شوبات 19, 2018

سووریا دەرفەتەکانی لەسەر عەفرین دانەخستون

شەڕی سەر عەفرین لەلایەن هێزەکانی سوپای تورکیا و بەپشتیوانی بەشێک لەئۆپۆزسیۆنی سووریا (٢٣ ڕۆژە) درێژەی هەیە، لەدوای حەوت ساڵ لەشەڕی سووریا هێشتا دەرفەتەکان بۆ ئاشتی لەو وڵاتەدا نەک هەر نەکراونەوە بەڵکو وڵاتانی بەرژەوەندیخوازانی ناوچەکە و زلهێزەکانی جیهان هەوڵی پاراستنی دەستکەوتەکانیان دەدەن لەسەر حیسابی خەڵکی سووریا.

لەسەر بارودۆخی عەفرین لە ڕاپۆرتێکدا(ڕۆیتەرز) ئاماژەی بە یارمەتیەکان داوە و نووسیویەتی، کوردەکان ئەوانەی ناوچەکانی کوردی سووریا بەڕێوەدەبەن لەلایەن حکومەتی سووریا دەرفەتەکانیان لێ نەگیراوە تاوەکو پاڵپشتی و کۆمەکیان لەناوچەکانی دیکەوە پێبگاتە عەفرین، ئەو هەوڵەی سووریا پەیامێک دەگەیەنێ ئەویش ئەو دژایەتیەی نێوان تورکیا و سووریایە کە ماوەیەکی درێژە ڕیشەی هەیە هێشتا بەردەوامە، وێڕای یەکڕاییان لەسەر دژایەتی دۆزی کورد بەڵام لەهەمان کاتدا سووریا ئامادەنیە خاکەکەی ڕادەستی تورکیا بکات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لەماوەی شەڕی سووریادا هێزەکانی سەر بەحکومەت شەڕی هێزەکانی سەر بەکوردەکانیان لەناوچەکانی دیکەی سووریادا کردوە بەڵام لەعەفرین هەردووکیان یەک دوژمنی هاوبەشیان هەیە ئەویش تورکیایە.
ئەوەی تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی سووریاوە بەدیدەکرێ، پاڵپشتیەکی بێدەنگە، واتە هیچ ئاماژەیەکی دەرنەخستوە کەڕاستەخۆ و بەئاشکرایی بڵێ لەبەرەی کوردەکاندا لەدژی تورکیا شەڕدەکەم، بەڵام ناڕاستەخۆ چەند دەرفەتێکی بۆ هێزەکانی کوردی سووریا کردۆتەوە لەوانە یارمەتی شەڕڤانان و، خەڵکی مەدەنی و سیاسیەکان دەدات بۆئەوەی لەناوچەکانی دیکەی سووریاوە بەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریادا بگەنە عەفرین.
بەهۆی نەبونی پارێزگاری نێودەوڵەتیەوە لەبەرانبەر هێرشەکانی تورکیا لەسەر عەفرین کوردەکانی سووریا ناچاربون لەگەڵ حکومەتی دیمەشق جۆرێک لەلێکتێگەیشتن دروستبکەن تاوەکو ڕێگایان بدات هێزەکانی ناوچەکانی دیکەیان بگوازنەوەبۆ عەفرین بەتایبەتی لەکۆبانێ و جەزیرەوە.
لەو بارەیەوە (کینۆ گابریل) گوتەبێژی هێزە کوردییەکانی سووریا دیموکرات گوتی، چەندین ڕێگا هەیە تاوەکو هێزمان پێ بگاتە عەفرین بەڵام ڕێگای سەرەکی بەڕێگای ژێر دەستی ڕژێمدا تێدەپەڕێ.
سەرچاوەیەک لەکوردەکانی سووریاوە بەڕاپۆرتەکەی ڕاگەیاندوە، کورد پێویستی بەهەماهەنگی سووریایە لەعەفرین تاوەکو سەرچاوەکانی خۆراک و وزەیان لەناوچەکانی دیکەی باکوری سووریاوە بەدەستبگات، ئەو هەماهەنگیە بۆ هەردوولایان گرنگە بەتایبەتی لەدۆخی ئێستادا کە تورکیا ئابڵۆقەی عەفرینی داوە.
وە فەرماندەییەکی سەربازی سەر بەهێزەکانی حکومەتی سووریایش لەڕاپۆرتەکەدا دەڵێ، کوردەکان هیچ بژاردەییەکی دیکەیان لەبەردەمدانیە بێجگە لەوەی کە دەبێ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی سووریادا بکەن.
هەروەها ئەو فەرماندەیە بەبێ ئەوەی ناوی ئاشکرابکرێ لەڕاپۆرتەکەدا گوتی، ڕژێمی سووریا یارمەتی کوردەکان دەدات لەڕووی مرۆیی و لۆجستیەوە. هەروەها چاوی نوقاندون و ڕێگا بەهاوکاریکردنی هەندێک لەبەرەکان دەدات.

