کانونی دووەم 20, 2018

عەبادی تا ئێستا هیچ لە بەڵێنەكانی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان جێبەجێ نەكردووە

حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیێنێت، قسەكانی حەیدەر عەبادی، نامانگەیێنێتە هیچ ئەنجامێك و ئەگەر حكوومەتی عێراق بەڕاستی نیازی چارەسەركردنی كێشەكانی هەیە، با بێت لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆیەكی جیدی بكات. لەلایەكی دیكەوە، باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عێراق رایگەیاند، هانی گفتوگۆ لە نێوان بەغدا و هەولێر دەدەین و هەروەها هانی بەغدا دەدەین بۆ پێدانی مووچە و چارەسەركردنی كێشەی دەروازە سنوورییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

بەبڕوای مامۆستایانی زانكۆ، ئەوەی ئێستا عێراق و عەبادی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان دەیكەن، ئەمانە ڕۆژانە پێشێڵكردنی بڕگە و بنەما و ماددەكانی دەستووری عێراقن، چونكە ئەوەی ئێستا حكوومەتی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان دەكات، لە سزادانی بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستان زیاتر، هیچ شتێكی دیكە نیە، ئەمە لە كاتێكدایە كە حكوومەتی هەرێم بەردەوام تەئكیدی لەسەر جێبەجێكردنی دەستوور كردۆتەوە، چونكە ئەگەر دەستوور وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندایە، بۆیە ئەگەر حەیدەر عەبادی، بیەوێت بۆ چارەكردنی كێشەكان دانوستاندن لەگەڵ هەرێمی كورستان بكات، پێویستە دانوستاندنێكی دەستووری، پڕۆفیشناڵ بێت.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی لێدوانەكانی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراقی دایەوە، كە لەدوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا بوو كە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكەن و مووچەیان بۆ خەرج دەكەن، بەڵام بە رێگەی خۆمان نەك بە رێگەی ئەوان.
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی قسەكانی عەبادی رایدەگەیێنێت "لێدوانەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئیدی بوونەتە مۆدەیەكی هەفتانە و بەردەوام هەمان شت دووبارە دەكاتەوە، نامانگەیەنێتە هیچ ئەنجامێك!. تەنیا بە قسە و لێدوانی رۆژنامەوانی و بەڵێنی جێبەجێنەكراو، هیچ شتێك چارەسەر نابێت!. ئەگەر حكوومەتی عێراق بەڕاستی نیازی چارەسەركردنی كێشەكانی هەیە، فەرموو با بێت لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆیەكی جیدی بكات و بەپێی دەستوور كێشەكان چارەسەر بكەین و بگەینە ئەنجامێك لە بەرژوەندیی هەموو عێراق و هەرێمی كوردستاندا بێت، هیوادارین ئیدی لە قۆناغی لێدوانی رۆژنامەوانی و قسەی دووبارە دەربازببین و هەنگاوی كردەیی بنرێن!".
دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق دەڵێ، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا جەخت لەسەر بوونی كوردستان لە عێراقێكی یەكگرتوو دەكاتەوە و لە داهاتوودا دیدارمان لەگەڵ سیاسەتوانانی عێراق دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق باسی هەوڵەكانی وڵاتەكەی كرد بۆ گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا و گوتی" كار بۆ هاندانی گفتوگۆ و دانوستاندن لە نێوان بەغدا و هەولێر دەكەین"، ویلایەتە یەكگرتووەكان هانی بەغدا دەدات بۆ پێدانی مووچە و چارەسەركردنی كێشەی دەروازە سنوورییەكان و هەماهەنگی ئەمنی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
