ئاب 22, 2019

بەهۆی گۆڕانی كەش و هەواوە خەڵكێكی زۆر تووشی پەتای وەرزی بوونەتەوە

بەهۆی ئەگۆڕانكارییەی ڕووی داوە لەكەش و هەوادا خەڵكێكی زۆر دوچاری هەڵامەت و كۆكە و ئازاری قورگ بوونەتەوە. پەتا وەرزییەكان ئەو نەخۆشییانەن كە لەڕێگای ڤایرۆسەوە مرۆڤەكان تووشی دەبن، ئەوانیش وەك (هەڵامەت، ئەنفلۆنزا) بەتایبەتی كە لەم وەرزەدا لەنێو هاوڵاتیان بەربڵاوە.

لەم كاتانەدا هەندێك میكرۆب دروست دەبن و دەبنە هۆی (هەڵامەت، ئەنفلۆنزا)، ئەمەش جگە لە ( ئازاری قورگ، لەوزەتێنەكان) كە بەهەمان شێوە لەم وەرزەدا بڵاون، بەڵام ئەوەی زۆر باوەو بەخێرای بڵاو دەبێتەوە لەنێو هاوڵاتیان هەڵامەت و ئەنفلۆنزایە.
زۆر گرنگەو پێویستە لەسەر هاوڵاتیان ئەم دوو نەخۆشییە لەیەكتر جیابكەنەوە تا كەسەكە بەباشی چارەسەرەكان وەربگرێت، هەڵامەت نەخۆشییەكی درمییە هیچ پەیوەندی بەسەرماوە نییە تەنها لەڕێگای ئەو میكرۆبەوە مرۆڤ تووش دەبێت، بەجۆرێك نیشانەكانی دەردەكەون كە كەسەكە(چاوسوربوونەوە، پژمین، لوت گیران، تایەكی كەم) ڕووی تێ‌ دەكات ئەو نیشانانەش جێگەی مەترسی نییە بۆ مرۆڤ كە بەو هۆیەوە دەتوانێت كاروبارەكانی ڕۆژانەی ڕایی بكات.
هاوكات ئەنفلۆنزاوە بریتییە لە تا، كە مرۆڤ لەماوەی 24 سەعاتدا زۆر بەتوندی تایەكی گەرم لەشی دەگرێت كەدەگاتە نزیكە 40 پلە، بەگشتی هەموو ئەندامەكانی لەشی بێ‌ هێز دەبێت و تووشی كۆكەو بێزارییەكی زۆردەبێت، ئەگەر بەزوویی كەسەكە خۆی نەپارێزێت و چارەسەر وەرنەگرێت لە نێو هاوڵاتیانیش بڵاو دەبێتەوە.
ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بۆ لایەنی تەندروستی و هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستان هیچ پەتایەكی مەترسی بڵاو نەبووەتەوە، بەڵام ئەم ئەنفلۆنزایە وەرزییە لەكەسێكدا بەرگری لەشی بەهێزنەبێت و هەریەك لەم نەخۆشیانە ( شەكرە، سستی گورچیلە، نەخۆشییەكانی سی، ڕەبۆ، جەڵتەی دەماغ )ی هەبێت بەهۆی خۆنەپاراستنیان ئەگەری گیان لەدەستدانیان لێ‌ دەكرێت.
پزیشكان خۆپاراستن بە باشترین هەنگاو بۆ دووربوونتان لەم نەخۆشییە بە پێویست دەزانن، هەر بۆیە ئامۆژگاری خەڵك دەكەن كە دەموو لووتییان بپێچن، هاوكات ئەگەرهاتوو بینیتان كەسێك ئەپژمێت دەست بەجێ‌ دەموو لوتت بگرن و دووربكەوەرەوە لێی وە خۆتان بپارێزن تا ئەو نەخۆشییە گەڕی خۆی تەواو دەكات كە نزیكەی هەفتەیەك دەخایەنێت و كەسەكە چاك دەبێتەوە.
پزیشكان بە پێویستیشی دەزانن كە هاووڵاتیان لایەنی ڕۆشنبیری تەندروستییان بەهێزبكەن تا دەتوانن خۆیان بەدوورگرن لە دەرزی بەكارهێنان، بە تایبەت ئەو دەرزیانەی بە دەرزی تێكەڵە ناسراوە، چونكە دەرزی تێكەڵە، بۆ بەكتریا ئەبن، ئەگەرنا ئەوانەی دیكە بەرگری لەش ناهێڵێت، وە پێویستە لەسەر كەسی توشبوو سەردانی پزیشك بكات بەتایبەت تا دڵنیا بكرێتەوە كە ئەو پەتایەی توشی بووە پەتاكەیە یان نەخۆشی گرانەتا، هەربۆیە باشترین هەنگاو بۆ دەربازبوونتان لەم پەتایە وەرگرتنی ڕێنمایی پزیشكییە.

© 2017 Hawler