کەمپەینی تورکیا لەعەفرین هێواشە:
وێڕای بەکارهێنانی چەکی پێشکەوتوو و هەبونی پاڵپشتی بەشێک لەهێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ تورکیا بەڵام کەمپەینی (چڵە زەیتون) بەهێواشی بەڕێوەدەچێ و لەدوای سێ حەفتە هێشتا پێشڕەوییەکی کەمیان بەدەستهێناوە، هەروەها تانک و هێلیکۆپتەریشیان لێ تێکشکاوە و قوربانیشیان هەبوە.
تورکیا هیزەکانی (یەپەگە) وەکو درێژکراوەی هێزەکانی (پەکەکە) تەماشادەکات، ئەگەرچی لەڕواڵەتداشەڕەکە بۆ سەر هێزەکانی (یەپەگە)یە بەڵام لەبنەڕەتدا ئەو هێرشەی تورکیا بۆ سەر عەفرین بۆ لەناوبردنی ئامانجی کوردەکانی سووریایە لەبەردەم هەبونی ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی کوردی لەسووریا.
ئەمەریکا بۆ شەڕی داعش لەسووریا پشتی بەهێزەکانی کوردی سوریا بەستبوو، ئەوان پاڵپشتیەکی گەورەی زەمینی بون لەڕووخاندنی خەلافەتی داعش لەسووریا، هەروەها لەبەرانبەردا ئەمەریکایش پاڵپشتی کوردەکانی سووریای کردوە بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکانیان لەڕووی سەربازی و لۆجستی و کارگێڕیەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە هێزەکانی ئەمەریکا لە(عەفرین) نین، بۆیە ناتوانن تەداخول بکەن یارمەتیدەربن لەپاراستنی عەفرین.
گلەییەکانی کوردی سووریا ڕووی لەڕووسیایە، ئەوان ڕووسیا تاوانباردەکەن کە گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا پێکردوە و، هێزەکانیان لەعەفرین کێشاندۆتەوە تاوەکو تورکیا ئەو لەشکرکێشیە بەئاسانی ئەنجامبدات.
بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان تورکیا ناتوانێ ئامانجەکانی لەنێو سووریایەکی ئاڵۆزاویدا بەدەستبهێنێ، وێڕای بەرگری سەختی هێزەکانی کوردی سووریا هاوکات ڕژێمی سووریایش ئەو لەشکرکێشیە بەدەستێوەردان و پێشێلی سەروەری خاکی سووریا دەزانێ و، وە ناڕاستەوخۆ لەو شەڕەدا بەشداری دەکات لەدژی تورکیا.

