ئاب 22, 2019

هاوژین سڵێوە – كۆیە

هەمووی دە ڕۆژێك دەبوو ژنم خواستبوو، دووسێ جار یەكترمان بینیبوو، ڕۆژانەش بە تەلەفۆن قسەمان لەگەڵ یەك دەكرد، شەوی فەلانتاین ئاهەنگ سازكرابوو، ئێمەش وا ڕێكەوتین كە من كراسی سوور و پانتۆڵی ڕەش لەبەربكەم، ئەویش بەدی سوور و تەنوورەی ڕەش لەبەربكات. ئیتر ئەوكات وەك ئێستا نەبوو، ئەم یادە زۆر بەكەمی دەكرایەوە، بۆیە ئامادەباشی ئەوە نەدەكرا گوڵی سوور بفرۆشن و لەبازاڕ و شوێنەكان وا ئاسان دەست نەدەكەوت. من شووشە بۆنێكم بۆكڕیبوو بۆئەوەی لەم یادە بیدەمێ، ئەو ڕۆژە چوومە بازاڕی گوڵفرۆشان تەنها كوڵی نایلۆن هەبوو، بەم زستانە گوڵی سروشیم چنگ نەدەكەوت، بیرم لەوە كردەوە لەشارەكەمان مەشتەلێكی باشی كوڵ و نەمام هەیە، چووم بۆ نەمامگاكە، بەڵام گوڵەباغ و گوڵی شایەستەی وایان نەبوو، تەنها لەبن نایلۆن، چەند گولێكی وەرزی لێبوو، چاوم بەجۆرە گوڵێك كەوت، وەك كوڵەقەنەفڵ وابوو سوور بوو و كەمێك لەكوڵە قەنەفڵ گەورەتر بوو، كەڵە گوڵێكم لێكردەوە، هێنامەوە ماڵەوە و لەنێو بەرداخە ئاوێكم دانا، ئێوارە بەرلەوەی لەگەڵ دەست گیرانەكەم بچینە ئاهەنگەكە چووینەماڵی باوكم، كە بەخێرهاتمان كرد، ڕاستەو خۆ چوومە مەدبەغ بۆئەوەی گوڵەكەی بۆ بێنم، شتێكی سەیر ڕووی دابوو!! گوڵەكە لەم جۆرانەبوو كەشەوان دەخەون، ڕێگ پەڕەكانی هاتبوونەوە یەك و بووبووەوە بەخونچە، بەڕاستی دیمەنێكی سەیر بوو! زۆر پێكەنیم...تەنها شووشە بۆنەكەم دایە، چووینە ئاهەنگەكە و كاتێكی خۆشمان بەسەر برد، كە گەڕاندمەوە ماڵی باوكی و هاتمەوە بینیم گوڵەكە هەر نووستبوو، كاتێ بەیانی لەخەو هەڵسام و سەیری پەرداخەكەم كرد، دەبینم گوڵەكەش لەخەو هەڵساوە و بۆتەوە گوڵێكی گەش و جوان، بەڵام پاش چی تازە فالانتاین تێپەڕی.

© 2017 Hawler