تشرینی دووەم 16, 2018

نەوزاد هادی: ئه‌وه‌ی لەتوانادا بێت بۆ خزمه‌تی كاسبكاره‌كان ده‌یكه‌ین شه‌و و رۆژ لیژنه‌كان لێره‌ن و چاودێری كاره‌كان ده‌كه‌ن

دوێنێ، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و نێچیرڤان ئەحمەد، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران سەردانی بازاڕی لەنگەی هەولێر و کاسبکارانی ئەو بازاڕەیان کرد تا به‌ خێرایی بڕیاره‌كانی حكوومه‌ت جێبه‌جێ بكرێت و خزمه‌تگوزارییه‌كانی بازاڕه‌كه‌ دابین بكرێت.

دوای سەردانەکەش پارێزگاری هه‌ولێر بۆ میدیاکان رایگه‌یاند: "چه‌ند كۆمپانیایه‌ك به‌ چیمه‌نتۆ و شیش هاوكاریی دووكانداره‌كانی بازاڕی له‌نگه‌ی هه‌ولێر ده‌كه‌ن، ئێمەش ئه‌وه‌ی پێمان بكرێت بۆ خزمه‌تی كاسبكاره‌كان ده‌یكه‌ین و شه‌و و رۆژ لیژنه‌كان لێره‌ن و چاودێری كاره‌كان ده‌كه‌ن".
لەبارەی زیانلێکەوتوانی بازاڕەکەوە پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: دكتۆر به‌شیر حه‌داد، جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و په‌رله‌مانتارانی دیكه‌ش سه‌ردانی بازاڕه‌كه‌یان كردووه‌و هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌و بوودجه‌یه‌ی بۆ قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتووان هه‌یه‌ له‌ به‌غدا هاوكارییه‌ك بۆ كاسبكاره‌كان په‌یدا بكه‌ن.
نەوزاد هادی گووتی: "هه‌موو ئەو هاووڵاتیانەی کە دووكانه‌كانیان سووتاوه‌ خاوه‌ن موڵك نیین و به‌شێكیان كرێچین، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌ن موڵكه‌كان مه‌رجمان ده‌بێت دوای ته‌واوبوونی دووكانه‌كان كرێچییه‌كان بچنه‌وه‌ شوێنی خۆیان، ئه‌گه‌رنا گرێبه‌سته‌كه‌ی حكوومه‌تیش هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ له‌گه‌ڵیان".
نەوزاد هادی ئاماژەی بەوەش دا: "بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كانی رابردوو دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ هەوڵدەدەین شوێنه‌كه‌ بە باشی رێكبخرێته‌وه‌و كاره‌بای نیشتمانی و موه‌لیده‌ش كۆنترۆڵ بكرێت و به‌ یه‌ك كێبڵ دابه‌ش بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی جه‌نجاڵی درووست نه‌بێت".
لە لایەن خۆشیەوە نێچیرڤان ئەحمەد، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە سەرەتای رووداوەکەوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەرۆشی خۆی بۆ زیانلێکەوتوان دەربڕی و ئێمەیشی ڕاسپاردووە تاکوو لیژنەی پەیوەندیدار دروست کرا و ڕۆژانە نێچیرڤان بارزانی لەم بابەتە ئاگادار دەکەینەوە و هاتنمان بۆ ئێرە لەسەر ئەو گرنگییەیە کە کاک نێچیرڤان بەم بابەتەی دەدات.
ناوبراو جەختیشی کردەوە: لێژنەکان لێکۆڵینەوە لەسەر قەبارەی زیانەکان دەکەن و ڕاپۆرتەکانیان بۆ ئێمە بەرز دەکرێتەوە، دواتر ئێمە بڕیاری خۆمان دەدەین.
شایەنی باسە بە هۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوە رۆژی 25/10/2018، به‌شێکی زۆری دووكانه‌كانی بازاڕی لەنگەی هەولێر سووتا، خۆشبەختانە رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوەو نزیكه‌ی 1200 دووكانی بازاڕه‌كەش سووتا‌، دواتریش لە ڕیگای تیمه‌كانی ئاگركوژێنه‌وه‌و فریاگوزاری توانرا ئاگره‌كه‌ كۆنترۆڵ بكرێت.

© 2017 Hawler