تشرینی دووەم 28, 2020

سۆلین عەبدوڵا: ئازادی ئافرەت لە شیعرەکانمدا ڕەنگی داوەتەوە

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

 

خانمە شاعیر سۆلین عەبدوڵا تەمەنی ٤٢ ساڵە و دانیشتووی سلێمانییە. لەم دیمانەیەیدا بۆ رۆژنامەی "هەولێر" دەڵێ،" ئازادی ئافرەت لە شیعرەکانمدا ڕەنگی داوەتەوە."

سۆلین کێیە؟
هەر لە قۆناغی سەرەتایی قوتابخانە ئەم خولیایەم بۆ دروست بوو، کە هەستم بە چێژی خوێندنەوەی چیرۆک و لەبەرکردنی هۆنراوە بوو، تا ساڵی ١٩٩٤ یەک دوو هۆنراوەی کرچوکاڵم نووسی و بەردەوام نەبووم، بەڵام ساڵی ٢٠١٠ دەستم بە نووسین کردەوە و بەشداری چەند کۆڕێکی تایبەتم کردووە.

پەیامی شیعرەکانت چییە؟
لە شیعرەکانمدا زیاتر مەبەستم لە وشەیەکە، ئەویش هەمیشە دەڵێن ئافرەت سەربەستە، بەڵام لە ڕاستیدا هەرگیز ئافرەت ئەو سەربەستیەی نیە و هەمیشە سێبەری پیاوێک بەسەریەوەیە و هەر کە ویستی ناوبانگ لەبوارێکدا پەیدا بکات و پێش بکەوێت، چەندین سانسۆڕ دەخەنە سەر ژیان و ئازادیی ئافرەت.

عەشقی پاک لە شیعرەکانت بەدی دەکرێت؟
لە شیعرەکانمدا زیاتر تیشکم خستۆتە سەر عەشقێکی پاک و بێگەرد، هەمیشە ئەم عەشقە پاکەم لە ناو شیعرەکانمدا ئاماژەت پێ کردووە، بەڵام لە ڕۆژگارێکی پڕ جەنجاڵی و فریوداندا ئەم عەشقە پاکە بێ بایەخ ماوەتەوە.

بە شیعرەکانت بەرگری لە ئازادیی تاک دەکەیت؟
وەکو مرۆڤ و ئافرەتێکیش ئازادم لە جلوبەرگ و چوونەدەرەوەم، بەڵام بۆ بایەخدان بە هۆنراوەکانم و ئەم هەڵوێستەیە کە هەمیشە نەخێرێک هەیە، کە ئەمە ئازادیی منە و پڕ بە دەنگی خۆم ناهێڵن ئەم وشە پەنگخواردووەی ناخم ئازاد بکەم.

© 2017 Hawler