تشرینی دووەم 16, 2018

لەپێناو ژینگەیەكی پاك با هەموومان (پایسكیل) لێخوڕین

بەڕاستی لە ناخەوە هەست بە ئەوپەڕی ئاسوودەیی و بەختەوەری دەكەم كاتێك دەبینم بەرپرسێكی باڵا یان كەسێكی ئاسایی لە ماشێنەكەی دێتە خوارەوە و لە بری ئەوە قۆچی پایسكیلەكەی دەگرێ و وردە وردە بە ڕێگادا دەڕوات و هەموو كارو بارەكانی بەو پایسكیلەی ڕاهی دەكات بێ ئەوەی كاریگەری خراپی بەسەر ئەمو ئەودا هەبێت، چونكە ئەو كارە بەر لە هەموو شتێك سوود و قازانجی بۆ مرۆڤ و ژینگە تێدایە، چونكە ژینگە و ژینگە پارێزی ئەركێكی فرە نیشتمانی و مرۆییە بۆ هەموو تاكەكانی نێو كۆمەڵ و دەبێ بەوپەڕی شانازییە وەربگیرێ و كاری جیدی بۆ بكرێ، بۆیە هەمیشە لێرە و لەوێ كۆڕ و سیمینار و كۆنگرەی گەورەی لەسەر ئاستی بەرز بۆ دەبەسترێ و بە شێوەیەكی بەردەوامیش ڕێنمایی جۆرا و جۆری بۆ بڵاودەكرێتەوە، ئەگەرچی هەندێك لە تاكەكانی نێو كۆمەڵ خەمساردن ئەو بایەخە بە ژینگە نادەن و لایەنە باش و ئەرێنیەكانی لەبەرچاو ناگرن، بۆیە دەبینین لەو ڕووە وە هەمیشە كێشە و گرفتی لا بەلامان هاتۆتە پێشەوە كە زۆر بە زەحمەت چارەسەر كاروە، من لە نووسینەوەی ئەو باسەدا دەمەوێ بێمە سەر ئەو دیمەنە جوان و بەرچاوەی (جەلال پەرێشان) ی هونەرمەند و ورزشوان و پەرلەمانتار كاتێك بەسواری پایسكیلەكەی هاتە نێو تەلاری پەرلەمان و قسەكەی خۆی هێنایە جێ بۆ ئەوەی وەك كەسێكی خاكی سوێندی یاسیایی بخوات و وەك پەرلەمانتارێكی خولی پێنجەم دەست بەكار بێت، ئەو دیمەنە نەك بە تەنیا هی من، بەڵكو سەرنجی هەموو لایەكی بەلای خۆیدا ڕاكێشا و بوە جێگای قسە و باسی هەموو لایەك بە تایبەتی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، جا لە هەمووی بەرچاوتر كەشو هەوای ئەو ڕۆژە سارد و باراناوی بوو لەبەر ئەو كەشە مرۆڤ لە دەرەوە خۆی بۆ نەدەگیرا، بەڵام ئەوەیان پەیامێكی زۆر جوان و شایستە بوو بۆ هەمووان كە دەبێ لەپێناو ژینگەیەكی پاك و خاوێن و دوور لە دەرد و نەخۆشی با هەموومان (پایسكیل) لێخوڕین و ئەو كارە بكەینە كلتوورێكی زیندوو هەرگیز لێی دانەبڕێین، چونكە لێخوڕینی پایسكیل لە هەموو كات و ساتێكدا گەلێك سوود و قازاجی هەیە بۆ تەندروستی خودی مرۆڤ و وەرزشێكی یەكجار بەسوودیشە، پاشان دەبێتە هۆی ئەوەی ئیدی پشت لە لێخوڕینی ماشێن بكەین و لە سەرفكردنی بەنزین و دووكەڵی ژەهراوی دوور كەوینەوە كە تەندروستی هەموومانی بەرەو خراپی بردوە و تەنانەت بای تەندروستی زۆرێكی خستۆتە مەترسیەوە، بۆیە دەبێ لەمەودوا بایەخی زیاتر بە بازرگانی هێنانی پایسكیل بۆ كوردستان بدرێ، هەروەها جادە و شەقامی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە دیار بكرێ تا پایسكیل سوارەكان لە مەترسیەكانی ڕێگا و بان بە دوور بن و ژیانیان پارێزراو بێت، ئەوەیان زۆر گرنگە دەبێ بە جیدی لەسەری بوەستین و نەخشە و پلانی ڕێكو پێكی بۆ دابڕێژین بۆ ئەوەی هەموو لایەكمان لە سێبەریدا هەوایەكی پاك هەڵمژین و كەمێك دەروون و مێشك و جەستەمان بحەسێتەوە.

 

© 2017 Hawler