شەڕکردن بۆ عەفرین:
گروپی سەرەکی کوردەکانی سووریا کەدەسەڵاتداری بەڕیوەبردنی ناوچەکانی باکوری سووریان سورن لەسەر پاراستنی خەون و ئامانجەکەیان کە ئۆتۆنۆمی یان شێوەیەک لەفیدڕاڵیەتی ناوچەکانیانە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی (ڕۆیتەرز) لەماوەی حەوت ساڵەی شەڕی سووریادا، هێزەکانی (یەپەگە) لەگەڵ حکومەتی سووریادا ڕێگایان بەیەکتریداوە هەریەکەیان پێداگری لەدەسەڵاتەکانی خۆی لەناوچەکانی ژێردەستیان بکەن، بۆ نمونە لە قامیشلی هەتا ئێستا فڕۆکەخانەی قامیشلی لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتدایە بەڵام شارەکە و ناوچەکانی دەروبەری هێزەکانی کوردی بەڕیوەی دەبەن، هەروەها لە شێخ مەقسودی ناوچەی (حەلەب) کە شارۆچکەیەکی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمە بەڵام هێزەکانی ئاسایشی کوردی لەشارەکەدا ڕۆڵی پارێزگاری لە ئاسایش دەبینن.
ئەو جۆرە هاوئاهەنگیە لەئێستادا بۆ دۆخی پاڵپشتی لەعەفرین گرنگە، یەپەگە توانیویەتی هێزەکانی ئاسایشی خۆی لە شێخ مەقسودەوە بگوازێتەوە بۆ عەفرین لەبەر گرنگی شەڕەکە. وە لەو بارەیەوە (بەدران حەمۆ) بەرپرس لەناوچەکانی شێخ مەقسود گوتی، بێگومان بەسەدان کەس لەشێخ مەقسودەوە هاتونەتە عەفرین بۆ بەرگریکردن، لەو خەڵکانە نزیکەی (١٠) یان شەهیدبون.
شیاوی گوتنە، دۆخی سووریا بەئاڕستەیەکی خراپدا تێدەپەڕی، هێزەکانی بەرژەوەندیخوازی ناوچەکە و جیهان هەریەکەیان دەست بەسەر دەسەڵات و هەژمونی خۆی لەناوچەکانی سووریادا دەگرێ و بەرگری لەپاراستنی دەکات.
کوردەکان تاوەکو ئێستا توانیویانە کۆنتڕۆڵ و پارێزگاری لەناوچەکانیا بکەن، ئازایەتی کوردەکان لەشەڕی داعش لەعێراق و لەسووریا دەنگدانەوەیەکی نێودەوڵەتی و بەهێزی هەبوە.
لەشەڕی عەفریندا وێڕای نەبونی پاڵپشتی نێودەوڵەتی، بەڵام بەهۆی ئەوەی کوردەکان و ڕژێمی سووریا یەک دوژمنی هاوبەشیان هەیە دەرفەتەکانی لەبەردەم کورددا دانەخستوە بۆ پێگەیشتنی هاریکاری سەربازی و مرۆیی، ئەوەش بۆ مانەوەی عەفرین گرنگە.
(ئاڵدەر خەلیل) سیاسی کوردی سووریا لەڕاپۆرتەکەدا گوتی، ئێمە هەوڵمان زۆرداوە لەڕێگای ڕووسیاوە تاوەکو سووریا ڕازیبکەین کە پارێزگاری لەسنورەکانی وڵات بکات، بەڵام هێشتا ئەنجامی نەبوە. ئەگەر ئەوان پارێزگاری لەسنورەکان نەکەن، کەواتە لانی کەم مافی ئەوەیان نیە کە ڕێگالەو هێزانەی سووریا بگرن کەسنورەکانی سووریا بەدرێژایی ئەو ماوەیە دەپارێزن.

Trending Now

ئه‌رشیف رۆژنامه‌كان

ک دووەم 07, 2018 Rate: 0.00

جۆلانەکەی عێراق

جۆلانەکەی عێراق

ک دووەم 08, 2018 Rate: 0.00

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.