شوبات 23, 2020

کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە بارەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو

شیفان شێرزاد_هەولێر

 


وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانكۆی جیهان و زانكۆی سەڵاحەددین بە ھاوکاری ژمارەیەك زانكۆی وڵاتانی عەرەبی، لە هەرێمی كوردستان توێژینەوەیەكی زانستیان لەبارەی دادپەروەری كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  لە زانکۆی جیھان سازکرد.

لە کۆنفرانەسەکەدا ھەریەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو ژمارەیەك زانكۆ لە هەرێمی كوردستان و زانكۆكانی وڵاتانی عێراق، ئوردن، کەنەدا، فەلەستین، یەمەن، جەزائیر، مەغریب، سوریا، ئەفغانستان، بەحرەین و تورکیا تێیدا بەشداربوون و گفتوگۆی چڕ لە بارەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و وەرگرتنەوەی ماف خواراوانی کوردستان کرا. 

نەوزاد یەحیا باجگر، ئەمینداری گشتی زانكۆی جیهان لەبارەی ئامانجی كۆنفڕاسەكە بە "ھەولێر"ـی ڕاگەیاند: ئامانج لەم كۆنفڕانسە بۆ ئەوەیە بەهاوبەشی لەگەڵ زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی و توركیاو كەنەدا پڕۆژەیەكی زانستی لەسەر دادپەروەری كۆمەڵایەتی لە ڕووی زانستی و مافی مرۆڤەوە جێبەجێ بكرێت.  

گوتیشی: "ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ گرنگە، چونكە ژمارەیەك زانكۆی گەورەو بەناوبانگ لەو وڵاتانە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان دەیانەوێ لە بواری ئەكادیمی لێكۆڵینەوە لە رەوتی مافی مرۆڤ و دادپەروەری كۆمەڵایەتی بكەن و بۆ ئەمەیش هەرێمی كوردستان وەك بەشێكی گرنگ لەم توێژینەوانە بەشدار دەبێت".

 

دواترین دەستکاریکردن لەسەر پێنج شەممە, 13 شوبات 2020 09:12
© 2017 Hawler