تەمموز 10, 2020

لە ئەمریكا نرخی چارەسەركردنی تووشبوویەكی كۆرۆنا یەك ملیۆن دۆلارە

یەكێك لەو تووشبووانەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەمریكا، دوای وەرگرتنی چارەسەری و چاكبوونەوەی لە پەتایەكە، كە گەڕاوەتەوە ماڵەوە، پسوولەیەكی تێچوونی چارەسەریەكەی بۆ هاتووە و بڕەكەی یەك ملیۆن و 100 هەزار دۆلاری ئەمریكی بووە.

مایكل فلور هاووڵاتییەكی ئەمریكییە و تووشی پەتای كۆرۆنا بوو، بۆ ماوەی دوو مانگ لە نەخۆشخانە ماوەتەوە، كاتێك لە نەخۆشخانە دەرچووە، پسوولەیەكی بۆ هاتووەتە ماڵەوە كە لەسەری نووسراوە، پێویستە بڕی یەك ملیۆن و 100 هەزار دۆلار بداتە نەخۆشخانە.
پسوولەكە 181 لاپەڕە بووە و بە تێروتەسەلی باس لەو چارەسەرانە كردووە كە بۆ ئەو هاووڵاتییە كراوە، لەوانەش تەنها لە چاودێری چڕدا بڕی (82،215) دۆلار خەرج كراوە، هەروەها بەهۆی ئەوەی چەندین نەخۆشی وەكو گورچیلە و دڵ و سییەكانی هەبووە، نەخۆشخانەكە ئەو نەخۆشیانەشی چارەسەر كردووە.
ئەم هاووڵاتییە ئەمریكییە قسەی بۆ كەناڵی "فۆكس نیوز"ی ئەمریكی كردووە و سەرسڕمانی خۆی دەڕبریوە بەرامبەر ئەو پسوولەیەی بۆی هاتووە، دەڵێ لە كاتێكدا كارتی دڵنیایی هەبووە، لای سەیرە نەخۆشییەكەی ئەو هەموو پارەیەی تێچووە، ئێستاش هەست بە تاوان دەكات كە نەمردووە.

© 2017 Hawler