شوبات 19, 2018

خۆری عەبادی بەرەو ئاوابوون دەچێت

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چەند مانگی رابردوودا بە تایبەتی لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، هەوڵیداوە ناکۆکی و خاڵە لاوازەکانی کوردستان لە قازانجی خۆیدا بقۆزێتەوە، ئەو لە هەڵێنانی هەنگاوی یەکەمیدا لە دژی کورد، تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوو، بەڵام ئیتر ڕووی ڕاستەقینەی ئەو بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکرا بووە، ئەگەر پێشتر خەڵكێک لە هەرێمی کوردستان لە ژێر کاریگەریی رووداوەکان ئومێدێکیان لای خۆیان دروست کردبوو، ئێستا بە تەواوی دەزانن حەیدەر عەبادی ئەو کەسە نییە ئومێدی لەسەر بچنیت.

عەبادی لە مووچەوە دەستی پێکرد و کاری لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی مووچەکانیان بۆ ڕەوانە دەکات، بەڵام هەرگیز بەڵێنەکەی جێبەجێ نەکرد. بە پێی بەڵێنەکان دەبوایە ئێستا فەرمانبەرانی دوو وەزارەت مووچەی مانگێکیان بە تەواوی وەرگرتبا، بەڵام ئەوەی بڕێک لە مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و مامۆستایانی دابین کردووە هەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە.
توانای حکوومەتی هەرێمی کورستان لە دابینکردنی مووچەی مانگانە سنووردارە و دوای ئەوەی نزیک بە نیوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراق دەستی بەسەردا گیرا حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەمتر لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.
هەموو مەبەستێکی عەبادی ئەوە بوو بەم کارەی هەوڵی نانەوەی ناڕەزایەتی لە ناوخۆی کوردستان بدات، بەڵام هەر زوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵک درکیان بەو راستییە کرد کە ئەوەی عەبادی دەیلێت جگە لە هەڵخەڵەتاندنی فەرمانبەرانی هەرێمی کورستان هیچ شتێکی تر نییە.
بە گوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێراق هەموو مافە دارایییەکانی فەرمانبەران دەبێت پارێزراو بێت، کەچی حکوومەتی عێراق بە ئاشکرا چەند ساڵە مووچە و مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی بڕیوە.
حەیدەر عەبادی کە بە بەشێک لە سەرکەوتنەکانی لەخۆبایی بووە و یستوویەتی زۆرێک لە لایەنەکانی عێراق لە دژی کورد یەکدەنگ بکات و سزای زیاتر بەسەر هەرێمی کوردستان بسەپێنێت. هەنگاوەکەی عەبادی چ لە ناوخۆی عێراق و چ لە دەرەوەی عێراق دژایەتی کرا و بۆیەش عەبادی چیتر ناتوانێت لە پیلانەکەی بەردەوام بێت.
هەر ڕۆژی دووشەمە ١٢٧ شوبات سەلیم جبووری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رەخنەی توندی ئاراستەی حەیدەر عەبادی کرد و گوتی بەوە ڕازی نابێت پێشێلی دەستوور بکرێت. ئەو بۆ پرسی بودجەی ساڵی ٢٠١٨ی عێراقیش باسی لەوە کرد کە پڕە لە کەم و کورتی و بەم شێوەیە پەسند ناکرێت.
لە ئاستی نێودەوڵەتیش ڕەخنەی گەورە لە حکوومەتی عێراق گیراوە و بانکی نێودەوڵەتی پێدانی بەشێکی بەرچاو لە مافە داراییەکانی هەریمی کورستانی کردووەتە مەرجێکی سەرەکی کارکردنی لەگەڵ عێراق.
حەیدەر عەبادی لە میدیاکان لە ڕێگەی وتار و لێدوانەکانی، خۆی وەکو کەسێکی دڵسۆزی خەڵکی کوردستان دەرخستووە، کەچی لە ژێر پەردە کاری کردووە بۆ پێشێلکردنی مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان. ئەو ویستوویەتی سزاکان و پێشێلکارییەکان بە یاسایی بکات و تەنانەت هەوڵێکی زۆریدا هەموو لایەنەکانی تر و تەنانەت هەندێک پەرلەمانتاری کوردیش دژی هەرێمی کوردستان هان بدات.
لە پڕۆژەی بودجەی عێراق بە ئاشکرا حاشا لە قەوارەی هەرێمی کوردستان کراوە و ئەو پشکەش کە بۆ بودجەکەی دیاری کراوە زۆر لە پشکی راستەقینەی خۆی بە گوێرەی دەستوور کەمترە.
ئێستا خەڵکی کوردستان رووی راستەقینەی عەبادییان بۆ دەرکەوتووە و عەبادی تەنیا لە پێوەندی لەگەڵ کوردستان تووشی کێشە نەبووە، بگرە لە نێو حزبەکەی خۆیی و لایەنی شیعەش کەسایەتییەکەی ئاشکرا بووە. جیابوونەوەی هەندێک لیست لە لیستەکەی عەبادی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، دەرخەری ئەم راستییەیە کە خۆری حەیدەر عەبادی بەرەو ئاوابوون دەچێت.

Trending Now

ئه‌رشیف رۆژنامه‌كان

ک دووەم 07, 2018 Rate: 0.00

جۆلانەکەی عێراق

جۆلانەکەی عێراق

ک دووەم 08, 2018 Rate: 0.00

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.