ئاب 08, 2020

ئایا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دایکانەوە بۆ منداڵە تازە لەدایکبووەکان دەگوازرێتەوە؟

لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتوە کە دایکانی توشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا نابنە ھۆی توشبوونی منداڵەکانیان لەکاتی لەدایکبووندا ئەگەر بێتو بە وریاییەوە مامەڵە بکرێت.

توێژینەوەکە لە سێ نەخۆشخانەی شاری نیویۆرکئەنجامدرا لەسەر ١٢٠ منداڵی تازە لەدایکبوو کە دایکیان ھەڵگری ڤایرۆسەکە بووە، بەڵام ئەنجامی پشکنینەکان بۆ سەرجەم منداڵەکان نەرێنی بووە. ھاوکات پاش دوو ھەفتە ئەنجامەکان بەھەمان شێوە بوون سەرەڕای ئەوەی کە ھەندێک لە دایکەکان شیریان دەدا بە ساواکانیان و لەھەمان ژوور لەگەڵیان دەمانەوە.
شارەزایان ئاماژەیان دا کە ئەنجامەکان یەکلاییکەرەوەن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستیمان بە لێکۆڵینەوەی زیاترە لەسەر ئەم بابەتە.بوونی داتا دەربارەی گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دایکانی دووگیانەوە بۆ کۆرپەکانیان لەماوەی دووگیانیدا و تەنانەت لەماوەی شیرپێدانیشدا زۆر دەگمەنە ھەر بۆیەش ڕێنماییەکان بۆ دایکان جیاوازن.
لە وڵاتی بەریتانیا لە زانکۆی ڕۆیاڵ، بەشی مامانی و پزیشکی ژنان پێشنیار دەکەن کە دایکانی توش بوو لەھەمان ژوور لەگەڵ منداڵەکانیان بن و تەنانەت ئەگەر بیانەوێت دەتوانن شیریان پێ بدەن بەڵام بەپێی ڕێنمایی تایبەت.
ھەردوولا لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی (WHO) پێیانوایە کە سود و گرنگیەکانی شیری دایک دەتوانێت مەترسیەکانی توشبون بە ڤایرۆسەکە تێبپەڕێنێت.
بەڵام جیاواز لە وڵاتی ئەمریکا، ناوەندی تەندروستی ئەمریکی پیشنیاردەکات کە دایکانی توشبوو لە منداڵە ساواکانیان جیا بکرێنەوە بە شێوەیەکی کاتی بۆ کەمکردنەوەی مەیترسیەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە.
بەشێوەیەکی گشتی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئەوەیە کە دایکانی توشبوو دەتوانن ژوورەکەیان لەگەڵ ساواکەیان ھاوبەشی پێ بکەن و شیریان پێبدەن بەڵام دەبێ ڕێنماییە تەندروستیەکان پەیڕەو بکەن بە پۆشینی ماسک و پەنجەوانە و دەست شوشتنی بەردەوام ھەروەھا منداڵەکە دەبێت لە جێی تایبەتی خۆی بێت و لەگەڵ دایکەکە، بە نزیکی ٢ مەتر دووری لە نێوانیاندا بێت.

© 2017 Hawler