تشرینی دووەم 16, 2018

خراپی باری دەروونی یەكێكە لەهۆكارەكانی دروستبوونی كۆڵۆن

كۆڵۆن یان وروژانی كۆڵۆن، یەكێكە لە نەخۆشییە بەربڵاوەكان كەتووشی كۆئەندامی هەرس دەبێت لە مرۆڤدا بەتایبەتیش ڕیخۆڵە گەورە.

بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) نزیكەی لە (15% بۆ 25%) ی مرۆڤ ڕووبەڕووی ئەم نەخۆشییە دەبێتەوە.
لەوبارەوە د.هیوا ئەبوبەكر حسین پسپۆڕی ووردی نەخۆشییەكانی هەرس و جگەرو هەناوبینی ئاماژە بۆ نەخۆشی كۆڵۆن و چارەسەر و ڕێنماییەكانی دەكات و دەڵێت:" نەخۆشی كۆڵۆن لە جیهاندا لە ڕیزبەندی سێهەمدایە لە دوای نەخۆشییەكانی ئەنفلۆنزا و پشت ئێشە كەبەهۆیەوە هاوڵاتیان بە شێوەیەكی زۆر سەردانی پزیشكی پسپۆڕ دەكەن، ئەم نەخۆشییە مەترسیدار نییە و تەنها كاریگەری لەسەر ژیانی كەسەكان هەیە بەوەی كە بەهۆیەوە ناتوانرێت تێكەڵاوی خەڵك و كۆمەڵگا ببێت بەهۆی بوونی غازاتی زۆر لە ناوسكی كەسەكە و بە یەكێك لە نەخۆشییە كردارییەكان دادەنرێت ".
ئەوپسپۆڕە روونیكردەوە دیواری ڕیخۆڵە گەورە توشی هەوكردن نابێت بەڵكو دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو ئەركەی خۆی لێ تێك بچێت كە پێویستە ئەنجامی بدات بۆیە مرۆڤەكان ڕووبەڕووی نەخۆشی كۆڵۆن دەكاتەوە.
هاوكات ووتیشی نەخۆشی كۆڵۆن لەڕووی تەندروستییەوە دەكرێت بە سێ‌ جۆری سەرەكییەوە ئەوانیش:
یەكەم - دروست بوونی ئازار لە بەشی سەرەوەی سك كەدوای خواردنی خواردەمەنییەكی دیاری كراو تووشی كەسەكە دەبێت.
دووەم - لەگەڵ بوونی ئازاردا كەسەكە تووشی حاڵەتی سكچوون دەبێت.
سێیەم - كەسەكە قەبز دەبێت و پیسایی بۆناكرێت .
لە كۆتایدا د.هیوا ئەبوبەكر ئاماژە بە ڕێنمایی و چارەسەرەكانی ئەو حاڵەتە دەكات بۆ هاوڵاتیان و ڕایدەگەیەنێت:" پێویستە لەسەر هاوڵاتیان نەترسن چونكە نەخۆشییەكی كوشندە نییە، ئەوەی گرنگە لەسەریان پارێز بكەن و هەوڵبدرێت ئەو خواردنانە نەخۆن كە كاریگەری دەكاتە سەر وروژاندنی ئەم نەخۆشییە ئەوانیش وەك ( پاقلەمەنییەكان، گۆشتی سور ) لەگەڵ ئەوەشدا باری دەروونی هۆكارێكی كاریگەرە لە وروژاندنی ئەم حاڵەتەدا و پێویستە ئارام و لەسەرخۆ بین و دەروونێكی ئاراممان هەبێت، هەروەها دەبێت ئەوكەسانەی توشی ئەم حاڵەتە دەبن سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكەن و ڕەچاوی ئەو دەرمان و چارەسەریانە بكەن كە بۆیان دادەنرێت ".

© 2017 Hawler