تشرینی یەکەم 22, 2020

بۆچی دەبێ ڤیتامین دی وەرگرین؟

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

 

پرسیارگەلی زۆر هەن لەسەر ڕۆڵی ڤیتامین دی لەشەڕی دژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بۆ ئەو مەبەستە کۆمسیۆنی ڕاوێژکاری شارەزایان لەسەر خۆراک و چاودێری تەندروستی، هەروەها ئەنستیتۆی نیشتمانی باشترین چاودێری تەندروستی چاوپێداخشاندنی خێرایان بەسەر بەڵگەکانی پەیوەست بەوەدا کردوە کە لەو ڕاپۆرتەدا وەڵامی بەشێک پرسیارەکان دراوەتەوە:

ڕێنماییان چی بووە؟
لەماوەی پاندێمێکی ڤایرۆسی کۆڕۆنادا زۆربەی خەڵکی لەماڵەوەدا دەمێننەوە، ئەوەش وادەکات خەڵکی کەموکورتیان لەوەرگرتنی بڕی پێویستی ڤیتامین دی هەبێ.
بەشێوەیەکی ئاسایی زۆربەی خەڵکی ڤیتامین دی‌یان لە دەرەوە دەستدەکەوێ، پێستی مرۆڤ لەکاتی بەریەککەوتنی لەگەڵ خۆردا ڤیتامین دی دروستدەکات.
لەڕێنماییەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی بەریتانیا لەو بارەیەوە هاتوە، ئەگەر خەڵکی کاتی پێویست لەدەرەوە بەسەرنەبەن پێویستە ڕۆژانە بڕی (١٠ مایکڕۆگرام) ڤیتامین دی وەربگرن.
هەروەها لەبەریتانیا بەهۆی ئەو کەشوهەوا تایبەتەی هەیەتی، لەماوەی پێش پاندێمێک و هاتنی کۆڕۆناشدا ساڵانە لەنێوان مانگەکانی (تشرینی یەکەم) بۆ (ئازار) خەڵکی ڕێنمایی دەکەن ڤیتامین دی بەکاربهێنن.
بەڵگەنامەکان ئەوەیان دەرخستوە کە پێستی تاریک لەوانەیە بڕی پێویستی ڤیتامین دی دەستنەکەوێت هەتا ئەگەر هاتوو ماوەی پێویستیش لەدەرەوە بمێنێتەوە، بۆیە ئەو کەسانەی پێستیان تاریکە ڕێنمایی دەکرێن ساڵەکە بەتەواوی ڤیتامین دی وەربگرن.
لە بەریتانیا بەڵگەکان نیشانداوە کەمینە نەتەوەکانی ئاسیا و ڕەش پێستەکان لەکاتی گرتنی ڤایرۆسی کۆڕۆنادا بەتوندی توش دەبن و ژمارەی مردنیش تێیاندا بەرزبوە، بەشێکی بەهۆی کەمی ڤیتامین دیەوە بووە.

بۆچی دەبێ ڤیتامین دی وەرگرین؟
ڤیتامین دی گرنگە بۆ تەندروستی ئێسقان و ددان و ماسولکەکان، کەمی بڕی پێویستی ڤیتامین دی لە لەشدا دەبێتەهۆی لاوازی ئێسقانەکان و ئێسکە نەرمە.
چەند پێشنیازێك هەیە لەو بارەیەوە کە، ڤیتامین دی بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری باشە و شەڕی دژی توشبوون بە ڤایرۆس و میکڕۆبەکان دەکات، لەوانە ئەنفلۆنزا.

ئایا ڤیتامین دی ڕێ لەتوشبوون بە کۆڕۆنا دەگرێ؟
ڕاپۆرتەکە ئەوەی دەرخستوە، لیژنەی گەورە ڕاوێژکارانی شارەزایان دەڵێن هیچ بەڵگەیەک نیە پاڵپشتی ئەوەبکات کە وەرگرتنی (تەواوکاری) ڤیتامین دی ببێتەهۆی ڕاگرتن یان چارەسەری ڤایرۆسی کۆڕۆنا.
بەڵام زانایان لەو باوەڕەدان وەرگرتنی ڤیتامین دی بەشێوەیەکی بەرفراوان سودی تەندروستی هەیە و ئاستی بەرگری بەرزدەکاتەوە، بەتایبەتی لەماوەی پاندێمێکی کۆڕۆنادا بۆ ئەوەی خەڵکی بەشێوەیەکی ڕێک و تەندروست بمێننەوە ڤیتامین دی ڕۆڵی کارای دەبێت.
هەندێک توێژینەوە پێشنیازیان کردوە، کەمی ڤیتامین دی لەکاتی توشبوون بەڤایرۆسی کۆڕۆنادا باری نەخۆشەکە خراپتردەکات، بەتایبەتی لەکاتی هەوکردنی سیەکاندا.
پرۆفیسۆر (جۆن ڕۆدس)، پرۆفیسۆر لە زانکۆی لیڤەرپوڵی پزیشکی دەڵێ ڤیتامین دی دژە کاریگەرەکانی هەڵاوسانە، ئەوە لەو نەخۆشانەی کە بەتوندی توشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەبن دیارە کە سیەکانیان توشی هەڵاوسانی زۆردەبێ و چاکبونەوەیان ئاسان نیە، لێرەدا هەبوونی بڕی پێویستی ڤیتامین دی گرنگە.

ئایا پێویستە بڕێکی زۆر ڤیتامین دی بەکاربهێنین؟
نەخێر، ئەگەرچی وەرگرتنی ڤیتامینەکان لەوانە ڤیتامین دی بەگشتی سەلامەتە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەرگرتنی بڕی زۆر و هەموو ڕۆژێک مەترسیداردەبێت لەدرێژ مەودادا، بۆ خەڵکی پێگەیشتوو پێشنیارکراوە ڕۆژانە بڕی (١٠ مایکڕۆگرام) ڤیتامین دی بەکاربهێنێ، وە بەکارهێنانی زیاتر لە (١٠٠ مایکڕۆگرام) لەڕۆژێکدا کاریگەری خراپی تەندروستی دەبێت، وەرگرتنی بڕی زیادەی ڤیتامین دی دەبێ لەژێر ڕێنمایی دکتۆردا بێت.
ئەو کەسانەی کێشەی گورچیلەکانیان هەیە، یان بارێكی خراپی تەندروستیان هەیە پێویستە لەژێر ڕێنمایی دکتۆردا ڤیتامین دی بەکاربهێنن.

ئایا ڕێجیمی خۆراک چەندە کاریگەرە؟
وەرگرتنی خۆراکی پێویست و هەمەچەشن بەشێوەیەکی هاوسەنگ دەتوانێ یارمەتی باش ئیشکردنی سیستەمی بەرگری لەشی مرۆڤ بدات.
ئەو خۆراکانەی بە ڤیتامین دی دەوڵەمەندن بریتین لە ماسی چەور و هێلکە، هەروەها خواردنەکانی بەیانیان لە دانەوێڵەکان و ماست و شیر و هێلکە لە باشترینەکانن کە ڤیتامین دی باشیان لەخۆوەگرتوە.
سەرچاوە: بی‌بی‌سی

 

© 2017 Hawler