شوبات 19, 2018

ڕه‌نگه‌ فه‌ره‌نسا پاكێجێكی بۆ عێراق هه‌بێت ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ كوردستان ده‌بێت له‌و پاكێجه‌

دوای سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌غدا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا ژان ئییڤ لۆدریان، گه‌یشته‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌نجامی سه‌ردانه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان كۆبوویه‌وه‌ چاودێران پێیان وایه‌ فه‌ره‌نسا ڕۆڵی به‌هێز ده‌بینێت له‌ ناوچه‌كه‌ و هه‌رێمی كوردستانیش به‌تایبه‌ت شكاندنی ئابڵوقه‌ی دیپلۆماسی له‌سه‌ر كوردستان.
سه‌رله‌‌به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه‌12ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2018. ژان ئییڤ لۆدریان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا گه‌یشته‌ به‌غدای پایته‌ختی عێراق و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسانی باڵای عێراق كۆبوویه‌وه‌‌ له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاوتا عێراقییه‌كه‌ی، ئیبراهیم جه‌عفه‌ری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند: مه‌به‌ستی له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی تاوتوێكردنی ره‌وشی عێراقه‌ له‌دوای نه‌مانی داعش و پڕۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق كه‌ به‌هۆی شه‌ڕی زیاتر له‌ سێ ساڵی داعشه‌وه‌ زیانێكی زۆری به‌ركه‌وتووه‌.
دوای به‌غدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان كرد و له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبوویه‌وه‌، فه‌ره‌نسا له‌ هه‌مووكات زیاتر ده‌یه‌وێت په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندیه‌ دیپلۆماسییه‌كانی بدات له‌گه‌ڵ كوردستان، له‌ماوه‌ی ئابڵوقه‌ی سه‌ر كوردستان تا ئێستا چه‌ندین جار بانگێشتی فه‌رمی شاندی كوردستان كراوه‌ بۆ فه‌ره‌نسا و له‌ ئاستی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا كۆبوونه‌وه‌ی گرنگ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكوومه‌ت كراوه‌، چاودێران پێیان وایه‌ فه‌ره‌نسا ده‌یه‌وێت ڕۆڵ ببینێت، له‌ ئارامی ناوچه‌كه‌ و یه‌كێك بووه‌ له‌و وڵاتانه‌ی كاری كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لینكی په‌یوه‌ندی دروست بكات له‌گه‌ڵ به‌غدا تا بگه‌رێته‌وه‌ سه‌ر دیالۆگ و گفتووگۆ جیا له‌وه‌ش لە ماوه‌ی رابردوو په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ له‌نێوان سه‌رۆك ترامپ و سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا هه‌بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵیان هه‌بێت له‌ گفتووگۆی هه‌ولێر و به‌غدا.
ئاژانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بڵاویان كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ فه‌ره‌نسا داوای له‌به‌غدا كردووه‌ بگه‌رێته‌وه‌ بۆ واقعی گفتووگۆ له‌ كاتێكدا هه‌مان ئاژانسه‌كان پێیان وایه‌ كه‌ لۆبی عێراقی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق فشارێكی زۆری كردووه‌ له‌ فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و نه‌مسا كه‌ نابێت له‌ عێراقه‌وه‌ سه‌ردانی كوردستان بكه‌ن و دیداری فه‌رمی بكه‌ن، به‌ڵام فه‌ره‌نسا گوێی به‌و رێگریانه‌ نه‌داوه‌ و له‌سه‌ر ئاستی باڵا بانگێشتی شاندی كوردستانی كردووه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ میدیاكانی عێراق پێییان وایه‌ كه‌ به‌غدا رێگر بووه‌ له‌وه‌ی، ئۆسۆلا ڤۆن دێرلاین، وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ردانی بۆ كوردستان دیداری فه‌رمی بكات به‌ڵكوو داوایان لێكردووه‌ ته‌نیا سه‌ردانی بنكه‌كانی سه‌ربازی ئه‌ڵمانیان بكات له‌ كوردستان.
چاودێران پێیان وایه‌ فه‌ره‌نسا له‌ داهاتوودا پاكێجێكی بۆ دۆخی عێراق ده‌بێت له‌و پاكێجه‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وله‌وت ده‌بێت به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر هاتوو به‌غدا نه‌گه‌رایه‌وه‌ بۆ واقعی گفتووگۆ ده‌بێت ناچار بكرێت دان به‌وه‌دابنێت كه‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بۆی دیاری ده‌كات، ره‌نگه‌ ئامانجی رێگری به‌غدا له‌ هاتنی شاندی وڵاتان بۆ كوردستان ئه‌وه‌بێت كه‌ رێگری له‌واقعی كوردستان بكرێت، چونكه‌ به‌غدا جیا له‌ رێگری له‌ شاندی وڵاتان نایه‌وێت رێگای راست به‌ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و رێكخراوه‌ مرۆڤ درۆسته‌كان نیشان بدات تا راستییه‌كان ببینن.
