نیسان 24, 2018

هۆكار و چارەسەری قەبزی لە منداڵان چییە؟

قەبزی كێشەیەكی باوە لە مناڵان، لەهەر ٥-١٠ منداڵێك یەكێكیان تووشی دەبێت. منداڵی قەبز هەمیشە بەوە جیا دەكرێتەوە كە درەنگ درەنگ سكی دەردەچێت یان پیساییەكی ووشك و ڕەق دەكات. د. نەجات عەبدولقادر پسپۆڕی نەشتەرگەری منداڵان نیشانەكان و هۆكار و چارەسەرییەكانی قەبزی منداڵان ڕوون دەكاتەوە:

د. نەجات عەبدولقادر سەرەتا ئاماژە بە نیشانەكانی قەبزدەدات كە ئەمانەن:
١- سك دەرچوون كەمتر لە ٣ جار لە هەفتەیەك.
٢- بوونی ئازار لە كاتی پیسایی كردن.
٣- سك ئێشە.
٤- بوونی پەڵەی پیسایی لەسەر جلی ژێرەوە، واتە منداڵەكەت پیسایی دەكات بێ ئەوەی هەستی پێ بكات.
٥- بوونی خوێن لەسەر پیسایی بەتایبەت ئەگەر پیساییەكە ڕەق بێت.
ئەگەر منداڵەكەت ترسی هەبوو لە سك دەرچوونێك كە ئازاری هەبێت، ئەوا هەوڵدەدات خۆی ڕاگرێت و پیساییەكە نەكات، لەو كاتەدا پیسایی لە ناو ڕێكەی منداڵەكە دەمێنێتەوە و زیاتر ووشك و ڕەق دەبێت و هاتنە دەرەوەی زەحمەت و بە ئازار دەبێت، لەو كاتەدا پیسایی زیاتر و زیاتر كەڵەكە دەبێت، دەبێتە هۆی گەورە بوون و ئاوسانی وتەمبەڵی ڕێكە و قۆڵۆن.

هۆكارەكانی قەبزی:
د. نەجات عەبدولقادر ئاماژە بەوەدەدات كە بەشێوەیەكی گشتی قەبزی لە منداڵان دوو هۆكاری هەیە، جۆری یەكەم پێویستی تەنها بە داوودەرمانە بۆ چارەسەركردن.
جۆری دووەم نەشتەرگەری تەنها چارەسەرە.
*هۆكارەكانی جۆری یەكەم بەگشتی ئەمانەن:
١- خۆگرتن (ئیمساك) : هەندێك مناڵ خوو بە ڕاگرتنی پیسایی دەگرێت بەهۆی چەند هۆكارێكی دەروونی وەك كێشەیەك لە نێوان دایك و باووك، دوور كەوتنەوە لە ماڵەوە چونكە منداڵەكەت نایەوێ لە ئاودەستی دەرەوە دابنیشێت، لەكاتی یاری كردن مناڵ هەندێك جار خۆی لەبیر دەكات و حەز ناكات یاری بەجێ بێڵێ.
٢- زوو دەست پێكردنی ڕاهێنان لەسەر چوونە سەر ئاو، بەشێوەیەكی گشتی تەمەنی گونجاو بۆ ڕاهێنان و فێر كردنی لە نێوان ٣-٤ ساڵییە.
٣- گۆڕینی خۆراك: خۆراكی كەم دەوڵەمەند بە فایبەر و ئاو دەبێتە هۆی قەبزی، یەكێك لە بەربڵاوترین كات بۆ قەبزی ئەو كاتەیە كە منداڵ لە تەمەنی ٦ مانگی دەست دەكرێت بە پێدانی خۆراكی تر جگە لە شیر.
٤- گۆڕان لە ڕۆتین: هەر گۆڕانكارییەك لە ڕۆتینی منداڵەكەت لەوانەیە ببێتە هۆی قەبزی وەكو گەشت كردن، چوونە قوتابخانە بۆ یەكەم جار، لەدایك بوونی مناڵێكی نوێ لە خێزانەكەی، ئاو و هەوای گەرم و ئارەق كردنی زۆر، نەخۆش كەوتن و تای زۆر، ترس و دڵەڕاوكێ......هتد
٥- هەندێك دەرمان هەن دەبنە هۆی قەبزی.
٦- هەستیاری بۆ شیری مانگاو زۆر خواردنی بەرووبوومەكانی شیر.
٧- كەمی جووڵە: ئەو مناڵانەی قەڵەون و جووڵەیان كەمە زیاتر موعەڕڕەزن بۆ قەبز بوون، هەروەها ئەوانەی زۆر بەدەم تەلەفزیۆن و یاریە ئەلیكترۆنیەكان دادەنشن، یان ئەو منداڵانەی تووشی ئیفلیجی مێشك هاتوون (شلل الدماغ).
٨- هەندێك منداڵ هیچ هۆكارێكی نیە تەنها ئەوەیە كە كە لە خێزانەكەی قەبزی باوە.
*هۆكارەكانی جۆری دووەم:
١-قڵیشان و تەقینی كۆم.
٢-تەسك بوونی زیگماكی كۆم.
٣-ئفلیجی قۆڵۆن.
٤- نەبوونی زیگماكی كۆم.
٥-بوونی گرێ (ورم) لە قۆڵۆن یان لەناو حەوز.
٦-بوونی گرێ لە بڕبڕەی پشت.
٧-بریندار بوونی دڕكە پەتك یان بڕبڕەی پشت لەكاتی هەر ڕووداوێكی نەخوازراو.
 لەكۆتاییدا د. نەجات عەبدولقادر ئاماژە بە هەندێك لەو خواردنانە دەدات كە دەبنە هۆی قەبزی:
(مۆز، هەنار، بنێشت، برنج، گۆشتی سوور، نانی ووشك، چوكلێت، بەرووبوومی شیر"ماست و پەنیر"، فاست فوودەكان بەگشتی، چپس، شەكر و پێكهاتەكان لەشەكر، گوڵەبەڕۆژە، ئیندۆمی و مەعكەڕۆنە).

 

ماكوان عيززه‌‌ت - هەولێر

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.