کانونی دووەم 20, 2018

دیندار دۆسكی: هێزی كوردستان لە یەكڕیزی و یەكگرتنی لایەنە سیاسییەكاندایە

لە چەند رۆژی رابردوودا شاندێكی حزبی كە پێكهاتبوو لە نوێنەری گۆڕان و كۆمەڵ و هاوپەیمانی، سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی بەغدا كۆبوونەوە، سەردانی ئەو سێ لایەنە لە كاتێكدایە كە حكوومەتی بەغدا بەردەوامە لە سزادانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و تا ئێستا رەتیكردووەتەوە كە مافە یاسایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بدات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە حكوومەتی هەرێم ئامادەیی هەموو جۆرە رێككەوتنێكی لەگەڵ حكوومەتی عێراق لە چوارچێوەی دەستوور نیشانداوە.

سیاسەتمەدارێكی كوردیش دەڵێ: هەڵەیەكی زۆر گەورەیە كە حزب و لایەنە سیاسییەكان هەر یەكە و لەلای خۆیەوە بچنە بەغدا و بەناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە لەگەڵ حكوومەتی عێراق گفتوگۆ بكەن، ئەو حزبانەی چوونە بەغدا جاران هەر ئەو حزبانە خۆیان بوون گلەییان لە پارتی و یەكێتی هەبوو، كە پەیوەندییەكانی ئەوان لەگەڵ بەغدا پەیوەندی حزبی نە و لەسەر ئاستی حكوومەت و دەزگا فەرمییەكان نین.
دوای كۆبوونەوەی شاندی پارتی لەگەڵ یەكێتی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی، دیاركرد، لەڕاستیدا ئێمە ئاگاداری چوونی ئەو سێ لایەنە نەبووین بۆ بەغدا، ئێمە پێمانوابوو ئەگەر بەتەمان وەكو حیزبیش سەردانی بەغدا بكەن، باشتر دەبوو هەموو هێزەكانی دیكەیان لەگەڵ بووایە، نەك تەنیا یەكێتی و پارتی، بەڵكو هێزە كوردستانییەكانی دیكەش بۆئەوەی بە یەك دەنگ بیانتوانیبایە بەرگری لە هەرێمی كوردستان بكەن، ئەوە زۆر باشتر دەبوو لەوەی سێ لایەن بەتەنیا بچن بۆ بەغدا.
نێچیرڤان بارزانی، روونیشیكردەوە، ئەم حكوومەتەی ئێمە شەرعییەتی خۆی لە پەرلەمانی كوردستان و لە دەنگی خەڵكی كوردستان وەرگرتووە، بۆ هەر یەكلاكردنەوەیەكیش دەبێت بە رێگەی سندوقی دەنگدان بێت، بەتەئكید ئەمە لەلایەن بەغداشەوە سەڵمێنراوە، ئەگەر دانوستانیش دەستپێبكات، پێمانخۆشە ئەگەر ئەو سێ لایەنە قسەیەكی خێریان كردبێت لەوێ لەگەڵ لایەنی عێراقی چ لەسەر مووچە و چ لەسەر هەر بابەتێك كە پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، بەڵام باشتر دەبوو ئەگەر هەموومان پێكەوە رۆیشتباینە بەغدا.
دیندار دۆسكی، سیاسەتمەداری كورد بۆ "هەولێر" دەڵێ: هێزی كوردستان لە یەكڕیزی و یەكگرتنی كورددایە، بۆیە پێویستە حزب و لایەنەكان یەكبگرن و هەموویان پێكەوە پشتگیری لە حكوومەتی هەرێم بكەن، چونكە ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری لە حكوومەتی هەرێم دەكات و زەخت لە حكوومەتی عێراق دەكات بۆ ئەوەی لەگەڵ كورد گفتوگۆ بكات بۆ چارەكردنی كێشەكان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەت لە ماوەی رابردوو سەردانی فەرەنسا و ئەڵمانیای كرد، ئەو دوو وڵاتە پشتگیری خۆیان بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپات كردۆتەوە و زەختیش لە حكوومەتی عێراق دەكەن كە لەگەڵ كورد ڕێك بكەوێت، لەگەڵ ئەوەی لە داهاتوودا سەردانی بەریتانیا دەكات، ئەوە هەموو ئەوە دەگەینێت، كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەپشت حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، هەتا سندوقی نێودەوڵەتی زەختی لە حكوومەتی عێراق كردووە كە بوودجەی كوردستان بنێرێت، ئەگەر نەنێرێت قەرزی پێ نادات، هەموو ئەوانە لە بەرژەوەندی ئێمەدانە و وا لە بەغدا دەكات كە بێتە پێشەوە و دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم بكات بۆ چارەكردنی كێشەكان.
دۆسكی، ئەوەشی گوت، هەڵەیەكی زۆر گەورەیە كە حزب و لایەنە سیاسییەكان هەر یەكە و لەلای خۆیەوە بچنە بەغدا و لەگەڵ حكوومەتی عێراق كۆببنەوە، شتێكی ئاساییە حزبەكان بچن و دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ حزبەكان بكەن و پەڕە بە پەیوەندییەكانی خۆیان بدەن، بەڵام هەندێك لایەن بچن بەناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە لەگەڵ حكوومەتی عێراق گفتوگۆ بكەن ئەوە هەڵەیەی زۆر گەورەیە، ئەو حزبانەی چوونە بەغدا جاران هەر ئەو حزبانە گلەییان لە پارتی و یەكێتی هەبوو، كە پەیوەندییەكانی ئەوان لەگەڵ بەغدا پەیوەندی حزبی نە و لەسەر ئاستی حكوومەت و دەزگا فەرمییەكان نین، ئەمڕۆ ئەوان دەچنە بەغدا و لەگەڵ حكوومەتی ئیتحادی، بەناوی حكوومەتی هەرێمەوە دادەنیشن و باسی كێشەكان دەكەن، بەبینینی من ئەوانە پێگەی حكوومەتی هەرێم لاواز دەكەن بەرامبەر بە بەغدا، بۆیە نەدەبوو ئەوان ئەو هەنگاوەیان نابایە، حكوومەتی هەرێم ئەو مافەی هەیە كە بەناوی خەڵكی كوردستانەوە لەگەڵ حكوومەتی بەغدا قسە بكات، چونكە نوێنەری خەڵكی كوردستانە، نەك هەندێك حزب و لایەنی سیاسی، لەگەڵ ئەوەی ئەوە دەرز دەخەنە ناو یەكڕیزی گەلی كورد، بۆیە ئەوە شتێكی سادە نیە، بەڵكو پێگەی هەرێم لاواز دەكەن، رۆڵی حكوومەت كەم دەكەنەوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری لە حكوومەتی هەرێم دەكات".

Trending Now

ئه‌رشیف رۆژنامه‌كان

ک دووەم 07, 2018 Rate: 0.00

جۆلانەکەی عێراق

جۆلانەکەی عێراق

ک دووەم 08, 2018 Rate: 0.00

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples

Please publish modules in offcanvas position.