تشرینی دووەم 16, 2018

بڕیار بدە . كە باوكێكی نوێ بیت...!

هەمیشە دەنووكت لەسەر منداڵەكەتە، دەتەوێ، باش بێ، سەركەوتوبێ، بخوێنێ، شارەزای كار و پیشە بێ، زۆر جار بە منداڵەكەت دەڵێی: باهیچ ڕۆژێكت لە ڕۆژی ڕابردووت نەچێ، هەوڵ بدە هەموو ڕۆژێك شتێكی نوێ بخەیتە ناو ژیانتەوە، لەوانەیە منداڵەكەت هەندێ جار وابكات و هەندێ جاری تر وانەكات، بەڵام تۆ جارێ واز لە منداڵەكەت بێنە، با من و تۆ دوو قسەی باش بۆ خۆمان بكەین.
لە خۆ بپرسە: وشەی ( بڕیار ) لە لای تۆ مانای چییە؟ ئایا بەڕاستی مافی تەواو دەدەیت بە بڕیارەكانت؟ یان وەكوو حەبی سەر ئێشە مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكانت دا دەكەی؟ هەر كە سەرت ژانی كرد دەیخۆیت و كە چاكبوویتەوە وازی لێدەهێنی؟ ئەگەر وا بكەیت، ئەوە پێی ناگوترێ ( بڕیاردان ) بەڵكو پێی دەگوترێ ( سڕكردن ) . ئایا تۆ خۆت ڕۆژانە چ گۆڕانكارییەكی تازە لە ڕەفتاری خودی خۆتدا دەكەی بۆ ئەوەی پێتەوە دیار بێ كە ( تۆی باوكی ئەمرۆ ) هەمان ( باوكەكەی دوێنێ ) نیت. دوێنێ گوێت نەدەدایە ئەوەی ئاخۆ كاتێك تۆ لە ماڵەوە نیت منداڵەكەت لە ماڵەوە خەریكی چییە و بە چی و لەگەڵ كێ و چۆن و تاكەی كاتەكانی بەسەردەبا؟ بەڵام ئەمرۆ پێش چوونە دەرەوە لە ماڵ گفتوگۆیەكت لەگەڵ منداڵەكەت كرد، پلان و نەخشەی كارەكانیت زانی، هەر ئەمڕۆ دووجار تەلەفۆنت بۆ منداڵەكەت كرد و لێت پرسییەوە؟ جارێكیش تەلەفۆنت بۆ هاوسەرەكەت كرد و لە ئەو پرسیاری منداڵەكەت كرد؟ كەواتە تۆی باوك توانیت باوكێكی نوێ بیت بۆ منداڵەكەت، بەڵام ئەگەر سبەینێ شتێكی لەوە تازەترت پێ نەبێ، ئەوا لە بیر و هۆشی منداڵەكەتدا بە تۆ دەگوترێ ( باوكە كۆنەكە ) ئەو باوكەی هەموو ڕۆژێك هەمان قاوان لێدەداتەوە.
بۆ پرسیار و زانیاری پەیوەندی بكەن بە:
فەیسبووك: azizalany
تەلەفۆن / ڤایبەر٠۷۷۱۹۷۱۳٠٥٠

© 2017 Hawler