کانونی دووەم 18, 2021

چی لە بارەی زمانەی میکانیکی دڵ دەزانیت؟

ئەمەی دەیبینن لە وێنەکە یەکێکە لەو داهێنانە مەزنانەی زانستی پزیشکی کردوویەتی کە درووست کردنی زمانەیەکی دەستکردە (صناعی) بۆ ئەو نەخۆشانەی یەکێک لە زمانەکانی دڵیان پەکی کەوتووە.

 

د.زانیار ئاغال پزیشکی پسپۆڕی هەناوی ڕوونی دەكاتەوە كە دڵی مرۆڤ کاری ئەوەیە وەکو پەمپێک خوێن بنێرێت و دابەش بکات بۆ هەموو لاشەی مرۆڤ واتە هێزی هەبێت ئەو خوێنە شلە بگەیەنێتە سەری پەنجەی قاچ و تەپڵی سەر لە یەک کاتدا. هەمان کات بڕێکیش بنێرێت بۆ سییەکان تاوەکو ئۆکسجینی لێ وەرگرێت و پاکی بکاتەوە. لەیەک کاتیشدا توانای هەبێت هەموو خوێنەکە وەرگرێتەوە لە سەرەوە بۆ خوارەوە و لە سییەکانیش.

ئەم ئەندامە گرنگە وا درووست کراوە کە لەناو خۆیدا چوار زمانە هەبن. ئەم زمانانە (صمام) وەکو پاسەوانێک وان کە ڕێ دەکەنەوە بۆ خوێن بڕوات و ناهێڵن خوێنیش بگەرێتەوە بۆ دواوە. جا گەر ئەمانە تێک بچن، تەسک ببنەوە یان شل ببنەوە، ئەوا خوێنەکە بە باشی هاتووچۆ ناکات.

د.زانیار ئاغال ئاماژە بەوەشدەدات كە ئەو کەسانەی نەخۆشی زمانەی دڵیان هەیە، بەشێکیان سوود مەند دەبن لە گۆرینی زمانەکە بە دەستکرد. سی ساڵ پێش ئێستا ئەمە خەون بوو، بەڵام ئێستا واقعە.

ئەم زمانە دەستکردە جگە لەوەی هەموو ئیشەکەی زمانە سرووشتییەکە دەکات، دەبێت بەرگەش بگرێت بۆ ئەو هەموو هاتووچۆیەی خوێن، نەشکێت، جام نەبێت، و دەبێت ئەوەندەش ناسک بێت بتوانێت لە ڕێی قەستەرەوە لە دەماری قاچەوە ببرێتە ناو دڵەوە و خۆی کرژ بکات تا لە کاتی نەشتەرگەرییەکەدا نەشکێت.

زمانەکان دوو جۆرن، میکانیکی کە لە کانزاکان درووست دەکرێن و زیندەگی کە لە بەراز درووست دەکرێن.

 

 

 

ماكوان عيززه‌‌ت - هەولێر

 

© 2017 Hawler