ئازار 31, 2020

شەوێکیان وردیلە باڵە چکۆڵەکانی ڕاوەشاند و گوتی: "سبەی دەمەوێت فێری فڕین بم."
هەڵۆی باوکیش گوتی: "جارێ زووە کچەکەم. چەند ڕۆژی دیکە چاوەڕێ بکە!"
هەڵۆی دایکیش گوتی: "دەبێت لە براکانتەوە فێر بیت. تەماشایان بکە چەندە بێدەنگ دانیشتوون و دەنگیان لێوە دەرنایێت!"
وردیلە وەڵامی نەدایەوە و چووە بنەبانی هێلانەکە بۆ لای براکانی تا بخەوێت. کەمێک دواتر باوکە هەڵۆ گوتی: "هێندە پسکەپسک مەکەن منداڵینە، با کەمێک بخەوین."
بەیانی ڕۆژی دوایی، سێ براکەی وردیلە گوتیان: "دەمانەوێت فێری فڕین ببین".
باوکیان بە سەرسووڕمانەوە سەیرێکی کردن و گوتی: "بەو خێراییە!؟ بەڕاستی؟ کەواتە وەرن منداڵینە".
وردیلە لە گۆشەی هێلانەکەدا دانیشتبوو. دایکی بانگی کرد و گوتی: "تۆش وەرە کچە وردیلەکەم".
ئەو ڕۆژە هەڵۆ بچکۆلەکان ڕاهێنانی فڕینیان کرد.
شەوی دواتر وردیلە گوتی: "من لە فڕین و دوورکەوتنەوە لە هێلانەکەمان ماندوو بوومە. دەمەوێت سبەی بچمە سەر لووتکە چیا و یاری بکەم".
باوکی سەرێکی لەقاند و گوتی: "نا، نا! مەترسیدارە. تازە فێری فڕین بوویە، دەبێت کەمێک ئارام بگریت."
دایکیشی گوتی: "لە براکانتەوە فێر بە. بزانە هەر لێرە دەفڕن و دەنگیشیان لێوە دەرنایێت."
وردیلە وەڵامی نەدایەوە و چووە بنەبانێی هێلانەکە لای براکانی تا بخەوێت. کەمێک دواتر باوکی گوتی: "هێندە پسکەپسک مەکەن منداڵینە، با بخەوین!".
بەیانی ڕۆژی دوایی، سێ براکەی وردیلە گوتیان: "ئێمە ئەمڕۆ دەمانەوێت بچینە سەر لووتکە چیا و یاری بکەین".
باوکی بە سەرسووڕمانەوە پرسی: "بەو خێراییە ماندوو بوون؟ باشە، بچن، بەڵام زۆر ئاگاتان لە خۆتان بێت!"
دایکی بە وردیلەی گوت: "باشە کچەکەم تۆش بچۆ لەگەڵیان."
هەڵۆ بچکۆلەکان چوونە سەر لووتکە چیا و ئەمبەر و ئەوبەریان کرد و فڕین و یارییان کرد.
شەوی دواتر وردیلە گوتی: "دەمەوێت سبەی بچمە سەر دارستانەکە و سەیری دارەکان بکەم."
باوک و دایکی سەیرێکی یەکتریان کرد و بە میهرەبانییەوە پێکەنین.
دایکە هەڵۆ، براکانی وردیلەی بانگ کرد و گوتی: "سبەی هەموومان پێکەوە بەسەر دارستانەکەدا دەفڕین".
باوکە هەڵۆ سەرێکی لەقاند و گوتی: "ئیتر نابێت بە تەنیایی بچنە ئەوێ!"
وردیلە بە دڵێکی خۆش و شادەوە خەوت و ئەو شەوە کەس پسکە پسکی نەکرد!

© 2017 Hawler