ئازار 21, 2019

سەرما و سۆڵەی زستان و زیانەكانی


(2-2)   

لە بەشی یەكەمی فریاكەوتنی سەرەتایی، باس لە باوترین نەخۆشییەكانی سەرماو سۆڵە و چەند ئامۆژگارییەك و چۆنیەتیی خۆپاراستن لێی كرا، لێرەشدا د. كاروان یاسین پزیشكی پسۆڕی فریاكەوتن چەند ڕێنماییەك بۆ پارێزگاری لەجەستە و كەسی سەرمابردوو و هەروەها فریاكەوتنی دابەزینی پلەی گەرمی لەش دەكات:
دابەزینی پلەی گەرمی لەش و فریاكەوتنی خێرایی:
*دابەزینی پلەی گەرمی لەش: ئەم حاڵەتە ڕوودەدات لە ئەنجامی دابەزینی پلەی گەرمی لەش بۆ ژێر پلەی 35ـی سەدی، كاریگەرییەكانی جیاوازییەكەی بە گوێرەی خێرایی ڕوودانی و پلەی گەرمی دابەزیوی لە ژێر پلەی 35ـی سەدیە، لە ئەنجام دا هاتووچۆی خوێن، لە ناو موولوولەكانی بەشی سەرەوەی پێست زور كەم دەبێتەوە چونكە لاشە خوێنی پێویست زیاتر بۆ ئەندامە سەرەكییەكان دەنێرێ وەك دڵ و مێشك. دابەزینی پلەی گەرمی بە شێوەیەكی كەم و مامناوەند دەتوانرێت بە ئاسانی زاڵ ببین لەسەری و چارەسەری بكەین، بەڵام دابەزینی زۆر (لە خوارووی پلەی 28) ئەوا زۆر بەی جار دەبێتە هۆی مردن. گرنگ نییە چەند پلەی گەرمی لەشمان دابەزیووە، بەڵكو گرنگ ئەوەیە بزانین چۆن فریاكەوتنی خێرا ئەنجامبدەین تاكوو نەخۆشەكە دەگاتە دەستی پزیشكی فریاكەوتن.
*هۆكارەكان:
1.كەشی سارد: كەشی سار بە تایبەتی ئەگەر بای ساردی لەگەڵ بێت ئەوا خێراتر پلەی گەرمی لەش دادەبەزێت.
2.كەوتنە ناو ئاوی سارد: كاتێك مرۆڤ دەكەوێتە ناو ئاوی سارد ئەوا 30 جار خێراتر پلەی گەرمی لەش دادەبەزێت بە بەرامبەر بە هەوای سارد، بۆ یە مرۆڤ لە ناو ئاوی سارد زیاتر دەمرێت، ئەمەش بەهۆی دابەزینی پلەی گەرمیی لەشییەوەیەتی نەوەك بەهۆی خنكانییەوە.
3.دابەزینی پلەی گەرمی لەش لەوانەیە لە نێو ماڵدا ڕووبدات بەهۆی نەبوونی سەرچاوەكانی گەرم كەرەوە، بە تایبەتی لە كەسانی بەساڵاچوو و منداڵی ساوا و كەسی لاواز، كەمی چالاكی و نەخۆشانی درێژخایەن و ماندووبوون، ئەگەری زیاترنەكان زیاتر دەكەن، هەروەها بەكارهێنەرانی هەندێ جۆری دەرمان و كحوول بارە خراپتر دەكەن.
*نیشانەكان:
1.لەرزین و سەرمابوون و ڕەنگ زەردبوون، وشكبوونەوەی پێست.
2.بێ توانادەركەوتن و تەركیز نەمان و هەڵسوكەوتی سەیر.
3.دابەزینی ئاستی هۆشیاری (ئاگا لەخۆنەبوون) و بوورانەوە.
4.كەم بوونەوەی چالاكی هەناسەدان.
5.كەمبوونەوە و لاوازبوونی نۆبەی دڵ، لەوانەیە دڵ بوەستێنێت.
*ئامانجی فریاكەوتنی خێرا:
ا.نەهێڵین كەسەكە زیاتر پلەی گەرمی داببەزێت.
ب.گەرم كردنەوەی لەش بەهێواشی.
ج.داواكردنی یارمەتی لە تیمی پزیشكی فریاكەوتن (فریاكەوتنی خێرا 122) لە كاتی پێویست.