سه‌ردانی ئه‌م شانده‌ی فه‌ره‌نسا بۆ كوردستان ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورستان هاوسه‌نگی هێزی له‌ناوچه‌كه‌ پاراستووه‌، ره‌نگه‌ به‌شێكی زۆری هۆكاری به‌ده‌مه‌وه‌ هاتنی فه‌ره‌نسا و یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ كوردستان په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ كوردستان شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌تی كردووه‌ بۆ پاراستنی ئارامی جیهان، جیا له‌وه‌ش كوردستان لانكه‌ی ئارامی ئاواره‌كان بوون نزیكه‌ی دووملیۆن ئاواره‌ له‌ كوردستان هه‌یه‌، ئیمانۆیل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا پێشووتر له‌گه‌ڵ شاندی كوردستان گوتی: دۆستایه‌تی مێژوویی له‌ نێوان گه‌لی فه‌ره‌نسا و گه‌لی كورد هه‌یه‌و فه‌ره‌نسا سوپاسی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر حه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی ئاواره‌ كه‌ به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ روویان لە هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.
سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا هه‌ر ئه‌و كات باسی له‌وه‌ كرد كه‌ رێز له‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد ده‌گرین و گرنگی به‌ دووشت ده‌ده‌ین وه‌ك پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستووری عێراق و ده‌ستوو به‌هه‌موو خاڵه‌كانییه‌وه‌ وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكرێت، به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌ به‌دیهینانی دیالۆگی نیشتمانی له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند.
گوتیشی: له‌گه‌ڵ عه‌بادی باسم كردووه‌ كه‌ میلیشیاكان له‌ عێراق نه‌مێنن و داهاتی عێراق به‌ یه‌كسانی دابه‌شبكرێت و ده‌بێ مادده‌ی 140 له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان جێبه‌جێ بكرێت، هه‌روه‌ها مافی هه‌موو پێكهاته‌كان له‌ نێو عێراقێكی فیدراڵ بدرێت و له‌ناویشیاندا ده‌بێ مافه‌كانی كورد پارێزراو بن .
هه‌روه‌ها ماكرون جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ كوردستانی به‌هێز ده‌بێته‌ هۆی سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌دا و كورد رۆڵێكی گرنگی بینیوه‌ له‌ دابینكردنی ئاسایش و ئارامی ناوچه‌كه‌.
لێره‌وه‌ بۆ مان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ فه‌ره‌نسا كوردستانێكی به‌هێزی له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌وێت ره‌نگه‌ له‌ داهاتووش هاوپه‌یمانی و هه‌ماهه‌نگی هه‌ردوولا فراوان بكرێت به‌تایبه‌ت له‌ ئاستی دیپلۆماسی و سیاسی و بازرگانی چونكه‌ وڵاتانی ئه‌وروپا پشگیری له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ هۆكارێك هه‌بێت بۆ مانه‌وه‌ی ئارامی ئه‌گه‌ر هاتباو كوردستان به‌رگری نه‌كردبایه‌ له‌ پێشره‌وی داعش ره‌نگه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كه‌ دروست بكردبایه‌.
فه‌ره‌نسا هاوكاری زیاتری كوردستان ده‌كات چاودێرانی سیاسی بروایان وایه‌ كه‌ فه‌ره‌نسا ده‌توانێت ببێته‌ هۆی به‌دیهێنانی داواكاری كورد چونكه‌ دۆستی دێرین خه‌ڵكی كوردستانن.
پێشووتریش (ئالیان گۆبریتە)‌ كونسووڵی وڵاتی فه‌ره‌نسا له‌ هەولێر رایگه‌یاندبوو به‌رژه‌وه‌ندی كوردستان و گه‌له‌كه‌ی جێگای سه‌رنج و گرینگیی وڵاتی فه‌ره‌نسایه‌ دەشڵێت، دۆستی زۆرتان هه‌یه‌ له‌ فه‌ره‌نسا تا سه‌رۆك (فرانسوا ئۆڵاند) کە دۆستێکی گەورەی ئیوەیە، و ئاماژه‌ی به‌ كاره‌ به‌رده‌وامه‌كانی ڕێكخراوه‌ ناحكوومییه‌كانی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان و پشتیوانی حكوومه‌تی فه‌ره‌نسا بۆ ئه‌و كارانه‌ كرد، هه‌روه‌ها پشتگیری وڵاته‌كه‌ی بۆ كوردستان له‌ ڕووی سیاسیی و سه‌ربازی دووپات كردبووه‌وه‌.

Trending Now

ئه‌رشیف رۆژنامه‌كان

ک دووەم 07, 2018 Rate: 0.00

جۆلانەکەی عێراق

جۆلانەکەی عێراق

ک دووەم 08, 2018 Rate: 0.00

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.