کانونی دووەم 20, 2018

تا ئێستا هەڵوێستی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان هیچ گۆڕانكاریەكی بەسەردا نەهاتووە

بە بڕوای لایەنەكان و چاودێران، كورد چەند بتوانێت یەك بێت باشترە، بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، هەر لەبەر ئەوەش پێویستە كورد بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكات، لەگەڵ ئەوەی پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی كورد ناو ماڵی خۆی ڕێكبخاتەوە، هەر ئەوەش دەكەوێتە سەر ملی لایەنە سیاسییەكان كە لەسەر بەرنامەیەك كۆك بن كە لە بەرژەوەندی كوردستاندا بێت، كە ئێستا لایەنە عێراقییەكان گرەو لەسەر پەرتەوازە بوونی كورد دەكەن.

لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر، هێمن هەورامی، بەرپرسی كاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەكان لە نووسینگەی سەرۆك بارزانی نوسیوێتی، دەمانەوێت پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت.
هێمن هەورامی، ئەوەشی گوت: لە ئێستادا حزب و لایەنە كوردستانییەكان پێویستیان بە یەكڕیزی و پێكهێنانی لیستێكی هاوبەشی یەكگرتووە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
ناوبراو ئەوەشی گوتووە، لە كۆبوونەوەی رۆژی یەكشەممە 7ی كانونی دووەمی 2018ی نێوان مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی جەخت لەوە كراوەتەوە، پێویستە لایەنە كوردستانییەكان بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بكەن.
د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد بۆ "هەولێر" دیاركرد، كورد چەند بتوانێت یەك بێت باشترە، بەڵام ئەگەر یەك نەبن و بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكانی عێراق نەكەن، هەر حزبێك بۆ خۆی بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات و پاشان بە پێی ئەنجامەكە هاوپەیمانیەتی پێك بهێنن، وەكو ئەوەی لە رابردوو هەبوو باشە، بەڵام ئەگەر یەك بن باشترە، بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، خیلافاتی سیاسی نابێت كاریگەری هەبێت و دەبێت هەوڵ بدەن یەك بن.
د. مەحموود عوسمان، ئەوەشی دركاند، پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی كورد ناو ماڵی خۆی ڕێكبخاتەوە و بەرامبەر بە عێراق یەكگرتوو بێت، بەڵام بەداخەوە ئێستا لە كوردستان یەكڕیزی نیە، بەڵام ئەوەی گرنگە دەبێت دژی یەك نەبن و هەر یەكە و خەباتی خۆی بكات و لە بابەتی بەرژەوەندی كورد یەكگرتوو بن چاكترە، هەر لەو قۆناغەشدا هەر ئەوە دەكەوێتە سەر ملی لایەنە سیاسییەكان كە یەكگرتوو و یەكڕیز بن و كۆببنەوە و رێككەوتن بكەن لەسەر بەرنامەیەك كە لە بەرژەوەندی كوردستاندا بێت.
ئەو سیاسەتمەدارەی كورد زیاتر گوتی: تا ئێستا هەڵوێستی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، جددی نیە لە بابەتی گفتوگۆ و ناردنی مووچەی فەرمانبەران، ئەوەش پەیوەندی بە هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە هەیە، زیاتر دەیانەوێت فشار لە كورد بكەن، چونكە دەزانن لەو قۆناغەدا كوردیش یەكگرتوو نیە، بۆیە فشارەكان زیاتر دەكەن.
د. موسلیح محەمەد، مامۆستای زانكۆ بە "هەولێر"ـی گوت: بڕیار وایە هەڵبژاردنەكانی عێراق لە مانگی 5 ئەنجام بدرێن، پێشموایە لە كاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت، بۆ دەستكەوت و دەنگی زیاتر لایەنە سیاسییەكان هەموو شتێك دەكەن، بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بۆ خۆیان كۆبكەنەوە، لێرەدا كورد ژمارەیەكی قورسە لەناو پەرلەمان، هەر لایەنێك بیەوێت سەركەوێت و بچێتە سەر كورسی دەسەڵات، دەبێت خۆی لە كورد نزیك بكاتەوە، ئەوەش بەندە بە جێبەجێ كردنی داواكارییەكانی كورددەوە.
دەشڵێ، باشترین شت بۆ كورد لە هەڵبژاردنی داهاتوو یەكڕیزی و دروستكردنی هاوپەیمانیەتیە، چونكە كورد ئەگەر بە یەك لیست بچێتە هەڵبژاردنەكان بەتایبەتی لەو قۆناغە هەستیارەی كە كوردستان و ناوچەكە پێدا تێپەڕ دەبێت، دەتوانن زۆر شت بە دەست بهێنن، بۆیە پێویستە كورد یەكڕیز بێت و بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات، چونكە یەكڕیزی كورد تاكە زامنی پاراستنی دەستكەوتەكان و دەستكەوتی زیاترە، بەڵام ئەگەر پەرتەوازە بن و هەر یەكە و بۆ خۆیان بچن و بەشداری لە هەڵبژاردنەكان بكەن، ناتوانن هیچ بكەن و هیچ دەستكەوتێك بە دەست ناهێنن، كە ئێستا لایەنە عێراقییەكان گرەو لەسەر ئەوە دەكەن كە كورد لاواز بكەن و پەرتەوازە بكەن، وەكو ئەوەی ئێستا هەیە كە كورد لە پەرلەمان پەرتەوازەیە و هەر یەكە و بۆ خۆی دەڕوات، كە لە زۆر شت ناكۆكیان هەیە و بە یەكەوە نین، بۆیە ئەگەر كورد بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات، دەتوانن قورسای هەرێمی كوردستان بگەڕێنەوە و دەبنە ژمارەیەكی گەورە لە پەرلەمانی عێراق".

 

Trending Now

ئه‌رشیف رۆژنامه‌كان

ک دووەم 07, 2018 Rate: 0.00

جۆلانەکەی عێراق

جۆلانەکەی عێراق

ک دووەم 08, 2018 Rate: 0.00

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples

Please publish modules in offcanvas position.