د. لوقمان نەسرەدین، مامۆستای زانكۆ بۆ "هەولێر" دەڵێ، بەغدا بەردەوامە لە پێشێڵكردنی دەستوور، ئەوەی ئێستا عێراق و عەبادی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان دەیكەن، ئەمانە رۆژانە پێشێڵكردنی بڕگە و بنەما و ماددەكانی دەستووری عێراقین، كە خۆیان زۆر جار باسی لێوە دەكەن و دەیانەوێت جێبەجێ بكەن، مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای غێر وەكو كیانی هەرێمی كوردستان، پێچەوانەی دەستووری عێراقە، چونكە هەرێمی كوردستان كیانێكی یاسایی، دەستووری، سیاسی دانپێدانراوە، لەناو دەستووری عێراقی، لە ماددەی 117 و 121 و مادەكانی دیكە هاتووە و زۆر بە ڕوونی باس كراوە.
روونیشیكردەوە، بەڵێنەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەژێر فشاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدایە، بەتایبەتی بانكی نێودەوڵەتی، كە پارە بە قەرز دەداتە عێراق، بەمەرجی ئەوەی بوودجەی كوردستان بە تەواوەتی ڕەوانە بكات، هەر ئەوەش وای كردووە كە حەیدە عەبادی كەمێك نەرمی بنوێنێت.
د. ئازاد ڕەشید، مامۆستای زانكۆ لە دهۆك، بۆ "هەولێر" ئاشكرای كرد، حكوومەتی هەرێم بەردەوام تەئكیدی لەسەر جێبەجێكردنی دەستوور كردۆتەوە، چونكە ئەگەر دەستوور وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندایە، هەر لەبەر ئەوەش بەردەوام دەڵێ، ئێمە هەموو داتا و بەڵگە پێویستەكانمان خستوونەتە بەردەم حكوومەتی عێراق، لەگەڵ ئەوەی ئامادەی گفتوگۆ و چارەكردنی كێشەكانین بە پێی دەستوور.
دەشڵێ: حكوومەتی عێراق زۆر زەحمەتە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان ڕەوانە بكات، لەبەر ئەوەی حەیدەر عەبادی زۆر بەڵێنی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان داوە و هیچ كام لە بەڵێنەكانیشی تا ئێستا جێبەجێ نەكراون، ئەگەر حەیدەر عەبادی بیەوێت بۆ چارەكردنی كێشەكان دانوستاندن لەگەڵ هەرێمی كورستان بكات دەبێت دانوستاندنێكی دەستووری، پڕۆفیشناڵ، دانوستاندنێكی ئەكادیمی بێت، كە هەرێمی كوردستان باس لەوە دەكات كە عێراق 56 مادەی دەستووری پێشێڵكردوونە، دەبێت بە مەلەفێكی ئەستوورەوە بچێتە بەغدا و هەموو ئەو مەلەفانەی بەلای ئێمەوە لە دەستووری عێراقی پێشێلكراون، بیان دەینە دادگای فیدڕاڵی، بیان دەینە لایەنە سیاسییەكان و گفتوگۆیەكی تەكنیكی، ئەكادیمی بێت.
د. پیرس داود، مامۆستای زانكۆ بۆ "هەلێر" ڕوونیكردەوە، هەموو كاتێك حكوومەتی هەرێم داوای جێبەجێ كردنی بڕگە و ماددەكانی دەستووری كردووە، هەر بۆیە ئێستا ئامادەیە بە دیالۆك كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارە بكات، بەڵام تا ئێستا حكوومەتی عێراق هیچ لە بڕگە و ماددەكانی دەستووری جێبەجێ نەكردوونە، تەنیا ئەوانە نەبن كە لە بەرژەوەندی ئەواندانە.
د. پیرس داود، زیاتر دەڵێ، حكوومەتی هەرێم پەنای بردۆتە بەر چەند هەنگاوێك، بۆ نموونە كە بڕیاری سەربەخۆیی ئابووریدا بۆ دەرهێنانی نەوت، لە ئەنجامی ئەوە بوو كە مافە داراییەكانی گەلی كوردستان دەستەبەر ناكات، كە هەر ساڵە و بە بیانۆیەك بەشێك لە بوودجەی كوردستان نەیدەدا و دەبڕدرا".

Trending Now

ئه‌رشیف رۆژنامه‌كان

ک دووەم 07, 2018 Rate: 0.00

جۆلانەکەی عێراق

جۆلانەکەی عێراق

ک دووەم 08, 2018 Rate: 0.00

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples

Please publish modules in offcanvas position.