*هەنگاوەكانی فریاكەوتنی خێرا لە دەرەوەی ماڵ:
1.گواستنەوەی كەسەكە بۆ پەناگەیەك وەك ژێر دیوار و دارێك، چونكە پەناگە كەسەكە لە بای سارد دەپارێزێت.
2.ئەگەر گونجاو بوو جلە تەڕەكانی لاببە و بە جلی وشك و گەرم دایپۆشە و سەری كەسەكەش بە جوانی دابپۆشە، جلب خۆت بەكار مەهێنە چوونكە لەوانەیە تۆش دووچاری هەمان دۆخ بێت.
3.هەوڵ بدە شتێكی ئەستوور وشك لە ژێر كەسەكە رابخە وەك بەتانی، لباد، مافوور، كارتۆن یانیش تەنانەت قەڕەكانی ڕۆژنامە و گۆڤارەكان.
4.داوای یارمەتی بكە لە ئەنبوڵانس فریاكەوتنی خێرا 122 یان كەسانی دی یان نزیكترین نەخۆشخانە.
5.ئەگەر كەسی تووشبووەكە ئاگای لەخۆی بوو دەتوانی خواردنەوەیەكی گەرم وخواردنێكی وزە بەخشی پێشكەش بكە، وەك چكولێت ئەگەر بەردەست بوو.
6.تووش بووەكە دەبێت هێواش گەرم بكرێتەوە و چاودێری نیشانە زیندەگییەكان بكەین، وەك دڵ و هەناسە و باری هۆشیاری تاكوو یارمەتیمان پێ دەگات، كە یارمەتی گەیشت تووش بووەكە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە.
*هەنگاوەكانی فریاكەوتنی خێرا لە ماڵەوە:
1. نەخۆشەكە دەبێ بەهیواشی گەرم بكەینەوە، چونكە خێرا گەرمكردنەوەی دەبێتە هۆی ئاراستەكردنی خوێن لەدڵ و مێشك بۆ پێست بەمەش بارەكە خراپتر دەكەین.
مرۆڤی بەساڵاچوو لە بەتانییەك لوول دەدەین بەشێوەیەكی زانایی و نەرمونیانی و پلەی گەرمیی ژوورەكە بكە پلەی 25ـی سیلیزی.
2.خواردنەوەیەكی گەرم وەك شۆربا یان جوكولاتەیەم دەدەین بە تووشبووەكە، بۆ ئەوەی یارمەتی گەرم بوونەوەی بدات.
3.پەیوەندی بكە بە 122 یان تووشبووەكە بگوازەرەوە نەخۆشخانە، بە تایبەتی ئەگەر هەستت كرد باری تەندروستی جێگیر نییە، چونكە لە بەساڵاووان لەوانەیە دابەزینی پلەی گەرنی لەش نیشانەكانی نەخۆشی جەڵتەی دڵ و مێشك و تەمبەڵی ڕژێنی دەرەقی بشارێتەوە.
4.لەكاتی چاوەڕوانی گەیشتنی یارمەتی ئەوا چاودێری تووش بووەكە بكە و نیشانە زیندەكییەكان و باری هۆشیاری بپێوە.

ئاگاداری لەكاتی فریاكەوتنی بۆ ئەم نەخۆشانە:
*نابێ گەرم كەرەوەی كارەبایی (هیتەر) یان ئاگر كدنەوە بەكاربهێندرێت بۆ گەرم كردنەوەی تووشبووەكە.
*نابێ تووش بووەكە كحول بخواتەوە.
*.نابێ ئەو شوێنانەی زۆر ساردبوون و بەرەو بەستووی دەچێت بشێلدرێت.
*.نابێ كەسی بەساڵاوو لەناو حەوزی ئاوی گەرم دابنرێت.
*پێویستە لەكاتی لەهۆش نەمانی تووشبووەكە، كردارەكانی فریاگووزاری و بووژانەوەی دڵ و سییەكان ئەنجام بدەین.
*هەوڵ بدە خۆت سەلامەت و گەرم بمێنیتەوە.

 

ماكوان عيززه‌‌ت - هەولێر

© 2017 Hawler