تشرینی یەکەم 22, 2020

ڕێژه‌ی خۆكوشتن و به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌

پێشبینی مردنی زیاتر لە ٧٥،٠٠٠ ھاوڵاتی ئەمریکی دەکرێت بەھۆی خۆکوژی و ماددەی ھۆشبەرەوە، ئەویش لە ئەنجامی ترس و دڵەراوکێ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

 

وەکو ئاشکرایە ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەزاران مرۆڤی سەر ئەم زەمینەی لە گۆر ناوە، ئەمە بۆ ئەوانەی کە تووشی دەبن، دەی باشە کاریگەری دەروونی چۆن دەبێت لەسەر کۆمەڵگا بە گشتی؟

گروپی تەندروستی گشتی نێودەوڵەتی (Well Being Trust) روونکردنەوەیەکی داوە کەوا بە بەردەوامبوونی ئەو دۆخەی ئێستا، پێشبینی دەکرێت لایەنی کەم ٧٥،٠٠٠ ئەمریکی بەھۆی ماددەی ھۆشبەر و خۆکوژیەوە بمرن، ئەمەش ئەنجامی سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە کە پاڵەپەستۆیەکی دەروونی توندی خستۆتە سەر کۆمەڵگا بە مانەوەیان لە ماڵ بە تەنیا بێ ئیش و کار.

ئەگەر ھاتوو دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی و فیدرالی کارێک نەکەن یاخود چارەسەرێک بۆ ئەم بارودۆخە نەدۆزنەوە،ئەوا گروپەکە ھۆشداری دەدات لە سەرھەڵدانی دیاردەیەک بە ناوی (مردنی نائومێدی)، بەھۆی لێدانی زەنگی گەشەکردنی بێکاری و دارووخانی ئابووری و پاڵەپەستۆی دەروونی بەمانەوە بە تەنیا لە ماڵ، ئەمانە سێ فاکتەرن کە ئەو جۆرە مردنە لەسەریان بەندە.

دکتۆر (بێنیامین) میلەر بەرێوەبەری ستراتیجی (Well Being Trust) بە سی ئێن ئێنی راگەیاند: ئەگەر حکومەت پاڵپشتی دەروونی و دارایی کۆمەڵگا نەکات، زۆر نیگەرانم لەوەی کە خەڵکەکە بەرگەی ئەو زەختە زۆرە ناگرێ و پەنادەباتە بەر کاری کوشندە وەکو چۆن لە ساڵانی پێشوو بەھۆی بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری روویدا. ھەندێک کار ھەیە کە لە کاتی کەرەنتین و مانەوە لە ماڵ بۆ ماوەیەکی زۆر دەکرێت کاتی تر ناکرێت وەکو: خواردنەوەی مەی لە رۆژدا کە ئەمە لە کاتی تر ئاسایی نییە، ئەگەر بێت و ئەم کارە ببێتە خوو ئەنجامێکی زۆر خراپی دەبێت و تەرککردنی زەحمەتە. شایەنی باسە میلەر دووپاتی کردەوە کە ئەمانە تەنھا داتان و دەتوانرێ رێی لێ بگیرێ بەر لە روودانی و حەلی پێش وەختە بکرێ.

گروپەکە داوا لە حکومەت دەکات کە سەرژمێرییەکی ورد بکات بۆ زانینی ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئیش و کاریان لە دەستداوە بەھۆی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەوە، دڵنیایان بکاتەوە لە دۆزێنەوەی ھەلی کار بۆیان و بیان گەرێنێتەوە سەر کار و رۆتینی ژیان.

بەپێی توێژینەوەیەکی (Well Being Trust) ؛ ژمارەی خۆکوژی و ئاڵودەبوون بە مادەی ھۆشبەر بەستراوە بە کەمی و زۆری رێژەی بێکاری، بۆنموونە ژمارەی خۆکوژیەکان لە ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩ زیاتر بوو وەک لە ساڵانی تر بەھۆی زیادبوونی رێژەی بێکاری، لە ساڵی ٢٠٠٧ رێژەی بێکاری ٤،٦٪‏ بوو، بەرز بۆوە تا ١٠٪‏ تا ئۆکتۆبەری ٢٠٠٩.

راوێژکاری دارایی کۆشکی سپی کیڤن ھاسێت بە CNNی راگەیاند: رێژەی بێکاری لە ئەمریکا لە مانگی نیسانی ئەمساڵ گەیشتە ١٦٪‏، پێشبینی دەکرێ لەوە زیاتر بێ ئێستا و لەوانەیە بگاتە ٢٠٪‏، ئەمەش خراپترین رێژەی بێکاریە لە ساڵی ٢٠٠٩وە.

 

 

© 2017 Hawler