاسی و ئابووریه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ دوا دیداریانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ قه‌داسه‌تیان تا ئێستا پێشكه‌ش كرد، هه‌ر له‌ سه‌ركه‌وتن به‌ سه‌ر داعشدا، كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، تا ڕووداوه‌كانی دواتر كه‌ بوونه‌ هۆی ئاواربوونه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی گه‌ڕابوونه‌وه‌ ناوچه‌كانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان.
سه‌رۆك وه‌زیران هیوای خواست قه‌داسه‌تی پاپا پێگه و ڕۆڵی خۆی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا بگێڕێت، ڕوونیشی كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وێڕای دۆخه‌ سه‌خته‌كه‌ی، به‌ڵام ده‌رگا و دڵی كراوه‌ بووه‌ بۆ پێشوازیكردن له‌ ئاواره‌كان و هه‌وڵی جددیشی داوه‌ كه‌ خوشك و برایانی كریستیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانیان و له‌گه‌ڵ كه‌نیسه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵیان داوه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كریستیان وڵات جێنه‌هێڵن. جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پاراستنی ئه‌و ته‌بایی و پێكه‌وژیانه‌ی پێكهاته‌كان‌ كه‌ به‌شێكی گرنگی كه‌لتووری هه‌رێمی كوردستانه‌.
دواتر هه‌ر له‌ ڤاتیكان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ پیێترۆ پارۆلین، سه‌رۆك وه‌زیرانی ڤاتیكان، نێچیرڤان بارزانی تیشكی خسته‌ سه‌ر دۆخی سیاسی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان و دوایین پێشهاته‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ ده‌سپێكردنی دیالۆگی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵی عیراق ده‌درێن.
پیێترۆ پارۆلین، سه‌رۆك وه‌زیرانی ڤاتیكان، وێڕای سوپاسكردنی حكوومه‌ت و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بۆ یارمه‌تیدان و هاوكاریكردنی ئاواره‌كان، به‌تایبه‌تیش كریستیانه‌كان، هیوای خواست هه‌موو كێشه‌ و ناكۆكییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا له ڕێگه‌ی دیالۆگ و لێكگه‌یشتنه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.

Trending Now

ئه‌رشیف رۆژنامه‌كان

ک دووەم 07, 2018 Rate: 0.00

جۆلانەکەی عێراق

جۆلانەکەی عێراق

ک دووەم 08, 2018 Rate: 0.00

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples

Please publish modules in offcanvas position.